ڕاپۆرتی کوردستانی

01:29 - 16/11/2020

لە ئابووری سەربەخۆوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان‌

پەیسەر

كێشەی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای قەرزكردنی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە بێ كورد، نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو، جگە لە كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكە و تەرخانكردنی كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان و دواتریش دواخرا بۆكاتێكی نادیار. پەرلەمانتارانی كوردستان و عێراقیش لەو دۆسیەیەدا بۆچوونی جۆراوجۆریان دەربڕیوە، بەشێكیان تاوانەكە دەخەنە سەر ئەستۆی هەرێمی كوردستان و پێیان وایە سیاسەتی ئابووری سەربەخۆ شكستی هێناوەو بەشێكی دیكەش لەو بڕوایەدان هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردووەو ئەوەی كە ڕێكەوتنەكان جێبەجێ ناكات بەغدایە نەك هەولێر.

هەر دووبۆچوونەكەش كۆكن لەسەر ئەوەی دەبێت ئەو كێشە هەڵواسراوانە كۆتاییان پێبێت و چیتر ناكۆكیەكان بە هەڵواسراوی نەمێننەوە، هەردوولاش باوەریان بەوەهەیە كە دەبێت لەڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە بگەنە ئەنجام، لەنێو ئەو كێشانەشدا بەشێك لە پەرلەمانتاران و شارەزایان بە دووری دەزانن گفتوگۆكان سەر بگرن و بۆ ئەو مەبەستەش بەڵگەكانی خۆیان خستووەتە ڕوو. یەكێك لەوانەی كە بەردەوام لەوبارەیەوە قسەی هەبووە، عەلی حەمەساڵح بووە، ئەو پێی وایە لەمپەری گەورە لە بەردەمی ڕێككەوتنەكاندا هەیەو سەرجەم سەرنجەكانی خۆشی خستووەتە ڕوو.

عەلیی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لە واڵەكەی خۆی بڵاوی كردووەتەوە باس لەوە دەكات كە دكتۆر ئاشتی هەورامی (وەزیری پێشووی نەوتی حكومەتی هەرێم) ساڵی 2014 چووەتە پەرلەمانی كوردستان و پرۆژەیەكی پێشكەش كردووە كە ئەگەر خۆیان بەسەربەخۆیی نەوت بفرۆشن زۆرسەركەوتوو ترەو ساڵانە 38669000000 سی و هەشت ملیار و شەش سەدو شەست و نۆ ملیار دۆلاریان دەست دەكەوێت، بەڵام بە پێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە وادەرنەچووە، ئەو دەڵێت:  ئەگەر 2016 وەربگرین، كە نەوت بەسەربەخۆیی فرۆشراوە، تەنها 3 ملییاریان پێ پەیدا بوو، ئەو پرۆژەیەش بە نوسراو ڕادەستی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی كردووە، جیاوازی نێوان ئەو دوو ژمارەیەش ئەوەندە زۆرە كە دەكرێت هەلوێستەی لەسەر بكرێت.

بە پێی وتەی ئەو پەرلەماناترە : ئەندازیاری پرۆژەكە ئاشتی هەورامی و مستەفا لاخانی بوو ، كە بازرگانێكی نەوتی پاكستانییە. و بەڕەزامەندی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتیش ئەو كارە كراوە.

عەلی حەمە ساڵح ئاماژە بەوە دەكات كە (فاین ناشناڵ تایمز) لە مانگی 5/2014 دا نوسیویەتی : نەوتی هەرێمی بە شێوەی قاچاخ لە بازاڕەكانی جیهاندا بە نرخی كەم و پێشوەختە دەفرۆشرێت، واتە لە 2014 ەوە نەوتی 2021 و 2022 ی هەرێمی كوردستان فرۆشراوەو پارەی وەرگیراوە.

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەكات لە ڕیگەی مورتەزا لاخانییەوە لە سانبترسبۆرگی ڕوسیا بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سروشتیەكان چوون، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانیان فرۆشت، بە ملیارێك و هەشت سەد ملیۆن دۆلار.

پەرلەمانتارەكەی كوردستان دەڵێت: بە پێی بەڵگە نامەیەكەی كۆمپانیای -روزنەفت- دوو سەدو پەنجا ملیۆن دۆلار ڕاوێژكارییمان داوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو ڕێككەوتنەو ئەو گرێبەستە واژۆ بكەین. عەلی حەمەساڵح ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵیت ئەو دوو سەدو پەنجا ملیۆن دۆلارە ڕاوێژكاریی نیەو دەچێتە بواری بەرتیلەوە كە وەرگیراوە بۆ ئامادەكردنی گرێبەستەكە، ئەو دەڵێت گەرچی شەش مانگ لەمەوپێش ئەو دۆسیەم داوەتە داواكاری گشتی بەڵام هیچ ئەنجامێكی نیە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا ئاماژە بەوە دەكات گرفتی سەرەكی ڕێكنەكەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد چوار گرفتە كە ئەمانەی خوارەوەن:

1-تا كۆتایی 2019 هەرێمی كوردستان سێ ملیار و چوارسەدو چل و یەك ملیۆن دۆلاری لە كۆمپانیاكان وەرگرتووە بۆ ئەوەی نەوتی ساڵانی داهاتووی 2021 و 2022 و دواتریان بداتێ. گرفتی ئەمە لەوەدایە هەرێم نەوتەكەی پێشوەخت فرۆشتووە ئیتر چی دەدات بە عێراق؟ لە لایەكی تریشەوە قەرزاری روزنەفت و توركیایەو دەبێت ئەو قەرزانەش لە داهاتی نەوتی بدرێتەوە، ئەو دەڵێت من حسابم كردووە بە دوو ساڵیش ناتوانن ئەو قەرزانە بدرێنەوە.

2-كێشەی دووەم گریبەستی 50 ساڵەیە لەگەل توركیا ، هەرێمی كوردستان بووەتە بارمتەی دەستی توركیا، پێموانیە عێراق بەو گرێبەستە ڕازی بێت لەبەر ئەوەی كەمتر لە 35% بۆعێراق دەمێنێتەوە.

3-بەرپرسان سوودمەندی یەكەمن لەو پرۆسەیەو ڕازی نابن دەستی لێهەڵگرن.

4-عێراق چی دیكە بە بێ ڕادەستكردنی بڕیك لە نەوتەكەی ئامادە نیە پارە بە هەرێمی كوردستان بدات.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان باس لەوەش دەكات سیاسەتی نەوتی فەشەلی هێناوە و دەڵێت ، یەكێتی وگۆڕان شەریك نین لەو دۆخەدا لەبەر ئەوەی ئاگایان لە گرێبەستەكان و وردەكارییەكانیش نیە، ئەو دەڵێت كۆتا ڕێگاش ڕێككەوتنە لەگەڵ بەغداد بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی كێشەی گەورەو قووڵی دارایی دەبێتەوە.

 

بۆبینینی تەواوی ڤیدیۆكە كلیك لێرە بكە