12:20 - 22/11/2020
"پەرلەمانی عێراق ناتوانێت مووچەی كوردستان بخاتە سەر بەغداد"
دۆسێی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆسەر حكومەتی ناوەندی عێراق مشتومڕ و بانگەشە و تەخوینی بەدوای خۆیدا هێناوە، زیاتر لە 180 هەزار واژۆی مووچەخۆر و نزیكەی 120 واژۆی پەرلەمانتاران كۆكراونەتەوە تا داواكە بەرگێكی یاسایی بپۆشێت، بەڵام پێدەچێت لەمپەڕی دەستوریی هێزی یاسایی لە سەرجەم ئەو واژۆیانە زیاتر بێت و ئامانجەكە بە ناكامی سەربنێتەوە.
چی روودەدات؟
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە چەند مانگێكە بانگەشەی پرۆژەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ سەر حكومەتی ناوەندی عێراق ئاشكرای دەكات كە داواكەیان هێزی یاسایی وەرگرتووە و چەندین هۆكار بۆ بەرزكردنەوەی داوایەكی لەمشێوەیە باس دەكات.
رێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هۆكارەكانی داوای گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغداد دەڵێت:
1. بەردەوامی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان سەرەڕای بونی چەندین سەرچاوەی داهاتی وەك فرۆشتنی نەوتی هەرێم و گومرك و داهاتی ناوخۆو پارەی بەغداد.
2. گەندەڵی بێشوماری سەرچاوەكانی داهات و تەنانەت ونبونی ئەو پارەیەی كە لە حكومەتی عیراقییەوە دەنێردرێت بۆ هەرێم.
3. دواخستن و لێبڕینی بەردەوامی موچەی فەرمانبەران چەندین ساڵە بەردەوامە.
4. خواستی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی موچەكانیان راستەوخۆ لە حكومەتی عیراقەوە.
لەبەر ئەو هۆكارانەی سەرەوە لە بەرواری (18/6/2020) پرۆژەی (گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بۆ سەر حكومەتی عیراقی فیدراڵ)مان لەڕێی كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییەوە لە سلێمانی راگەیاند.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە كە لە بەرواری (27/10/2020) نوسراوێكیان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كردو خۆشبەختانە (۱۱۷) ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان ئیمزایان لەسەر كردوەو پاڵپشتییەكانیش بەردەوام لە زیادبوندایە.
لەپاڵ ئەمەشدا، توانیمان لەڕێی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی و تیمە تایبەتەكانی خۆیانەوە تا (157422) واژۆی پشتگیری كۆبكەنەوە بەڕێژەی (61.4%) لە پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك و (38.6%) لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە.
پارتی: بانگەشەی هەڵبژاردنە
لە بەرامبەر داوا و هەوڵی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆسەر حكومەتی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لەوەی هێرش و كەمپەینی میدیایی لەدژ دەكات، هاوكات بە جۆرێك لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراقی دەزانێت.
لیزا فەلەكەدین كاكەیی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق خەریكە نزیك دەبێتەوە و هەر بۆیەش تا دێت كێرڤی چەواشەكاری و بانگەشەی ناراستەوخۆ بەرزتر دەبێتەوە، پڕۆژەی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر بەغدا یەكێكە لە بەرنامە زەقەكانی بانگەشەی هەندێك لایەنی سیاسی كوردستانی و عێراقی كەوا جگە لە چەواشەكاری و هەوڵدان بۆ خۆ بەپاڵەوانكردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هیچ واقیعییەتێكی دیكەی تێدا بەدی ناكرێت.
كاكەیی ئاماژەی بەوەشداوە: لەهەموی كارەساتبارتر ئەو پرۆژەیە واژوی پەرلەمانتاری وای تیایە كە بە رەچەڵەك كوردە و پاسپۆرتی ئەمریكی هەیە كەچی بەرژەوەندییەكانی ئەوەنە زاڵبونەتە سەری فەرمان لە ئەنارشیزمەكانی بەغدا وەردەگرێت، بە ڕاستی ئەم جۆرانە ئیتر جێگەی بەزەیین.
