01:44 - 25/11/2020
كێشەكانی هەولێر و بەغداد دەبرێتە ئەنجومەنی ئاسایش
كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسدەكرێت و ئەمریكاش پێداگری دەكات كە بێلایەن دەبێت و تەنها پشتیوانی چارەسەر دەكات.
هەرێمی كوردستانیش چاوی لەوەیە مووچەیەك یان دوو مووچەی تر لە بەغداد وەربگرێت تا ئەمساڵی پێ بەڕێبكات و لە بودجەی ساڵی داهاتوودا كێشەكانی چارەسەر بكات.
كێشەكە سنوور دەبڕێت
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەی وەرزیی خۆی ئەنجام دەدات كە هەرسێ مانگ جارێك كۆبوونەوەكە ئەنجام دەدرێت و لەم وەرزەی كۆبوونەوەكەشدا جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق بەشداری دەكات و راپۆرتێك لەبارەی رەوشی سیاسی و ئەمنی و مرۆیی عێراق بە گشتی دەخوێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەكان لە بەشێكی راپۆرتەكەدا نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق باس لە كێشەكانی هەولێر و بەغداد دەكات و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە دواین پەرەسەندنەكانی قەیران و چارەسەر لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا ئاگادار دەكات.
پلاسخارت كێشە؟
جینین هینیس پلاسخارت
ساڵی 1973 لەدایكبووە و بە رەگەز هۆڵەندییە
ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بووە
ساڵی 2012 بووەتە وەزیری بەرگری هۆڵەندا
ساڵی 2018 لەلایەن ئەنتۆنیۆ گۆتیس، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستنیشانكراوە وەك نوێنەری تایبەت و سەرۆكی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی)
رێككەوتنەكانی هەولێر و بەغداد
ئەگەرچی تا هەنوكە زیاتر لە 12 لێكتێگەیشتن و تێبینینامە لەلایەن وەفدەكانی هەرێم و عێراق ئاڵوگۆڕكراون، بەڵام تا هەنوكە هیچ رێككەوتنێك لەبارەی پرسی دارایی و چارەسەری كێشەكان واژۆ نەكراون تەنها دوو رێككەوتن نەبێت كە یەكێكیان رێككەوتنی ئەمنی و ئەوی دیكەیان رێككەوتنێك بوو لەبارەی خاڵە سنورییەكان.
ئەوەش لەكاتێكدا پێشتر و لەماوەی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد رۆڵی بەرچاوی دەگێڕا لە نزیكخستنەوەی هەولێر و بەغداد و تەنانەت دەوترا كڵێشەی رێككەوتنەكەش لە باڵیۆزخانەكەدا نوسراوە، بەڵام ئەمجارە ئەمریكا دەیەوێت بێ لایەن مامەڵە بكات.
ماسیۆ تۆڵەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق لە وتەیەكدا لە كۆنفرانسی ساڵانەی ژوری بازرگانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمەریكا نابێتە لایەنگر لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا و نێوەندگیریی ناكات لەنێوانیاندا.
وتیشی، پێیوانییە وڵاتەكەی دەستوەردان بكات لەو پرسەدا، بەڵكو ئەوەی بەلای واشنتۆنەوە گرنگە ئەوەیە هەردوولا بگەن بە رێككەوتن و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.
رێككەوتنەكانی هەولێر و بەغداد چین
یەكەم:- رێككەوتنی شەنگال
لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی كرد و لە بەغدادیشەوە واژۆكردنی رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو حكومەتدا راگەیەندرا كە تایبەت بوو بە ئاسایكردنەوەی رەوشی شەنگال چ ئەمنی و سەربازی، چ كارگێڕی و ئاوەدانكردنەوە، دوای ئەوەی كە بەهۆی هێرشی گروپی تیرۆریستی داعش و دواتریش ئازادكردنەوەی ناوچەكە نیمچە خاپوور بوو.
لە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداد كە وێنەیەكی دەستی پەیسەرپرێس كەوت لەكاتی خۆیدا چەند خاڵێك جێگیركرابوون كە پێكدێن لە:
1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ بۆ قەزاكە.
2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.
3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.
4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.
5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.
6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی دەكەن.
دووەم: رێككەوتنی خاڵە سنورییەكان
یەكێكی دیكە لە دۆسێكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەستنەوەی دەروازەكانی هەرێمە بە دەستەی دەروازەكانی عێراقەوە بۆ ئەوەش ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەماوەی رابردوودا چەند خاڵێكی بڵاوكردەوە كە بەپێی وتەی رەسمی خۆیان ئەو خاڵانە بنەماكانی رێككەوتنی هەولێر و بەغدادن لەبارەی دەروازەكان بەجۆرێك:-
1:- یەكخستنی رێكارەكانی دەروازە سنوورییەكان ئاسمانی، وشكانی و دەریایی؛ دەكرێت گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەكی دەرەكی بكرێت و رێكبكەون لەسەر ژمێرەی گومرگی، ئەوەش دوای جێبەجێكردنی رێككەوتنی هەردوولا. تیمێكی كاری تەكنیكی پێكدەهێندرێت لە فەرمانبەرانی حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە.
2:- یەكخستنی رێكارەكانی گومرگ و دەروازەكان لە هەرێمی كوردستان لەگەڵ تەواوی دەروازەكانی حكومەتی فیدراڵی بە هەر رێگەیەكی كاركردن كە پشتی پێدەبەسترێت لەگەڵ پێناسەی گومرگی یەكگرتوو.
3:- دانانی سیستمێكی ژمێرە لەبارەی داهاتە گومرگییە بەدەستهاتووەكان لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و مامەڵەكردن پێی بەگوێرەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019.
4:- دانانی رێنمایی و رێكارەكان، كە حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان پێوەی پابەندبن بۆ تووندتۆڵكردنی هاتنی كەرەستە و كاڵای هاوردەكراو بەپێی یاسای گومرگی فیدراڵی و یاساكانی دیكە.