ڕاپۆرتی کوردستانی

04:47 - 14/11/2020

بایكۆتی سیاسی و كەمبوونەوەی بەردەوامی سەنگی كورد لە عێراقدا‌

پەیسەر

جارێكی دیكە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بە هەوراز و نشێودا تێدەپەڕێت، گرژییەكان لە ئەندازەیەكدان لەماوەی دوو كاتژمێردا چەندین بەیاننامە لە هەولێرەوە دژی بەغداد دەركراون و چاوەكان كراوەن لەسەر كۆبوونەوەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و نوێنەرانی كورد لە بەغداد بۆ گەڵاڵەكردنی بڕیارێكی هاوبەش لە كاردانەوەی تێپەڕاندنی یاسای پارەداركردنی كوررتهێنانی دارایی عێراق كە كورد لە ناوەڕۆكەكەی ناڕازییە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كورد دەتوانێت هیچ بڕیارێكی قورس و ستراتیژی بدات؟

كورد لە عێراقدا
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دووبارە بیناكردنەوە و بونیادنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەتی دوای بەعسییەكان، كورد بەردەوام وا وێنای كردووە كە ژمارەی سەرەكی هاوكێشەكانە، دەشێ‌ ئەم وێناكردنە تا 5 ساڵی سەرەتا واتا تا ساڵی 2010 و دواتر پایەیەكی حەقیقی لە واقیعدا هەبوبێت، بەڵام دواتر پێگەی كورد نەك ساڵ بە ساڵ تەنانەت مانگ بە مانگ و رۆژ بە رۆژ تادەهات زیاتر دەهاتە خوارەوە و گرژییەكان تا دەهاتن زیاتر دەبوون بە ئەندازەی پێكدادانی سەربازی، بەڵام هیچكات كورد نەیتوانی كە بڕیار لە كشانەوە یان بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق بدات.
لەرووی بەشداری سیاسی و حكومیشەوە ئێستا كورد بەراورد بە كابینەكانی پێشووتر بۆ ئاستی نیوەی سەنگ و پێگەی خۆی دابەزیوە 

ساڵی 2005 و دوای یەكەم هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت كورد 8 وەزیری لە عێراقدا هەبوو
ساڵی 2010 و دوای خولی دووەمی پەرلەمان كورد لە عێراقدا 6 وەزیری هەبوو
ساڵی 2014 و لە كابینەی سێیەمی حكومەتدا كورد 6 وەزیری هەبوو
ساڵی 2018 كورد 3 وەزیری لە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەبوو
ساڵی 2020یش لە حكومەتەكەی كازمیدا تەنها 3 وەزیری هەیە

بە ریزبەندی ساڵەكان و ژمارەی وەزیرەكاندا دەردەكەوێت كە كورد بە سێ‌ قۆناغی بچوكبوونەوەی پێگەدا تێپەڕیوە.

بۆ رێژەی كورسی پەرلەمانیش بە هەمان شێوە كورد بەردەوام لە كەمبوونەوەدا بووە لە عێراق، بە ئەندازەیەك كە زیادكردنی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق نەك هیچ كورسییەكی كوردی زیاد نەكردووە بەڵكو تا هاتووە كاریگەری و پێگەی كەمكردووەتەوە.

ساڵی 2004 لە قۆناغی راگوزەردا رێژەی كورد 30%ی پەرلەمان بووە
ساڵی 2005 و دوای یەكەم هەڵبژاردن رێژەی كورد دابەزیوە بۆ 18%
ساڵی 2010 و دوای دووەم هەڵبژاردن كورد 18%ی پەرلەمانی عێراقی پێكهێناوە.
ساڵی 2014 و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان كورد چووەتە رێژەی 19%ی پەرلەمان.

بەوپێیەش دەردەكەوێت كە كورد لە ساڵی 2005 تا ئێستا رێژەی 17% كەمیكردووە، واتا نیوەی سەنگی خۆی لەدەستداوە و بەردەوامیش قبوڵی كردووە.

كەركوكیش هەڵوێستی بە كورد وەرنەگرت
لە درێژایی مێژووی شۆڕشەكانی كورد و بە درێژایی 17 ساڵی رابردووی هاوبەشی كوردیش لە بەغداد بەردەوام ناوی كەركوك تایتڵی كێشەیەكی گەورە بووە، كێشەیەك كە كورد هەمیشە وجودی خۆی بەستووەتەوە بە كەركوكەوە، بەڵام زۆر بە سانایی دوای رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كورد لە كەركوك هەڵوەرێندرا و بۆ یەك كاتژمێریش ئامادەنەبوو سفرەی بەغداد بەجێبهێڵێت.

بە داتا كورد لەدوای 16 ئۆكتۆبەر نزیكەی 40 پۆستی لە كەركوك لێسەندرایەوە
یەك پۆستی پارێزگار
سێ‌ پۆستی قائیمقام
ژمارەیەك پۆستی بەڕێوەبەری ناحیە
بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی ئاوی كەركوك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك
بەڕێوەبەری فۆڕمی خۆراكی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركوك
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركوك

بە هەموو ئەمانەشەوە كورد بەتایبەت دوو حزبی دەسەڵاتداری كورد نەیتوانی بڕیار لەبارەی هەڵوێستێك بدات بەرامبەر بەغداد.

هاوبەشی و پێكدادانی سەربازی
ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانی كورد تەنها لە ناكۆكی سیاسیدا نەوەستاوە، بەڵكو سەریكێشاوە بۆ جەنگ و روبەروو بوونەوەی سەربازی، بەڵام كورد هەر خۆی بە هاوبەشی عێراق زانیوە.
سەرەتا لە سەردەمی حكومەتەكەی نوری مالیكی، كاتێك هێزەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە لە ناوچە جێناكۆكەكان بوون، كورد هێزی سەربازی بەرەوروویان جوڵاند و ئامادەیی نیشاندا بۆ روبەروو بوونەوە، دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش ئەم دوو هاوبەشە (هەولێر و بەغداد) هێزەكانیان رووبەرووی یەكتر گرتەوە و شانازییان بە كوشتنی سەربازی عێراقی و چەكداری حەشدی شەعبی و شەهیدبوونی پێشمەرگە دەكرد بەرامبەر یەكتر، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد بۆ یەك چركەش ئامادە نەبوو باس لە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق بكات.

هەنوكە پرسیاری دوای ئەم داتا و بەرچاوڕونییانە ئەوەیە، ئایا لەسەر بێبەشكردنی كورد لە قەرزی ساڵی 2020، سەركردایەتی و لایەنە سیاسییە كوردییەكان كارتی كشانەوە لە حكومەتی عێراق و بایكۆتی سیاسی لە دەستیاندا هیچ كاریگەرییەكی ماوە، یاخود تەنها كەمپەینێكی میدیایی و ناو سۆشیال میدیایە و كورد هاوبەشێكی بەردەوام رازییە لە عێراقێكدا كە كەس نازانێت سەروەت و سامان و خێر و بێرەكەی لەكوێیە و بۆ كێیە.