10:19 - 01/12/2020
بەشێك لەیەكێتی نیگەرانن لە كارەكانی سەرۆكی پەرلەمان و بیر لەگۆڕینی دەكرێتەوە
رۆژی 18ی مانگی رابردوو, 32 پەرلەمانتار لە نوسراوێكێدا داوای دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمانیان كرد لەسەر پرسی رێككەوتنی 50 ساڵی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ بڕیارێكی لەوبارەوە نەدا و وەك بەشێك لە پەرلەمانتاران دەڵێن، سەرۆكی پەرلەمان رۆڵێكی خراپی گێراوە لە لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حكومەت، ئەم بۆچوونەش لەناو یەكێتی رەنگیداوەتەوە و كارەكانی سەرۆكی پەرلەمان ئەو حیزبەی كردووە بە دوو بەشەوە.
دیاریكردنی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە، لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2018 بە ململانێیەكی توندی باڵەكاندا تێپەڕ بوو، تا دواجار لە نێوان رێواس فایەق و بێگەرد تاڵەبانی، یەكێتی رێواس فایەقی كردە كاندیدی بوون بە سەرۆكی پەرلەمان و لە 11ی حوزەیرانی 2019 بە دەنگی 72 پەرلەمانتار ئەو پۆستەی وەرگرت، كە بووە یەكەمین ژن لە مێژووی حكومڕانی هەرێمی كوردستان ببێـتە سەرۆكی پەرلەمان.
رێواس لەنێوان حیزبەكەیی و لایەنەكانی ناو پەرلەمانیش، لە ژێر فشارێكی زۆردا بووە، لەدوای 5 مانگ لە كۆنەبوونەوەی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنی دوای كەرەنتینە كە بەهۆی دۆخی كۆرۆناوە راگەیاندرابوو، نوقتەی نیزامی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵگرت و بەروونی رایگەیاند، بەهۆی دۆخی نەخوازراوی سیاسییەوە دەستی بەستراوە ، كە بەڕای چاودێران بەشێكی زۆری دەستوپێ بەستنی سەرۆكی پەرلەمان كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی بووە.
رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان یەكێتی دەكات بە دووبەشەوە
كارەكانی ماوەی رابردووی، ریواس فایەق كە بە نزیكییەتی لە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەژماردەكرێت، جێگەی رەزامەندی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی نەبووە، هەرچەندە چەندینجار لەسەر ئەم پرسە تاوتوێی كارەكانی كراوە و هۆشداری پێدراوە، بەڵام بۆچوونەكانی سەرۆكی پەرلەمان نەگۆڕاوە.
كێشەی بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان لەسەر رۆڵی لاوازی پەرلەمانە لەچاودێریكردنی بەسەر كارەكانی حكومەتەوە، ئەو باڵەی یەكێتی كە بەجۆرێك سیاسەت دەكەن، دژی كارەكانی حكومەت و پلانەكانن، بۆئەمەش دەیانەوێت لەرێی سەرۆكی پەرلەمانەوە فشاری زیاتر بخەنە سەر حكومەت، بەڵام بەشێكی دیكەی یەكێتی لەگەڵ ئەوەن سەرۆكی پەرلەمان وەك سورەی بەرلەشكر خۆی نمایش نەكات و رێگری بكات لەهەر فشارێكی سیاسی كە لەرێی سەرۆكی پەرلەمانەوە بكرێتە سەر حكومەت كە یەكێـتی خۆی بەشدارە لە كابینەكە.
سەرۆكی پەرلەمان و بيرى گۆڕینی
دوای تێپەڕبوونی یاسای قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەران و دروستبوونی دۆخێكی سیاسی نوێ لە هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا كۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغدا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكە لە 14 مانگی رابردوو كە بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی ئەنجامدرا، داوای كرد كۆبوونەوەكە دوابخرێت و كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە بە تەنها ئەنجامدرا.
