ڕاپۆرتی کوردستانی

03:20 - 18/11/2020

دەرهاویشتە دوورمەوداكانی رێككەوتنی شەنگال لەسەر هەرێمی كوردستان‌

پەیسەر

هەولێر و بەغداد جارێكی دیكە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال دەكەنەوە، ئەو رێككەوتنە ئەمنییەی كە دەوترێت زیاتر لە رەهەندێكی هەیە و هەندێكیش پێیانوایە ئەم رێككەوتنە لە دورمەودادا بە زیانی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت.

چی روودەدات؟
شاندێكی ئەمنی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی بەها ئەعرەجی، راوزێژكاری ئاسایشی نیشتمانی سەردانی هەولێری كرد و دوای كۆبوونەوەیان لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوەدا كە ئامانجی سەردان و كۆبوونەوەكە پێداگری و جەختكردنەوە بووە لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی ئاسایكردنەوەی رەوشی شەنگال.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەبەردەمی مایكی كەناڵەكانی راگەیاندندا وتی: كۆبوونەوەكەیان تایبەت بوو بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال و هەموو لایەك كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت رێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیشی كردەوە، هەردوولا لەسەر ئەوە رێكەوتوون، بە هاوبەشی ئیدارەیەك بۆ شنگال دابندرێت و دەبێت تەنیا خەڵكی شنگال ئیدارەی شارەكەیان بدەن.


رێككەوتنی شەنگال
لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدادی كرد و لە بەغدادیشەوە واژۆكردنی رێككەوتنێك لەنێوان هەردوو حكومەتدا راگەیەندرا كە تایبەت بوو بە ئاسایكردنەوەی رەوشی شەنگال چ ئەمنی و سەربازی، چ كارگێڕی و ئاوەدانكردنەوە، دوای ئەوەی كە بەهۆی هێرشی گروپی تیرۆریستی داعش و دواتریش ئازادكردنەوەی ناوچەكە نیمچە خاپوور بوو.
لە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغداد كە وێنەیەكی دەستی پەیسەرپرێس كەوت لەكاتی خۆیدا چەند خاڵێك جێگیركرابوون كە پێكدێن لە:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ بۆ قەزاكە.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی دەكەن.


زیانی دوورمەودا
ئەگەرچی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە رێككەوتنی شەنگال سەرەتایەكی گرنگە بۆ چارەسەری كێشەكانی چ ئەو قەزایە لەلایەك و سەرەتای لێكتێگەیشتنی ئەمنی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەندیشە بۆ چارەسەری كێشە هاوشێوەكان، بەڵام هەندێك بۆچوون وایە كە رێككەوتنی شەنگال زیانی دوورمەودا لە هەرێمی كوردستان دەدات و حكومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی كۆنترۆڵكردنی ئەو ناوچانەوە لەسەر حسابی هەرێمی كوردستان پەرە بە بازرگانی و هەناردەی نەوت بدات بۆ توركیا.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: رێككەوتنی شەنگال مەترسییە لەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان، ئامانجی عێراق ئەوەیە لە داهاتودا لەو ناوچەیە هەم خاڵێكی سنوری هاوشێوەی ئیبراهیم خەلیل بكاتەوە، هەم بۆری نەوت بۆ توركیا بنێرێت، ئەمەش لە داهاتو داهاتی عێراق زیاد دەكات و داهاتی هەرێم كەمدەكاتەوە.

شەنگال
دوای هێرشی گروپی تیرۆریستی داعش بۆ سەر بەشێكی زۆری خاكی سوریا و عێراق، شەنگال بوو بە یەكێك لە گەورەقوربانی ناوچەكانی دەستی ئەو گروپە تیرۆریستییە، چونكە جگە لە جینۆسایدی دانیشتوانەكەی، قەزاكە لەرووی سەرخان و ژێرخانەوە تا رادەیەكی زۆر خاپوركرا و سەدان ژن و كچ و منداڵی ئێزدیش بە كەنیزەك گیران و دەستدرێژییان كرایە سەر و لە بازارەكاندا وەك كۆیلەی سێكسی كڕین و فرۆشتنیان پێوەكرا.
مێژووی شەنگال دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ، بەهۆی ئەوەی پێگەیەكی گرنگی هەیە بەدریژایی مێژوو جێگای ناكۆكی هێزەكانی ناوچەكە بووە و چەندینجار ڕووبەڕوی ڕوخان و خاپوركردن بۆتەوە.
لە ساڵی ١٠٧٥ لەلایەن تەیموری لەنگ ئیمپڕاتۆری مەغۆلەكان هێرشی كراوەتەسەر ٣٥ هەزار خانووی شارەكە ڕوخێندراوە. لە ساڵی ١٥١٦ لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە داگیركراوە لەو ڕۆژەوە بۆتە جێگای ناكۆكی نێوان عوسمانیەكان و سەفەویەكان كە ئەم ناكۆكی و ململانێیە بۆ چەندین ساڵ بەردەوامی هەبووە.
لە ساڵی ١٩١٥ لە كاتی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان ئەم قەزایە لەلایەن توركەكانەوە ڕووبەڕوی هێرشكردن بۆتەوە. لە ساڵی ١٩٣٥ لەلایەن سوپای عێراقی سەردەمی پاشایەتی هێرشی كراوەتە سەر لە ساڵانی حەفتاكاندا لەلایەن ڕژێمی بەعس شاڵاوەكانی بەعەرەبكردن و ڕاوەدونان لە شەنگال دەستی پێكردووە، بەتایبەت لە دوای ساڵی ١٩٧٥ بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی شارەكە ڕوخێندراون و دانیشتوانەكەی لە ئۆردوگای زۆرەملێدا نیشتەجێكراون.
لە ساڵی ١٩٧٧دا بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بوون، بەشێكی دیكەشیان بۆ مانەوە لە شارەكەدا ناسنامەی نەتەوەی خۆیان گۆڕیوە.
شاڵاوەكانی ڕاوەدونان و بە عەرەبكردن تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوامی هەبووە ژمارەیەكی زۆر لە گەڕەكەكانی شارەكە ڕوخێندراون گەڕەكی نوێ بۆ هۆزە عەرەبە هاوردەكان دروستكراوە.
دواین شاڵاوی ڕوخان و داگیركاریش لە شارەكەدا لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ بوو ،كە لەلایەن ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هێرش كراوەتە سەر شارەكە، بەگوێرەی ئامارەكان لەو هێرشەدا ٤٣٠ هەزار هاوڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون لەو ژمارەیە ١٤٠ هەزار هاوڵاتی ڕویان لە شاخی شەنگال كردووە و ٢٩٠ هەزار ڕویان لەشارەكانی هەرێمی كورستان و توركیا كردووە.
هەر لەو هێرشەدا ١٨ هەزار هاوڵاتی دوچاری جینۆساید و  كوشتنی بەكۆمەڵ بونەتەوە ٣ هەزار كچ و ژن و منداڵ ڕفێندراون كە تا ئێستاش بەشێكیان لەژێر دەسەڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشدان و ١٤ پەرستگا و مەزاری ئاینی پیرۆزی ئێزیدیەكان ڕوخێندران.