ڕاپۆرتی کوردستانی

12:32 - 25/11/2020

لە 12 ساڵدا 3 سەرۆك وەزیران بەڵێنی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەتیان داوە‌

پەیسەر

جارێكی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لە بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەت دەكات، ئەو پرۆسەیەی كە لە ساڵی 2008ەوە تا ئەمرۆ 3 سەرۆك وەزیرانی جیاواز رایانگەیاندووە و تا هەنوكە هیچی لێ‌ سەوز نەبووە.
بە وتەی سەرۆكی ئێستای حكومەت لەماوەی ساڵێكدا مامەڵەی كاغەز نامێنێت، هەر هەمان ئەو گوزارشتانەی كە لە ساڵی 2008 و 2010 و 2016دا سەرۆك وەزیرانەكانی پێشتر ئاماژەیان پێدەدا.


ناسنامەی ئەلكترۆنی
لەمیانی واژۆكردنی گرێبەستێك بۆ بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزارییەكان لەبواری هاتوچۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە، ئەوان وەكو كابینەی نۆیەم كاردەكەن بۆ بەمۆدێرنكردنی خزمەتگوزارییەكان لەگەڵ بونیادنانی ژێرخانی ئەلیكترۆنی.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتیشی:"بەرەو ئەوە دەچین واز لەمامەڵەی كاغەز بهێنین، چونكە زەحمەتە هاوڵاتیان دەیان كاتژمێر كاتی خۆیان لەنۆرەو وەستان‌و چاوەڕوانیكردن بۆ ئەنجامدان‌و ڕاییكردنی مامەڵەكانیان‌و كاروباریان بەسەر ببەن، لەكاتێكدا دەكرێ بەماوەیەكی كەم‌و بەخێرایی بەشێوەیەكی ئۆنلاین مامەڵەی هاوڵاتیان تەواوبكرێت.

بەڵێنی 12 ساڵە
وتەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ كە لە مانگی 11 ساڵی 2020دا بوو نزیك بوو لە وتەكانی سەرۆكی پێشووی حكومەت كە لە هەمان مانگی ساڵی 2008دا كردنی.
لە رۆژی 16ی مانگی 11ی ساڵی 2008، نێچیرەڤان بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی‮ ‬سیستەمی‮ ‬ناسنامەو بانكی‮ ‬زانیاری‮ ‬فەرمانبەرانی‮ ‬حكومەتی‮ ‮ ‬كردەوە.
لە مەراسیمی كردنەوەی پرۆژەكەدا 12 ساڵ لەمەوبەر سەرۆكی حكومەت وتی: ئەم كارە‮ ‬دەسپێكی‮ ‬هەوڵەكانی‮ ‬حكومەتن بۆ هەنگاوی‮ ‬گەورەتر كە سیستەمەكە ببێتە كۆمەڵگەیەكی‮ ‬گرنگی‮ ‬زانیاری‮ و  خزمەتی‮ ‬بەرچاوی‮ ‬بوارە جۆراوجۆرەكانی‮ ‬پلاندانان و بەڕێوەبردن و بوارەكانی‮ ‬دیكە بكات ‮.
‬سەرۆكی‮ ‬حكومەت 12 ساڵ لەمەوبەر داوای‮ ‬لە فەرمانبەران كرد كە هاوكاربن بۆ پەیڕەوكردنی‮ ‬ڕێنماییەكانی‮ ‬فۆڕمی‮ ‬زانیاری‮ ‬و وەرگرتنی‮ ‬ناسنامەكانیان.

خەرجكردنی ملیۆنەها دۆلار
لە ساڵی 2010 و دوای گۆڕانی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات لە نێچیرەڤان بارزانییەوە بۆ بەرهەم ساڵح، جارێكی دیكە بانگەشەی حكومەتی ئەلیكترۆنی كرایەوە و ئەمجارە بۆ دەركردنی ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ فەرمانبەران بڕی 4 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار تێچووەكەی بوو، بەڵام بە هەمان شێوە بەڵێنەكە سنووری زاری نەبڕی و پرۆژەكە ئاكام و ئەنجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتەوە.

بەڵێنی سێیەم

دوای 6 ساڵ لە راگەیاندنی دووەم بەڵێنی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەت، لە مانگی 10ی ساڵی 2016 جارێكی دیكە سەرۆكی حكومەت كە لە بەرهەم ساڵحەوە گۆڕابووەوە دووبارە بە نێچیرەڤان بارزانی باسی لە ناسنامەی ئەلیكترۆنی كرد و پرۆسەی دەرهێنانی ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ فەرمانبەران بە مەبەستی وەرگرتنی مووچە دەستیپێكردەوە.

بەڵێنی چوارەم
ئەوەی ئەمرۆ دوای 4 ساڵ لە بەڵێنی سێیەم و 12 ساڵ لە بەڵێنی یەكەم باسكرایەوە هەمان ئەو قسانەبوون كە پێشتر دەكران بۆ گرنگی پرۆژەی بەئەلیكترۆنیكردنی حكومەت و دەرهێنانی ناسنامەی ئەلیكترۆنی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

حكومەتی ئەلیكترۆنی
بەپێی نوسین و توێژینەوەی شارەزایان، حكومەتی ئەلیكترۆنی شێوە ڕێكخستنێكی كاروباری دەوڵەتە لە ڕێی تەكنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندیەكانەوە كە معاملات و پرۆسەكانی خزمەتگوزاری لە نێوان دەوڵەت لە لایەك و هاوڵاتیان و كۆمپانیا و دامودەزگاكان لە لایەكی ترەوە لەخۆ دەگرێت. یان دەتوانرێت بوترێت كە سیستمی بە ئەلكترۆنی كردنی پرۆسە ئیداریەكانی دەوڵەتە.
حكومەتی ئەلكترۆنی شۆڕشێكە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیستمی ئیداری و خەڵكەوە چونكە پرۆسەكان و پەیكەربەندی دووبارە دادەڕێژرێتەوە كە چەندین لایەن لەخۆ دەگرێت وەك شەفافیەت، بیرۆكەی نوێ، چاكسازی، كەمكردنەوەی خەرجی و تازەگەری.