ڕاپۆرتی کوردستانی

02:29 - 01/12/2020

حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها دەتوانێت نیوەی مووچە دابەشبكات‌

پەیسەر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیار لە وادە و رێژەی لێبڕینی مووچە دەدات، بەپێی زانیارییەكانیش لە ئەگەری نەگەیشتنی بەشەمووچەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، ئەوا حكومەتی هەرێم لە نیوەی مووچە زیاتر ناتوانێت دابەشبكات.

دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە كۆبوونەوەی سبەینێ‌ "چوارشەممە"ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، بڕیار لەبارەی وادەی دەسستپێكردنی دابەشكردنی مووچە دەدرێت.
بەپێی زانیارییەكان حكومەت پلانی هەیە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی مووچە بكات، بەڵام هێشتا روون نییە كە رێژەی لێبڕین چەند دەبێت، چونكە تا هەنوكە حكومەتی هەرێم دڵنیا نییە كە حكومەتی ناوەندی بەشەمووچە رەوانە دەكات، ئەگەر بەغداد 320 ملیار دینارەكە رەوانە بكات ئەوا رێژەی لێبڕین هاوشێوەی مووچەكانی رابردوو 18% دەبێت، بەڵام ئەگەر بەغداد ئەو بڕەپارەیە رەوانە نەكات، ئەوا حكومەتی هەرێم تەنها دەتوانێت نیوەی مووچە دابین بكات بەو داهاتانەی ئێستا لەبەردەستیدایە.

بەرچاوروونی نییە
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا بەرچاوی روون نییە لە بڕی لێبڕینی مووچە، هاوكات لە وادەی دابەشكردنەكەشی بە هەمان شێوە بەرچاوڕوون نییە و هێشتا تەنها ئاماژەیەك هەبێت ئەوەیە كە هەفتەی داهاتوو پرۆسەكە دەستپێدەكات بەڵام دوو شت بە ناروونی ماونەتەوە، یەكێكیان ئەوەیە چ رۆژێكی هەفتە پرۆسەی دابەشكردن دەستپێدەكات و یەكێكی دیكەشیان ئەوەیە كە مووچەی هەموو وەزارەتەكان بە چەند رۆژ دابەش دەكرێت واتا حكومەت تا هەنوكە نە بەرواری دەستپێكردن و نە بەرواری كۆتایهاتنی دابەشكردنی مووچەی لانییە.

كۆتا مووچە
لە ئێستادا لە مووچەی ساڵی 2020 حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنها مووچەی مانگەكانی 1+2+3+9ی دابەشكردووە و بەر لە دابەشكردنی مووچەی مانگی 9 بڕیاردرا كە مووچەی مانگەكانی 4+5+6+7+8 رابگیرێت، واتا حكومەتی هەرێم تەنها 4 مووچەی ئەمساڵی دابەشكردووە، بۆ ئەمەش دوو مانگیان پشتی بە هاوكاری مانگانەی عێراق بەستووە كە بڕەكەی 320 ملیار دینار بووە ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێككەوتنێكی تەلەفۆنی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە ئێستاشدا كە بەغداد خۆی لە قەیراندایە بەدوور نازانرێت كە نەتوانێت بەردەوام بێت لە رەوانەكردنی پشكی هەرێمی كوردستان و ئەگەر بەردەوامیش بێت ئەوا بەپێی رێككەوتنە تەلەفۆنییەكەی هەردوو سەرۆك وەزیران تەنها یەك پشكی دیكە رەوانە دەكات و پێویستە لەگەڵ بودجەی ساڵی 2021دا هەولێر و بەغداد لەسەر میكانیزمی دیكە رێكبكەون.