ئەوەی بووە هۆی رونتركردنەوەی كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان، بەشداریكردنی ئەوبوو وەك سەرۆكی پەرلەمان لە كۆبونەوەكە هەرچەندە حیزبەكەی بە فەرمی داوای دواخستنی كۆبوونەوەكانی كرد، ئەگەرچی قوباد تاڵەبانیش وەك حكومەت لە كۆبوونەوەكە بەشداربوو، بەڵام گۆزەكە لەسەری رێواس فایەقدا شكێنرا و كێشەكانی یەكێتی لەسەر ئەو زیاتر دەركەوتن.
پرسی موچە و رێككەوتنی 50 ساڵی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان لەسەر نەوت و دانیشتنی تایبەتی پەرلەمان لەسەر یاسای قەرز، ئەو سێ باسەبوون كە رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان و كارەكانی. یەكێتی زیاتر دابەشكرد.
بۆچوونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر پرسی رێككەوتنی 50 ساڵی ئەوەیە كە ئاگاداری ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە نییە، بۆیە بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی ئیمزا یان پاڵپشتی داواكە بوون بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی تایبەت سەبارەت بەو رێككەوتنە.
بۆیە جگە لە یاسای قەرز، ئەو داوای 32 پەرلەمانتارەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی رێككەوتنی 50 ساڵی بخرێتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە بووە هۆی ئەوەی دابەشبوونەكەی یەكێـتی لەسەر بۆچوونەكانی رێواس فایەق توندتر و زیاتر ببێ.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، باڵی ناڕازی لە كارەكانی سەرۆكی پەرلەمان، لەسەر جێبەجێ نەكردنی داوای 32 پەرلەمانتارەكە پرسیاریان لە رێواس فایەق كردووە و فشاریان خستوەتەسەر بۆ ئەنجامدانی ئەو دانیشتنە، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێواس ئامادەی ئەوە نەبووە، دانیشتنێكی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە گرێ بدات، هۆشداری توندی پێدراوە و تا كار گەیشتوەتە سەر ئەوەی بیر لە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان بكرێتەوە. وەك نوسەرێكی دیاری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لە توتێكدا نوسیبوی" یان خۆت بگۆرە یان دەتگۆڕن، بۆیە توڕە مەبە و پەلە بكە خۆت بگۆڕە باشترە لەوەی بتگۆڕن".
رووداوەكانی 30ی 11ی پەرلەمانی كوردستانیش، هێندەی تر یەكێتی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد، سەرۆكی پەرلەمان كە ئامادەنەبوو تیمی حكومەت بۆ لێپرسینەوە لەسەر موچە و كێشە داراییەكان بانگهێشت بكات، هاوشانی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و گۆڕان، بەشێك لە پەرلەمانتارانی یەكێتی دژی كارەكانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، جوڵانەوە و فشاریان دروستكرد بۆ بانگهێشتكردنی حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی كارتی هێنانی قوباد تاڵەبانی وەك سەرۆكی وەفدی دانوستانكار بۆ بەردەم پەرلەمان جوڵاند، سەرۆكی پەرلەمان جارێكی تر توشی فشارەكانی ناو حیزبەكەی بووە كە بەسەر دوو ئارٍاستەدا دابەشبوون.
بەڵام گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان نزیكە لە مەحاڵ، چونكە جگە لەوەی خواستی بەشێكی پەرلەمانتارانی یەكێتی هاوڕای خواستی ئەو هەوڵە نین، كۆكردنەوەی دەنگی تەواو بۆ گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمانیش لەناو پەرلەمان قورسە.
بە پێی زانیارییەكانی پەیسەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەروەها قسەكردن لەسەر هەموو پرسەكان و رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان لەسەر كێشەكانی موچە و چاودێریكردنی پەرلەمان بەسەر حكومەتەوە، بڕیار وایە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ رێواس فایەق كۆببێتەوە و هەموو كێشەكانی ناو حیزبەكەیی و رۆڵی پەرلەمان و بۆچوونی پەرلەمانتارانی یەكێتیش تاوتوێ بكرێت.