10:41 - 15/11/2020
خێراكردنی هەنگاوەكانی كشانەوەی ئەمریكا و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جارێكی دیكە ئاماژە بە كشاندنەوەی هێزەكانیان دەدات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بە وتەی خۆیان كاتی ئەوە هاتووە لە فەرماندەوە ببنە پشتیوانی هێزە سەربازییەكانی ناوچەكە، لەو نێوەندەشدا عێراق كە لەلایەك گۆڕەپانی بەریەككەوتنی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانە و لەلایەكیش هێشتا زۆنێكی نائارامە لەرووی ئەمنی و سەربازییەوە زۆرترین چاوی لەسەرە.
لە فەرماندەوە بۆ پشتیوان
وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت بە دەربڕینێكی كورت چاوی جیهانی بەلای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشكرد، كاتێك باسی لەوە كرد كە كاتی گەڕانەوەیە بۆ نیشتمان كە مەبەست لێی گەڕانەوەی سەربازەكانیان بوو بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان.
كریستۆڤەر میلەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت لە وتەیەكدا كە ئاراستەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكیی كردووە و پێگەی رەسمی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بڵاویكردەوە باسی لە خواستی خۆی كرد بۆ پەلەكردن لە كشانەوەی هێزەكانیان.
میلەر دەڵێت: هەموو جەنگێك پێویستە كۆتایی بێت، زۆرن ئەوانەی ماندوو بوون لە جەنگ و منیش یەكێكم لەوان.
ئەو وتەیەی وەزیری بەرگری ئەمریكا بە وەكالەت كە یەكەم پەیامێتی دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو ئەو پۆستە هەستیارەی وەرگرتووە وا وێنا دەكرێت كە خواستی كۆتایهێنان بە جەنگ لەلایەن ئەمریكاوە خواستێكی زۆرینەیە و چیتر واشنتۆن نایەوێت سەربازەكانی لە بەرەی جەنگەكاندا بمَننەوە.
كریستۆڤەر میلەر بە دیاریكراوی باسی لە هیچ وڵاتێك نەكردووە، بەڵام لێكدانەوە دەكرێت كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجی قسەكانیەتی بەتایبەت هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراق كە لەدوای هێرشەكانی 11ی سێبتێمبەری ساڵی 2001ی ئەمریكاوە تا هەنوكە یەكێكن لە گۆڕەپانە گەرمەكانی جەنگی ئەمریكا چ جەنگی سەربازی و چ جەنگی سیاسی.
كشانەوەی ئەمریكا
ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو خواست و فشار و داوا بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە عێراق زیاتر دەبیسترێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە رۆژەكانی سەرەتای ئەمساڵدا لە هێرشێكی ئاسمانی هێزەكانی ئەمریكادا هەریەك لە قاسم سلەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە فرۆكەخانەی بەغداد كوژران، لە كاردانەوەشدا چەند رۆژێك دواتر ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وێڕای بایكۆتی كورد و سوننەكان، بڕیاریدا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان لە خاكی عێراقدا كە مەبەستی سەرەكی لێی هێزەكانی ئەمریكا بوون.
عێراق خشتەی بۆ داناوە
مانگی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند لیژنەیەكی هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن پێكدەهێنرێت بۆ دانانی خشتەی كشانەوەی هێزە ئەمەریكاییەكان لە عێراق.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ بەها ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و نوێنەرانی بەرپرسانی دۆسیەی ئەمنیی لە عێراق كۆبووەتەوە.
وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار دراوە لیژنەیەكی تەكنیكی درووست بكرێت بۆ ئەوەی خشتەیەكی تایبەت بە كشانەوەی هێزە ئەمەریكاییەكان لە عێراق.
باسی لەوەشكردووە، ئەو لیژنەیە، لەسەر بنەمای ئەو دانووستانە ستراتیژییە دیاریكراوە، كە لەمانگی ئابی ئەمساڵ لە واشنتن گەڕی دووەمی كارەكانی بەڕێوەچوون.
فشارەكانی ئێران
ئەگەرچی ئەمریكا رەتیدەكاتەوە لەژێر فشاری ئێراندا سەربازەكانی لە ناوچەكەدا بكشێنێتەوە، بەڵام بەشی زۆری شرۆڤەكاران لەوەدا كۆكن كە ئێران رۆڵی هەیە لە بڕیاری عێراق بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و كاریگەریشی هەیە لەسەر وڵاتانی دیكەی ناوچەكە بۆ دروستكردنی فشار بە مەبەستی دوورخستنەوەی سەربازانی ئەمریكی لە ناوچەكەدا.
كینیس ماكینزی، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریكا پێشتر بە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ڕایگەیاند ئێران هەوڵدەدات لە ڕێی فشارەكانیەوە ئەمریكا ناچار بكات هێزەكانی خۆی لە عێراق بكشێنێتەوە بەڵام ئەمریكا ئەو فشارانە ڕەتدەكاتەوەو لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.
ئەو فەرماندە سەربازییەی ئەمریكا وتیشی ئێران و هاوكارەكانی لە عێراق لە ڕووی سیاسیەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەمریكایان نیە بۆیە ئەو هێرشە موشەكیانە دەكەنە سەر هێزەكانیان لە عێراق و هاوكات ستایشی ڕۆڵی حكومەتی عێراقیشی كرد لە بەرامبەر مامەڵە كردنی لەگەڵ هەڵسوكەوتەكانی ئێران لە وڵاتەكەیدا.
لێكەوتەكانی كشانەوەی ئەمریكا لەسەر هەرێمی كوردستان
دەشێ یەكێك لەو ناوچانەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا مەترسی بەرامبەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هەبێت هەرێمی كوردستان بێت، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكانی لەلایەك و لەگەڵ عێراقیش لە لایەكی دیكە لە چەندین كێشەی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوریدایە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر چەند جارێك بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە بۆنە جیاوازەكاندا پێشنیاری جیاوازیان بۆ ئەمریكییەكان كردووە كە لە ئەگەری دەركردنی هێزەكانیان لە عێراق ئەوا هەرێم باوەشیان بۆ دەگرێتەوە، بەڵام ئەمریكاییەكان بەردەوام یەك وەڵامی كۆنكرێتییان هەبووە، ئەویش ئەوەبووە كە ئەوان هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق دەبینن و ئەگەر هێزەكانیان عێراق بەجێبهێڵێت ئەوا هەرێمی كوردستانیش بەجێدەهێڵن.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەدوای دەستبەكاربوونی مستەفا كازمی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمریكاییەكان بەردەوام رۆڵیان هەبووە لە هێوركردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و چارەسەری كێشە داراییەكانی نێوانیان بە ئەندازەیەك كە چەندجارێك كڵێشەی رێككەوتن وەك دەوترێت لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە لە بەغداد ئامادەكراوە.
هەربۆیە بێ خەوش، كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.