05:42 - 16/11/2020
ئەحمەد کایا؛ ژیانی سەخت و مردن لە ئاوارەییدا
ئەحمەد کایا لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٧ لە ماڵاتیای باکوری کوردستان
لەدایکبووە، پێنجەمین منداڵی خێزانێک بووە کە لە ئادیامانەوە بۆ ئیشکردن و بژێوی
ژیانیان روویان لە ماڵاتیا کردووە.
دایکی تورکی خەڵکی ئەرزڕوم بووە و باوکیشی کورد بووە. باوکی لە کارگەی (Sümerbank)
کاری رستن و چنینی کردووە. کاتێک تەمەنی شەش ساڵ دەبێت، باوکی ئامێرێکی سازی بۆ
دەهێنێت و پێی دەدات.
قۆناغی سەرەتایی لە ماڵاتیا تەواو کردووە، دوای دەوامی قوتابخانە و لە
پشووەکانی هاویندا یان لە دوکانی فرۆشتنی کاسێت و ئەلبومی گۆرانی کاری کردووە یان
لە مینیبوسی ناسراوەکانیدا کاری کردووە، کە تەمەنی نۆ ساڵ دەبێت لەو کارگەیەی
باوکی کاری تێدا دەکرد چووە سەر ستەیج و گۆرانی وت.
خێزانی کایا دوای خانەنشینبوونی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی باشتر روو لە
ئیستەنبوڵ دەکات و لە گەڕەکی کۆجا مستەفا پاشا نیشتەجێدەبن. کایا بۆ هاوکاری
خێزانەکەی کە تووشی بێپارەیی و کەمدەرامەتیی بوون ناچار بووە واز لە قوتابخانە
بهێنێت و وەک شاگرد و فرۆشیاری سەر شەقام دەست بە کارکردن بکات.
دوای ئەوەی نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ قوتابخانە، بە دەرەکی ئامادەیی تەواو کرد
و دواتریش چووە بەشی کەمان لە پەیمانگای پەروەردە.
لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا بەهۆی بەکارهێنانی تابلۆی قەدەغەکراوەوە خرایە زیندان
و دواتر ئازادکرا. لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا لە "گروپی یەکەکانی گەل"
دەستیان بە کارکردن کرد و لەم ماوەیەشدا و لە چەند چالاکییەکدا سازی دەژەند، بەڵام
بەهۆی ئەوەی بە زانستی فێرنەبوو بوو، لەسەر شێوازی خۆی سازەکەی دەژەند.
ساڵی ١٩٧٨ لە شارۆچکەی گەلیبۆڵو ئەرکی سەربازیی بەجێهێنا، لە کاتی
سەربازیشدا بەردەوام بوو لە ساز ژەنین. دوای گەڕانەوەی لە سەربازیی لەگەڵ ئەمینە
کایا ژیانی هاوسەری پێکهێنا و ساڵی ١٩٨٢ کچەکەیان لەدایکبوو، ناویان لێنا چیغدەم،
بەڵام دواتر و بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە لێکجیابوونەوە.
سەرەتا هیچ هونەرمەندێک ئامادە نەبووە کاری لەگەڵدا بکات و هاوکاری بکات،
رووی لە چەند کەسێک کردووە و دەستیان بە روویەوە ناوە، بەڵام دواتر بە هاوکاری
هاوڕێکانی یەکەم ئەلبومی خۆی تۆمار دەکات، کە دواتر کۆدەکرێتەوە و قەدەغە دەکرێت،
بەڵام دوای ماوەیەک ئەلبومەکە ئازاد دەکرێت و جارێکی دیکە دەفرۆشرێتەوە.
یەکەم ئەلبومی کایا ناوی "مەگری ئازیزم" بوو، دووەم ئەلبومیشی
ناوی "دانگرتن بە ئازاردا" بوو.
دوای بڵاوکردنەوەی دووەم ئەلبوم لە ساڵی ١٩٨٥ لەگەڵ گویلتەن هەیاڵئۆغڵوی
خوشکی شاعیری بەناوبانگی کورد یوسف خەیاڵئۆغڵودا هاوسەرگیری کرد.
ساڵی ١٩٨٦ ئەلبومێکی دیکەی بە ناوی "کاتەکە دێت" بڵاوکردەوە کە
هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەکان خۆی نووسیبوونی.
دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکەکەی یوسف خەیاڵئۆغڵو دەکات، ئاشنایەتیی
لەنێوانیان پەیدا دەبێت بەتایبەت لە بواری هۆنراوەدا ، ساڵی ١٩٨٧ ئەلبومی
"دیموکرات"ی بڵاوکردەوە کە هۆنراوەی سەرجەم گۆرانییەکان خەیاڵئۆغڵو
نووسیبووی.
ساڵێک دواتر و لە ١٩٨٨ ئەلبومی "یاخی دەبم"ی بڵاوکردەوە کە دوو
گۆارنییان هۆنراوەکانی هی خەیاڵئۆغڵو بوون، ساڵێک دواتریش ئەلبومی "گوڵێکی
گەشبین"ی بڵاوکردەوە و ساڵی ١٩٩٠یش ئەلبومی "دیواری خۆشەویست"ی
بڵاوکردەوە.
لە ساڵی ١٩٩٠ و ١٩٩٢ مۆسیقای بۆ هەردوو فیلمی تاتار رەمەزان و تاتار
رەمەزان لە تاراوگە دانا.
