ڕاپۆرتی کوردستانی

12:47 - 30/11/2020

پەرلەمان لەبارەی مووچە كۆدەبێتەوە و حكومەتیش نازانێت كەی دابەشدەكرێت‌

پەیسەر

دابەشنەكردنی مووچە لە هەرێمی كوردستان لە دوو مانگ نزیك دەببێتەوە، تا هەنوكە هیچ ئاسۆیەك بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغداد بەدیناكرێت و نازانرێت ئایا عێراق بەشەمووچەی هەرێم دەنێرێت یان نا.
حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت بەغداد پارە بنێرێت و نەینێرێت بەمنزیكانە دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات بەبێ‌ ئەوەی بەروارەكەی دەستنیشان بكات و ئاماژە بەوەشبدرێت كە ئەگەر بەبێ‌ پارەی بەغداد مووچە دابەشبكرێت رێژەی لێبڕینی مووچە چەند دەبێت.


حكومەت: بەمزوانە مووچە دەدەین
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گەشبینن لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا 320 ملیار دینارەكە بنێرێت بۆ مووچە. دەشڵێت، ئەگەر پارەكە نەنێرن، بژارەی دیكەیان هەیە.
 جووتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی میدیایدا دەڵێت: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدات بۆ دابەشكردنی مووچە. گەشبینین كە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەغدا 320 ملیار دینارەكە بنێرێت.
وتەبێژی حكومەت وتیشی: ئەگەر 320 ملیار دینارەكە نەهات بۆ دابەشكردنی مووچە، ئێمە بژاردەی خۆمان دەبێت. بەپێی رێككەوتن دەبێت لە عێراقەوە مووچەی چوار مانگی دیكەمان بۆ رەوانە بكرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لە كۆبوونەوەی 12/11/2020ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لایەنە شیعە و سووننەكان بێ كورد پرۆژەیاسای كورتهێنانی دارایی 2020یان پەسەندكرد، كە بە یاسای قەرز ناسراوە و ناردنی پارەش لەو قەرزە بۆ هەرێمی كوردستان مەرجدار كراوە بە رادەستكردنی بڕێك نەوت كە كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دیاری بكات.

پەرلەمان لەبارەی مووچە كۆدەبێتەوە
ئەگەرچی پێشتر چەندجارێك پەرلەمانتاران داوایان كردووە كە پەرلەمانی كوردستان بەتایبەت لەبارەی پرسی مووچە كۆببێتەوە، بەڵام تا هەنوكە هیچ كۆبوونەوەیەك لەوبارەیەوە نەكراو و بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس لە كۆبوونەوەی ئەمرۆی سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا بڕیاردراوە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەت لەبارەی پرسی مووچە ئەنجام بدات.

لایەنە سیاسییەكان: وەفد رەوانەی بەغداد بكرێت
یەكێكی دیكە لەو داواكارییانەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستاندا بەدیدەكرێت، داواكاری رەوانەكردنی وەفدی حكومەتە بۆ بەغداد بە مەبەستی رێككەوتن و چارەسەری پرسی مووچە.
دوێنێ‌ یەكشەممە، بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئاستێكی باڵادا كۆبوونەوە و بەپێی بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەكەشیان هەردولا داوایان كردووە كە هەرچی زوترە وەفدێكی خاوەن بڕیار لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەغداد بكرێت.

لیژنەی دارایی: كات درەنگە
یەكێك لەو رەخنانەی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگیرێت ئەوەیە كە خەمساردە بەرامبەر ناردنی شاند بۆ بەغداد و چەند هەفتەیەكە یاسای قەرز تێپەڕیوە لە عێراق بەڵام هێشتا كورد سەردانی بەغدادی نەكردووە.
زیاد جەبار، سەرۆكی‌ لیژنەی دارایی و ئابوری لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: ئێمە چاوەڕێی ئەوە بوین حكومەتی هەرێم ٢٤ كاتژمێر دوای دەرچوونی یاسای قەرزەكان لە پەرلەمانی عێراق شاند ڕەوانەی‌ بەغدا بكات، بەڵام تا ئێستا حكومەتی‌ هەرێم شاندەكەی‌ نەناردووەتە بەغدا.
ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەوەی‌ لە حكومەت‌ دەیبیستن ئەوەیە چاوەڕوانی‌ پارەكەی‌ بەغدا دەكات، بۆ دابەشكردنی‌ موچە.

بە مووچەخۆركردنی كۆمەڵگا
لە ئێستادا یەكێك لەو رەخنانەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگیرێت، بەمووچەخۆركردنی كۆمەڵگایە، یاخود بە واتایەكی دیكە دامەزراندنی بێبەرنامەی كارمەند و مووچەخۆرە لە كەرتی گشتیدا لەساڵانی رابردوودا بە مەبەستی ململانێی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا كە سەرەنجام بە هەڵاوسان لە ژمارەی مووچەخۆری حكومەت لە هەرێمەكە كۆتایی هاتووە.

بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن.

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.