ڕاپۆرتی کوردستانی

01:22 - 30/11/2020

پەرلەمانی كوردستان كێشە و ئاڵۆزی و مێزكوتانی تێكەوت‌

پەیسەر

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كێشە و ئالۆزی تێكەوت، بەشێك لە پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتی حكومەت دەكەن و بەشێكیشیان دەڵێن پەرلەمان خۆی ناكات بە خاوەنی پرسی دواكەوتنی مووچە و ئێستا پەرلەمان لە دۆڵێك و خەڵكیش كەوتووەتە دۆڵێكی تر.

چی روویدا؟
ئەمرۆ دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەی ئاسایی هەبوو، بەپێی كارنامەی كۆبوونەوەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پێشنیازەیاسای پەروەردە ‌و خوێندن و پێشنیازەیاسای هەمواری یەكەمی زانكۆ تایبەتەكان دەكرێت، لە تەوەری دووەمیشدا خوێندنەوە و گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی و لیژنەی رۆشنبیری دەركێت لەبارەی دیاردەی كۆچی گەنجان، بەڵام دانیشتنەكە بەهۆی كێشە و ئاڵۆزی و داوای پەرلەمانتاران بۆ دەستكاریكردنی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە هەڵگیرا.
پەرلەمانتاران داوادەكەن كە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی تایبەت بە دابەشنەكردنی مووچە ئەنجام بدات، ئەگەرچی بەر لە دانیشتنەكە لە كۆبوونەوەی سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بڕیاردرا كە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی تایبەت بە مووچە ئەنجام بدات، بەڵام پەرلەمانتاران داوایان دەكرد دانیشتنەكەی ئەمرۆ بكرێت بە پرسی مووچە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتار وتی: تا ئەم ساتە هیچ بەروارێك دەستنیشان كراوە بۆ دابەشكردنی مووچە، هۆكاری دواكەوتنی مووچە تەنها بەشێكی پەیوەندی بە ناكۆكی هەولێر و بەغداد هەیە، بەشێكی پەیوەندی بەو قاچاخچێتییە مونەزەمەوە هەیە كە موئەسەساتی دەوڵەتی لەپشتە كە حەجمی مانگانەی 170 ملیار دینارە.
وتیشی: ئێمە دەمانەوێت بەرپرسانی حكومەت بێنە بەردەم ئەم پەرلەمانە، تا پێیان بڵێین لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئێوە و بە هێزە ئەمنییەكانی ئێوەوە لە خاڵە سنورییەكان قاچاخی دەكرێت.
مەعقولە بە دوومانگ حكومەت 400 ملیار دیناری نەبێت بە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكانەوە بەڵام لە ساڵێكدا 500 ملیۆن دۆلار براوەتە دوبەی لە پارەی قاچاخی.

پەرلەمان لە دۆڵێك و خەڵك لە دۆڵێك
هەر لە سەروبەندی كێشە و ئاڵۆزییەكانی پەرلەماندا، دابان محەمەد، یەكێكی دیكە لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لەرێگەی گرتەیەكی ڤیدیۆییەوە لەناو تەلاری پەرلەماندا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە ئاماژەی بەوەدا كە پەرلەمانی كوردستان كەوتووەتە دۆڵێك و خەڵكیش لە دۆڵێكی تر.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: ئەوەی كە روودەدات بەشی زۆری تەقسیری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانە، ئێستا خەڵك لە دۆڵێكدایە و پەرلەمان لە دۆڵێكی تردایە، عەقڵیەتی ئیدارەدانی پەرلەمانی كوردستان هاوتەریب نییە لەگەڵ ئەو كێشە و گرفتانەی كە خەڵكی گیرۆدە كردووە.

بانگهێشتی حكومەت
هاوكات لەگەڵ گرژییەكانی پەرلەماندا، بەشێك لە پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتكردنی حكومەت دەكەن.
زیاد جەبار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وتی: ئێمە پێشوازی لە بڕیاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە دانیشتنی تایبەت بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی دارایی و دواخستنی پێدانی مووچەی فەرمانبەران ساز بكرێت .
وتیشی:  پشتیوانی لە ئامادەبوونی بەرپرسان دەكەین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنی ڕۆژی چوارشەممەی پەرلەماندا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی دارایی و پێشكەشكردنی پێشنیار و چارەسەری بەردەست بۆ چارەسەركردنی كێشەی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران.

گرژییەكانی پەرلەمانی كوردستان لەكاتێكدایە كە دابەشنەكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان لە دوو مانگ نزیك دەبێتەوە و تا هەنوكەش حكومەت هیچ وادەیەكی دیاریكراوی بۆ دابەشكردنی دەستنیشان نەكردووە تەنها هێندە نەبێت كە وتەبێژی حكومەت وتی بەمنزیكانە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكرێت.