01:24 - 23/11/2020
هاوردەكردنی ئاژەڵ لە 8 وڵاتەوە بە رەسمی و قاچاخ سامانی ئاژەڵ لە كوردستان دەپوكێنێتەوە
نارەزایی ژمارەیەك كۆمپانیا و بەرزكردنەوەی یاداشتی رەسمی بۆ كشتوكاڵ پەردەی لەسەر قۆرخكارییەك لەبواری هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان هەڵماڵی، لەكاتێكدا كە جگە لە قۆرخكاریی یەكێكی دیكە لە مەترسییەكانی پوكانەوەی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان مەترسی قاچاخچێتی هێنانی ئاژەڵە لە خاڵە سنورییەكانەوە بەدەر لە رێنمایی و بەبێ گومرگ و هەندێك لە زانیارییەكانیش وان كە بەشێك لە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە قاچاخچێتی ئاژەڵی گەورە و بچوكەوە تێوەگلاون.
قۆرخكاریی
بەڕێوەبەر و نوێنەری زیاتر لە 30 كۆمپانیا لەبەردەمی بەرێوبەرایەتی كشتوكاڵی پارێزگای سلێمانیدا گردبوونەوە و یاداشتی نارەزاییان بەرزكردەوە، بە وتەی خۆیان و ناوەرۆكی یاداشتەكەیان هۆكاری گردبوونەوەكەیان ئەوەیە كە غەدریان لێكراوە و لایەنی پەیوەندیدار كە وەزارەتی كشتوكاڵە بەدەر لە رێنمایی و مەرجەكان بواری هاوردەكردنی ئاژەڵی بۆ هەرێمی كوردستان بە 14 كۆمپانیا سپاردووە كە لەلایەن 3 كەسەوە خاوەندارێتی هەموویان دەكرێت.
نوێنەری كۆمپانیا نارازییەكان چەند جارێك تەئكیدیان لە پێشێلكردنی مەرج و رێنماییە یاساییەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵ كردووەتەوە بۆ ئەو كۆمپانیایانە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە.
قاچاخچێتی
تۆمەتباركردنی وەزارەتی كشتوكاڵ بە قۆرخكاریی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ ژمارەیەك كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان هاوكاتە لەگەڵ ئاشكرابوونی دۆسێیەكی پەیوەست بە سامانی ئاژەڵ كە ئەویش دۆسێی هاوردەكردنی قاچاخی ئاژەڵ و مەترسی ئەو قاچاخچێتییەیە لەسەر سامانەكە لە هەرێمی كوردستان.
عەلی حەمەساڵ، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دۆسێی قاچاخچێتی بە ئاژەڵی بیانی و مەترسی لەسەر سامانی ئاژەڵی ناوخۆیی دەڵێت: كێشەی دەسەڵاتدارانی هەرێم تەنها دابین نەكردنی موچەو گەندەڵی نەوت و زەوی نییە، هەرچی پارەی تێدا بێت لای ئەمان حەرام نیە و وا بڕوات بەهۆی قاچاخچێتیەوە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری لە كوردستان بەرەو لە ناوچوون دەچێت.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، هەركەس بچێتە "مەیدانی ئاژەڵان" دەبینێت چۆن بەهۆی مانگاو مەڕو بزنی قاچاخەوە، هەرچی ئاژەڵدارە تووشی زیانبووە و جگە لەو ڕێگا پێدانەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەیكات، ئاژەڵێكی زۆر بەشێوەی قاچاخ لە لایەن بەرپرسانەوە لە ئێران و توركیاو سوریاوە هاوردە دەكرێن.
رێگاكانی قاچاخ
ئەگەرچی چەند بەدواداچوونێك بۆ رێگاكانی قاچاخی هاوردەكردنی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام لە ئێستادا دیاردەیەك لە خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە، ئەویش دیاردەی قاچاخی رێكخراوە و هەندێك زانیاری باس لەوە دەكەن كە لە شارەكاندی نوسینگەی قاچاخچێتی كراونەتەوە و هەر كاڵایەكت بوێ بەبێ گومرگ بەناو خاڵە سنورییەكاندا بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكان و هێزەكانی سنورەوە ئامدیوی هەرێمی كوردستان دەكرێت و لەو نێوەندەشدا ئاژەڵ بە هەمان شێوە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان چەند نمونەیەك دەهێنێتەوە و دەڵێت: ئەم قاچاخیە تەنها مەترسی ئابوری و زیانی ئاژەڵدارەكانی نییە، بەڵكو مەترسی تەندروستیشی هەیە،
مانگا و بزن و مەڕی سوری لای مەرزی وەلیدەوە بۆ سحێلا دەهێندرێت، گەورە بە ١٠٠ هەزارو بچوك بە ٣٥ هەزار دینار.
ئاژەڵی توركی لە ناوچەی خوێرێزكای سەر بە شیروان مەزنی قەزای مێرگەسورەوە ئامدیو دەكرێت و پێشتر بازرگانی جگەرەو سوتەمەنیش هەر لەوێوە دەكرا.
جگە لەوەی بۆ ئاژەڵی گەورە ١٠٠ هەزارو بۆ بچوك ٣٥ هەزار دینار وەردەگیرێت، بەناوی كێشانیش ١٥٠ هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك وەردەگیرێت، دوو شەویش لە خاندا دەیانهێڵنەوەو بۆ هەر شەوێك ١٧ هەزار دینار وەردەگیرێت.
سامانی ئاژەڵ
ئامارەكان نیشاندەری ئەوەن كە ئەگەر هاوردەكردن و قاچاخچێتیش نەبێت، ئەوا هەرێمی كوردستان سامانێكی ئاژەڵی بە پیتی تێدایە و بەپێی داتاكانی لای پەیسەرپرێس، لە هەرێمی كوردستان، 67 بەخێوكەری گۆلك، 77 شوێنی مانگای شیر، 41 شوێنی هەڵهێنەری هێڵكە، لەگەڵ 10 كارگەی ئالیك هەن.
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵیش، لە دوایین سەرژمێری كە لە ساڵی 2015 كراوە، زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووكی خۆماڵی هەبوون. لە پێنج ساڵی رابردوودا 529 هەزار و 932 ئاژەڵی زیندوو بە فەرمی لە وڵاتانی جۆرجیا، رۆمانیا، ئەرمینیا و نزیكەی پێنج وڵاتی دیكەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.
هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 86 هەزار تۆن گۆشتی سوورە، نزیكەی 45%ی پێویستیی گۆشتی سوورە.