ڕاپۆرتی کوردستانی

03:29 - 17/11/2020

وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد‌

پەیسەر

جارێكی دیكە وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان ملی رێگای بەغداد دەگرێتەوە و زنجیرە سەردانەكانی بۆلای بەرپرسانی عێراق دەستپێدەكاتەوە، ئەوەش لەكاتێكدا كە لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام وەفدی هەرێم بەرێگای بەغدادەوە بوون بەبێ‌ ئەوەی تەنها یەك واژۆ لەسەر یەك رێككەوتننامە بكەن و بۆ ئەمجارەش هاوشێوەی جارەكانی پێشوو هەمان وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی جێگری سەرۆك وەزیران وەك جارەكانی پێشوو دەگەڕێنەوە بۆ بەغداد.

چی روودەدات؟
رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی عێراقی ئەمرۆ سێشەممە ئاشكرای كردووە كە بەمنزیكانە وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكەن و ئامانجی سەردانەكەش گفتوگۆ و رێككەوتنە لەبارەی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021ی عێراق.
ئەو رۆژنامە عێراقییە كە سەر بە حكومەتە ئاماژەی بە ئەندامانی وەفدەكەش كردووە و دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەرۆكی وەفدەكەیە و وەزیرەكانی دارایی و پلاندانان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەندامانی وەفدەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدا كە كەمتر لە هەفتەیەك بەسەر پەسەندكردنی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایدا تێپەڕیوە كە تایبەتە بە وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە و بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش نارەزاییان بەرامبەر ناوەرۆكەكەی دەربڕی و تەنانەت بە خەنجەرلێدان لە پشتی پێكهاتەی كورد چواندیان و لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا چەندین بەیاننامەیان لەسەر دەركرد و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانیش لەبارەیەوە كۆبوونەوە و بڕیاریاندا كۆبوونەوەی بەرفراوان بە بەشداری وەزیرە كوردەكانی عێراق و نوێنەرانی كورد لە بەغداد لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

گەڕانەوە بە دەستی بەتاڵ
سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد نە نوێیە و نە چاوەڕوانی زۆری لێدەكرێت، بەوپێیەی ئەم وەفدە بە هەمان پێكهاتە و سەرۆكەوە لە چەند مانگی رابردوودا چەند جارێك سەردانی بەغدادی كردووە بەڵام هەمیشە بە دەستی بەتاڵ هاتونەتەوە و تا هەنوكە تەنانەت یەك واژۆیان لەسەر هیچ رێككەوتنێكی رەسمی لەگەڵ بحكومەتی ناوەندی نەكردووە.
دواین سەردانیان لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بوو، لەو سەروبەندەدا سەمیر هەورامی بەرپرسی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد وتی: زنجیرەیەك كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە لەگەڵ وەزیری دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و گرنگترین كۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق مستەفا كازمی ئەنجامدرا، ئەوەی گرنگ بوو لە كۆبوونەوەكەدا بەدیمانكرد كە نیەتی ئەوەیان نیشانداوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، هەروەها زۆر بە چڕی باسمان لە ناوچە جێناكۆكەكان و پرسی ماددەی ١٤٠ كرد، پرسی بوودجەی پێشمەرگەش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، خۆشبەختانە ئەوەی بەدیمانكرد نیەتی چارەسەركردنی كێشەكان هەبووە.
بە وتەی هەورامی، بە گشتی گفتوگۆكان سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بوون بە تایبەت لەسەر پرسی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١دا.
هاوكات زاگرس فەتاح، بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندبوو كۆبوونەوەكان ئەرێنی بوون و داواكارییەكانی هەرێمی كوردستان بە گوێرەی دەستوور بووە.
بە وتەی بریكاری وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر تەواوی دۆسیەكان تێگەیشتنی باش هەبوو لەو كاتەدا و لەسەر خاڵە سەرەكییەكان گفتوگۆ كراوە، وەك رادەستكردنی نەوت لە لایەن هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی هەرێم: ئامادەی رێككەوتنین
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا و دوای كۆبوونەوەی راوێژكاریی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی عێراق بۆ ساڵی 2020، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پرێس كۆنفرانسێكدا چەند پەیامێكی وەك سیگناڵ نارد بۆ بەغداد.
نێچیرڤان بارزانی وتی:  پەیامی من بۆ هێزە سیاسییەكانی عێراق ئەوەیە،‌ كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە لەگەڵ بەغدا رێكەوتن لەسەر نەوت و هەموو پرسەكانی دیكە بكات، چونكە كێشەكە بەس نەوت نییە، بەڵكو كێشەی زۆر جددین لە عێراق، بەبێ چارەسەری ئەو كێشانە مەحاڵە عێراق بتوانێن سەقامگیری خۆی بپارێزێت.
هەروها وتی: من لەو چوارچێوەیە وەكو سەرۆكی هەرێم داوا دەكەم، نەتەوەیەكگرتووەكان رۆڵی خۆیان ببینن، چونكە دەتوانین چارەسەرێك بۆ كێشەی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزینەوە. دەمەوێت بڵێم: حكومەتی هەرێم ئێستا یەك ئەركی لە پێشینەی هەیە، ئەویش دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانە.
هەرچۆنێك بێت ئێستا هەرێمی كوردستان و عێراق پەیوەندییەكانیان لە تونێلێكی تاریكدایە كە لەساڵی 2014ەوە دەستیپێكردووە و هێشتا ئەوسەری دیار نییە، بە وتەی بەرپرسان هەموو جارێك دوای گەڕانەوەیان لە بەغداد كۆبوونەوەكانیان بە ئەرێنی وەسفكردووە، بەڵام لە واقیعدا ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت.
بۆ نمونە ئەمساڵ 2020 كە ئێستا لە كۆتاییەكەی نزیك دەبینەوە حكومەت تەنها 4 مووچەی دابەشكردووە بە لێبڕینەوە و ئەگەرەكانیش بەو ئاراستەیەن كە تا كۆتایی ئەمساڵ بتوانێت تەنها یەك مووچەی دیكە بە لێبڕینەوە دابەش بكات، بەوەش كۆی گشتی مووچەی ساڵی 2020 لە هەرێمی كوردستان دەبێتە تەنها 5 مووچە.