ڕاپۆرتی کوردستانی

12:43 - 29/11/2020

ئەگەر بودجە دوابكەوێت ساڵی داهاتوو دواكەوتنی مووچە بەردەوام دەبێت‌

پەیسەر

هێشتا حكومەتی عێراق پرۆژە بودجەی ساڵی 2021ی رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران نەكردووە، لەكاتێكدا بەپێی یاسا پێویستبوو لە مانگی 10دا پرۆژەكە رەوانە بكرێت، پەرلەمانیش پێیوایە كە دوای گەیشتنی پرۆژەكە زیاتر لە 1 مانگ كاتی پێویستە بۆ تاوتوێكردن و پێداچوونەوە و بڕیاردان و پەسەندكردنی، هەربۆیە پێشبینییەكان وان كە لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو جارێكی دیكە حكومەتی عێراق دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی دوابخات چونكە هیچ یاسایەكی دارایی تا ئەوكاتە لەبەردەستدا نابێت و یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایش رۆژی 31/12/2020 بەسەردەچێت.

دواكەوتنی مووچە
ئەگەرچی عێراق قەیرانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بۆ یەكەمجار چەند مانگێك دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و مووچەخۆران دواكەوت، بەتایبەت مانگەكانی 9 + 10، حكومەتی عێراقیش هۆكارەكەی بۆ نەبوونی پارە دەگەڕاندەوە كە بە وتەی خۆیان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تووشی كورتهێنانی دارایی بوون.
بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە مانگی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەكی پەسەندكرد بەناوی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی عێراق و ئامانجی یاساكە وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بوو بە ئامانجی پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە كە وەك لە یاساكەدا هاتووە حكومەت بۆ 3 مانگی كۆتایی ئەمساڵ واتا تا رۆژی 31/12/2020 پشت بە قەرزكردن دەبەستێت بۆ دابینكردنی مووچە و پڕكردنەوەی كورتهێنان، بەڵام دوای ئەو بەروارە یاسای قەرز كاری پێناكرێت و پێویستە بە یاسای بودجە حكومەت خەرجییەكانی دابین بكات.
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: حكومەت چەندینجار بەڵێنی بە ئەنجومەنی نوێنەران داوە، كە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 بنێرێت"

ئاماژە بەوەشدەكات كە حكومەت لە ئەگەری دواكەوتنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی، بەرپرسیارێتی هەموو دەرئەنجامەكانی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری كۆمەڵایەتی دەكەوێتە ئەستۆی.


بوجەی 2021 و ڕۆڵی پەرلەمان
ئەگەرچی هێشتا پرۆژەی بودجە نادیارە و تەنها زانیاری لەبارەی ئەوەیە كە وەزارەتی پلاندانان رەشنوسی پرۆژەكەی ئامادەكردووە و چاوەڕوانە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندی بكات و دواتر رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە لەو پرۆژەیەشدا دارایی دەوڵەت كورتهێنانی هەیە و كورتهێنانەكەشی لە دەوروبەری 30 ترلیۆن دیناردایە.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند خاڵێك لەبارەی بودجە و كورتهێنان و رۆڵی پەرلەمان و ئەگەری دواكەوتنی یاساكە دەخاتەروو.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت:
۱ -  تا ئێستا پرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۲۱ نەگەشتوەتە پەرلەمان بۆ بەیاسایی كردنی و بڕیار وایە لە دوو هەفتەی ئایندەدا بگات .
2-  بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی حكومەت، دەبێت لە ناوەڕاستی مانگی (۱٠) دا ئەو پرۆژە یاسایە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، ئەوەش بەكەمتەرخەمی حكومەت دادەنرێت .
3-  لیژنەی دارایی پێدەچێت یاسای تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان  رەتبكاتەوە بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر حكومەت بۆ ئەوەی لەیاسای بوجەی ۲٠۲۱ دابنرێت ئەوەش بە مەستی ناردنی بەپەلەی پرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۲۱ .
4- دواكەوتنی پرۆژە یاساكە بۆ مانگی ۱۲ و پێویستی لیژنەی دارایی بە نزیكەی (یەك) مانگ وادەكات پرۆژەكە نەبێتە یاسا لەسەرەتای ساڵی ۲٠۲۱ بۆیە موچەی مانگی یەكەمی عێراق گرفتی بۆ دروست دەبێت هەرچەندە حكومەت ڕاست ناكات لەو بابەتەدا كە پارەی نییە ، گرفتەكە نەبونی یاسایە كە دەكرێت بە یاسای ئیدارەی مالی حەل بكرێت .
5-  زانیارییە سەرەتاییەكان باس لەوە دەكەن پرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۲۱ زیاتر لە (۳٠) ترلیۆن دینار قەرزی تێدایە كە كورتهێنانی پێپڕكراوەتەوە .


هەرچۆنێك بێت ئەوەی ناروونە ئێستا ئەوەیە بودجە چی لەخۆی گرتووە و كەی دەگاتە پەرلەمان و ئایا پەرلەمان پەسەندی دەكات یاخود دووبارە دەینێرێتەوە بۆ حكومەت بۆ دەستكاریكردنی، بەڵام ئەوەی كە روونە هەرچی زیاترە دواكەوتنی یاسای بودجە بە زیانی رەوشی دارایی عێراق بەتایبەت مووچەخۆران كۆتایی دێت و هیچ گرەنتی نییە مووچەی مانگەكانی یەك و دووی ساڵی داهاتوو وەك مووچەی مانگەكانی 9 و 10 دوانەكەوێت.