ڕاپۆرتی کوردستانی

04:25 - 29/11/2020

ناوەرۆكی كۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆبوونەوە و كۆبوونەوەكەش سەرەتای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی سیاسییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لەچوارچێوەی سیستمی لامەركەزیدا وەك ئەوەی كە لە كارنامەی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە.

چی روویدا؟
ئەمرۆ یەكشەممە رێكخەری گشتی و وەفدێكی خانەی راپەراندن و جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر داوای یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ هاوسەرۆكان و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە كۆبوونەوە و بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكە چەند تەوەرێكی لەخۆی گرتووە و تەركیزی زۆر كراوەتەوە سەر رەوشی دارایی و چۆنێتی چارەسەری قەیرانی مووچە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، لە كۆبوونەوەكەدا هەردولایان هاوڕابوون كە زەرورەتی ئەم قۆناغی باشكردنی گوزەرانی خەڵك و هەوڵدانە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچە.

چی وتر؟
دوابەدوای كۆبوونەوەكە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و چەند خاڵێكی لەخۆی گرتووە وەك:-
١ . بەپەلە وەفدێكی خاوەن بڕیاری حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و بچێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی ریشەیی و كۆتایی كێشەی بودجەو موچەی هەرێمی كوردستان ، لەهەمانكاتدا ئەم هەنگاوە ببێتە بناغەیەكی پتەو بۆ یاسای بودجەی ٢٠٢١ فیدڕاڵی 
2. پێشوازی لەهەنگاوەكانی بەرەوپێشچوونی سیستمی لامەركەزی كارگێڕی و دارایی دەكەین ، هەروەك لەكارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا هاتووە 
3. زەمینەخۆشكردن بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی  هەرێم و عێراق دەبێتەوە.


چی دەگوزەرێت؟
جیاواز لەوەی لە راگەیەندراوی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتیدا هاتووە لەبارەی زەمینەخۆشكردن بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی لایەنەكان، هاوكات پەیسەرپرێس زانیویەتی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ گۆڕان كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەش دەكات بەتایبەت كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەروەك ئامادەكاری دەكرێت بۆ كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لە ئایندەیەكی نزیكدا بەتایبەت لەنێوان هێزەكانی پێكهێنەری كابینەی حكومەت.

بە نیشتمانیكردنی پەیوەندییەكان
ئەگەرچی لە راگەیەندراوی هاوبەشی نێوانیاندا ئاماژەیان بە رەوانەكردنی وەفدێكی خاوەن بڕیاركردووە بۆ بەغداد، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆبوونەوەكەدا داوای كردووە كە ئەم وەفدە و هەر وەفدێكی دیكە رەوانەی بەغداد بكرێت وەفدی رەسمی و نیشتمانی بێت نەك حیزبی و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداد لەچوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانیدا رێكبخرێن نەك بەرژەوەندی حیزبی و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش پێشوازی لەو داوایە كردووە.