ڕاپۆرتی کوردستانی

01:50 - 16/11/2020

ساڵی داهاتووش هەولێر و بەغداد هەر لە بازنەی كێشەدا دەبن‌

پەیسەر

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق دانی بەوەدانا كە حكومەتەكەیان بەردەوام دەبێت لە ناردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەكاتێكدا كە حكومەتی عێراق خۆی بۆ دابینكردنی مووچە پەنای بۆ قەرزكردن بردووە، بەڵام ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە رەوانەكردنی ئەو بڕە پارە مانگانەیە بەردەوام نابێت و رەنگە تەنها ئەم مانگە یان لە باشترین حاڵەتدا دوو مانگ بەردەوام بێت، پرسیارەكە ئەوەیە بۆ ساڵی 2021 هەولێر و بەغداد چۆن قەیرانەكە تێدەپەڕێنن؟.

بەشەمووچەی مانگانە
وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە جۆرێك لە هاوسۆزییەوە لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت:  حكومەتی فیدراڵ قبوڵی ناكات زیان بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بگەیەندرێت بەهۆی ناكۆكیە سیاسیەكانەوە. 
 ئەحمەد مەلا تەلال وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند بڕگەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە یاسای قەرزدا جێگیرنەكراوە، بەڵام بەگوێرەی رێككەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بەغداد 320 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئەو وتانەی مەلا تەڵال دوای چەند رۆژێك لە پەسەندكردنی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دێت، یاسایەك كە تایبەتە بە پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی بۆ 3 مانگی كۆتایی ئەمساڵ و هەرێمی كوردستانیش بە جۆرێك لە نیگەرانییەوە لە ناوەرۆكی یاساكە چەندین بەیاننامەی دەركرد و نوێنەرەكانیان دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆتكرد.
هاوكات بڕیاری بەردەوامی رەوانەكردنی بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە لەلایەن بەغدادەوە بۆ هەولێر لەكاتێكدایە كە هیچ یاسا یان رێككەوتنێكی رەسمی ئەو بڕەی دەستنیشان نەكردووە، بەڵكو ئەو بڕە پارەیە تەنها لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ناوەندی دانراوە و وەك لە سەروبەندی رێككەوتنە زارەكییەكەشدا ئاماژەی پێدرا كە ئەم رێككەوتنە تا ئەوكاتەیە كە عێراق پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 دادەنێت و كاری لەسەر دەكات.

نوێنەری هەرێم: بەغداد چاوەڕوانی وەفدە
ئەگەرچی چەند مانگی رابردوو چەند مانگێكی تولانی بوو بۆ هاتوچۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد و چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدران بەبێ‌ ئەوەی رێككەوتنێكی كۆنكرێتی واژۆبكرێت، بەڵام نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد جارێكی دیكە باس لەوە دەكات كە بەغداد چاوەڕوانە هەرێمی كوردستان وەفد رەوانە بكات.
فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لە لێدوانێكی میدیایدا رایگەیاند: هەموو مانگێك دوای ئەوەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق تەواو دەبێت، دواتر دەست بە ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد لە ئێستادا حكومەتی عیراق دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە و دوای تەواوبوونی بڕی پارەی دیاركراوی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە دەنێرێت كە بڕەكەی 320 ملیار دینارە، هەروەها پێدەچێت لە هەفتەی داهاتوودا دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق تەواوبێت و بەغدا پارەكە بنێرێت.
لەبارەی چوونی شاندی هەرێمیشەوە بۆ بەغداد نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد لەو لێدوانە میدیاییەدا دەڵێت: شاندی هەرێم لە زووترین كاتدا سەردانی بە‌غداد دەكات.

ساڵی داهاتوو بودجە كەمدەبێتەوە
ئەگەرچی هێشتا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق ئامادەنەكراوە، بەڵام لە ئێستاوە دەنگی نارەزایی بەرامبەر بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان دەبیسترێت و بەشێك لە پەرلەمانتاران هەرێمی كوردستان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە نەوت رادەست ناكات و پارە وەردەگرێت و ئاماژە بەوەشدەكەن كە لە ساڵی داهاتوودا دەبێت بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان كەمبكرێتەوە.
گاتع روكابی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: هەموولایەك سورن لەسەرئەوەی لە بەرانبەر پێدانی شایستە داراییەكان، دەبێت هەرێمی كوردستان داهاتەكانی رادەستبكات، لە بودجەی 2021یشدا پشكی كەمدەكرێتەوە.
روكابی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەكردوە، ئامادەنەبونی پەرلەمانتارانی كورد لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا كاریگەری لەسەر رێژەی یاسایی نابێت، هەروەك هەموان سورن لەسەرئەوەی دەبێت هەرێم داهاتەكانی رادەستبكات بۆئەوەی شایستە داراییەكانی وەربگرێت.
وتیشی : رەنگە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021دا پشكی هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە كەمبكرێتەوە، ئەوەی هەندێك لە كوردەكان باسی دەكەن گوایە بەغدا بڕێكی كەم بودجە دەداتە هەرێم و ئەویش لە رێگەی داهاتی نەوتەوە بودجەكەی تەواو دەكات، قسەیەكی ناڕاستە و بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی-دا كردویەتی، ئەوەیە نەوتەكەی و 50%ی داهاتی دەروازە سنورییەكان بداتە ناوەند، بەڵام ئەوان رەتیانكردوەتەوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوەش دەكاتەوە كە لە ساڵی 2003ەوە هەرێم رەتیدەكاتەوە داهات و ناوی فەرمانبەرەكانی رادەستبكات و مامەڵەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی نەزاهە و بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەكان و ژمێریاریەكانی ناوەنددا ناكات.
هەرچۆنێك بێت هێشتا نادیارە لە چەند مانگی داهاتوودا چی روودەدات لەبارەی پەیوەندییە داراییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بەڵام ئەوەی روون و دیارە ئەوەیە كە ساڵی 2021 بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد ساڵێكی ئەهوەن نابێت و بە خوێندنەوەیەكی سادە و بەراوردكردنی وتە و لێدوانی بەرپرسانی هەردوولا بە روونی ئەوە دەردەكەوێت كە ئەم دوو پایتەختە ساڵی داهاتووش هەر لە بازنەی كێشەدا دەبن.