کوبا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە سەرنجی کایای راکێشابوو، هەر بۆیە ساڵی
١٩٩٣ لەگەڵ گویلتەنی هاوسەری، مەلیسی کچیان و گروپێکدا بۆ بەشداریکردن لە بۆنەی
یەکی نیسان روویان لە کوبا کرد.
ئەلبومی "گۆرانییەکانم بۆ شاخەکان" بە فرۆشتنی دوو ملیۆن و ٨٠٠
هەزار دانە ریکۆردی شکان، بەهۆی ئەوەی لە یەکێک لە گۆرانییەکاندا بە ناوی
"بانگی ئازادی" ئەم دێڕە هۆنراوەیە هاتبوو "کۆرپەکەم کاکەت رۆژێک
لە شاخ دەگەڕێتەوە و ئامێزی پێدا دەکەیت" ئەلبومەکە لە بازاڕدا کۆکرایەوە و قەدەغەکرا،
بڕیار درا کۆنسێرتکردنیشی لێقەدەغە بکرێت.
زۆربەی گۆرانییەکانی زیاتر باس لە بابەتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەکەن،
کایا ئەو گۆرانیبێژە بوو بە زمانی تورکی باسی لە ئازاری کورد دەکرد، لە ٢٠ ئەلبوم
تەنها یەک گۆرانی کوردی هەیە بە ناوی کەرڤان.
لە ماوەی ژیانیدا چەند جارێک رووبەڕووی لێپرسینەوە و گرتن بووە، چەندین
دۆسیەی لەسەر کرایەوە، وەک خۆی دەڵێت دەزگای ئاسایش بوو بوو بە دووەم ناونیشان و
ماڵی ئەو، بەڵام هەرگیز لە بۆچوون و هەڵوێستەکانی پەشیمان نەبووە و هیچ ئازار و
فشارێک راینەگرت.
لە ١٠ی شوباتی ١٩٩٩ لە هۆڵی کۆنگرەی هۆتێلی پرێنسس لەلایەن کۆمەڵەی
رۆژنامەوانانی مەگەزین مەراسیمێکی خەڵات بەخشین رێکخرا و خەڵاتی باشترین
هونەرمەندی ساڵی بەدەستهێنا.
لە وتاری خەڵاتوەرگرتنەکەدا ئەحمەد کایا وتی، بۆ ئەم خەڵاتە سوپاسی کۆمەڵەی
مافەکانی مرۆڤ، دایکانی شەممە، هەموو کارمەندانی راگەیاندن و سەرجەم گەلی تورکیا
دەکەم. روونکردنەوە و پەیامێکیشم هەیە؛ لە ئەلبومێکدا کە رۆژانی داهاتوو بڵاویدەکەمەوە
و ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنیم، گۆرانییەکی کوردیش دەڵێم و کلیپیشی بۆ دەکەم.
دەزانم تەلەفیزیۆنی بە جورئەت هەن گۆرانییەکە بڵاوبکەنەوە، ئەگەر بڵاوینەکەنەوە
نازانم خەڵک چۆن هەڵوێستیان لێوەردەگرن.
دوای ئەم قسانە، بەشێک لە ئامادەبووانی هۆڵەکە کاردانەوەیان پیشاندا،
جوێنیان دەدا و ئەو کەلوپەلانەی لە بەردەستیان بوو گرتیانە ئەحمەد کایا. رێکخەرانی
مەراسیمەکە توانییان ئەحمەد کایا لە دەستی ئامادەبووان رزگار بکەن.
ساڵی ١٩٩٣ لە شاری بەرلین کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی
بازرگانانی کوردەوە رێکخرابوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆنسێرتەکە لەلایەن
رۆژنامەی حورییەتەوە، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی ئیستەنبوڵەوە دۆسیەیەکی
لەسەر کرایەوە، دادگاکە کایای تۆمەتبار کرد بەوەی کە "هانی دوژمنایەتی و رقی
داوە، دەستی لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ کردووە و هاوکاری کردوون." لەسەر ئەم
تۆمەتانە دوو دۆسییەی لەسەر کرایەوە و داوا کرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت.
لە حوزەیرانی ١٩٩٩ تورکیای بەجێهێشت و رووی لە ئاوارەیی کرد، دواتر دادگا
بڕیاری سێ ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردنی بۆ دەرکرد، بەڵام لەبەرئەوەی لە دەرەوەی
وڵات بوو، سزاکەی بەسەردا جێبەجێنەکرا.
والییەتی شاری ئۆردو فرۆشتنی ئەلبومەکانی ئەحمەد کایای لە ناوچەکەیدا
قەدەغەکرد.
دوای ئەوەی ساڵی ١٩٩٩ لە مونیخ کۆنسێرتێکی کرد کە لەلایەن لایەنگرانی
پەکەکەوە رێکخرابوو، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی جارێکی دیکە دۆسییەی لەسەر
کرایەوە.
ئەو کاتەی سەرقاڵی تۆمارکردن و ئامادەکردنی ئەلبومی "ماڵئاوا
چاوەکەم" بوو، لە ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری پاریس بە
نۆبەی دڵ کۆچی دوایی کرد.
دواتر دەرکەوت کاتێک کاتژمێر شەشی بەیانی دەرمانەکانی هێناوە بەکاریان
بهێنێت، تووشی نۆبەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە کۆچی دوایی کردووە.
گۆڕەکەی ئەحمەد کایا لە گۆڕستانی (Père Lachaise)ە
لە شاری پاریس.