"لەرووی دەستورییەوە هەوڵێكی نەزۆكە"
جیاواز لەو بانگەشانەی بۆ پرۆژەكە دەكرێت و بە دوریش لەو هێرشە میدیاییانەی دەكرێنە سەر پرۆژەكە رایەك هەیە پێیوایە كە داوایەكی لەمشێوەیە بۆ گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە بنەڕەتدا دەستوریی نییە.
د. بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: بەندە پشتیوانی هەموو هەوڵێكم بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان،بەڵام من وەك كەسێكی یاسایی پێم وایە ئەم هەوڵە نەزۆكە و سەر ناگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە باس لە سێ هۆكار دەكات كە وادەكەن لەرووی یاساییەوە هەوڵێكی لەوشێوەیە ئەنجامی نەبێت و دەڵێت:
1 - بە پێی ماددەكانی ١١٧ و١٢١ ی دەستور بابەتی مووچە كاری حكومەتی هەرێمە .
2 - ئەم بابەتە لەبەرئەوەی بابەتێكی داراییە پەرلەمان ناتوانێت بە بێ ڕەزامەندی حكومەت بڕیاری لێ بدات واتە دەبێ حكومەت ڕازی بێت بەم هەنگاوە ، ئایا حكومەتی مەركەزی لەم كاتی قەیرانە داراییەدا ڕازی دەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكات بەبێ هیچ موقابلێك لە حكومەتی هەرێمەوە؟ بەبۆچونی سادەی ئێمە حكومەت ئامادەی كارێكی لەو جۆرە نیە چونكە لە لایەك بڕی پارەكە زۆرە ناتوانێت بەبێ تەسلیم كردنی داهاتی هەرێم ئەو خەرجیە لەخۆی بگرێت ، لە لایەكی تریشەوە ئەم هەنگاوە پێچەوانەی ماددەی ٧ ی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی داراییە كە ئەنجامدەرەكەی تووشی سزای یاسایی دەكات .
3 - حكومەتی مەركەزی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەكات لەو بابەتەدا ، وە دڵنیام حكومەتی هەرێم بە هەنگاوێكی لەو جۆرە ڕازی نابێت .
هاوكات حاكم شێخ لەتیف مستەفا كە پسپۆڕی یاساییە بە هەمان شێوە رای وایە كە لەدەرەوەی یاسا ناتوانرێت بڕیاریێكی لەوشێوەیە بدرێت و دەڵێت: دەبێ ئەوە بزانین كە پەرلەمان دەسەلاتی بریاردانی خەرجكردنی پارەی نیەو ناتوانێ هیچ بڕە خەرجییەكی ئیزافی بەدەر لەوەی لە بودجەدا بریاری لەسەردراوە زیاد بكات یان حكومەت ناچار بكات بەو خەرجیە.
بە وتەی حاكم شێخ لەتیف كە جگە لەوەی پسپۆڕی یاساییە، خولی پێشووتریش ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوو، هەرجۆرە خەرجیەكی ئیزافی دەبێ پرۆژەكە لەرێی حوكمەتەوە پێشكەش بكرێ یان بەرەزامەندی حوكمەت بێ ئەگەرنا پابەندی بۆ حكومەت دروستناكات و ئەگەر بە یاساش دەربچێ بێ رەامەندی حكومەت هیچ بەهای نابێ و دەتوانێ پابەند نەبێ پێوەی چونكە لەدەسەلاتی پەرلەماندا نیە.
هەرچۆنێك بێت ئەوەی ناروونە ئێستا ئەوەیە لە ساڵی داهاتوودا مووچە و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان چی بەسەردێت، بەڵام ئەوەی كە روون و ئاشكرایە ئەوەیە ئەگەر گرژییەكان بەردەوام بن و رێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەنێوان هەولێر و بەغداد نەكرێت، ئەوا هەرێمی كوردستان ساڵێكی دیكەی قەیراناوی لەبەردەمیدایە.