ڕاپۆرتی کوردستانی

03:10 - 12/11/2020

بەشەمووچەی هەرێمی كوردستان رووی لە هەڵدێرە‌

پەیسەر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ‌ رەزامەندی و بەشداری كورد، پرۆژەی پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەندكرد، كە كورد بە زیانی خۆیی و مەترسی لەسەر بەشەمووچەی مانگانە دەكات كە بڕەكەی 320 ملیار دینارە، بەشێك لە پەرلەمانتارە كوردەكان پێیانوایە كە سیاسەتی شكستخواردووی نەوت و ئابوری لە هەرێمی كوردستان هۆكاری ئەم پێشهاتەن و لایەنە عەرەبەكان زۆر توندن لەبەرامبەر نەوت و داهاتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی دیكەشیان پێانوایە كە ئێستا كاتی ئەوەیە هەرێمی كوردستان نیازپاكی خۆی نیشان بدات و رێككەوتن بكات چونكە شەڕێكی گەورەتر بەرێگەوەیە كە پرۆژەبودجەی ساڵی 2021ی عێراقە.

چی روویدا؟
شەوی چوارشەممە بۆ پەرلەمانی عێراق شەوێكی درێژی پڕ لە ئاڵۆزی بوو، هەتا كاتژمێر 5ی بەرەبەیان كێشمەكێش و تا رادەیەكیش ئاڵۆزی لەبارەی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی كە تایبەت بوو بە وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ ئەم دوو مانگەی كۆتایی ئەمساڵ بەردەوام بوو.
لە كۆتایدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ‌ بەشداری پەرلەمانتارە كوردەكان یاساكەیان تێپەڕاند كە كورد پێیوایە هیچ گرەنتییەك بۆ وەرگرتنی بەشەمووچەی مانگانە لەلایەن عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان نەماوە كە بڕەكەی 320 ملیار دیناربوو و حكومەتی هەرێم بەپێی ئەو بڕە مانگانەیە مووچەی مووچەخۆرانی دابین دەكرد.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە پەرلەمان كرا، پێچەوانەی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا بوو. دەشڵێت ئێمە وەك كورد، هەموو كوتلەكان، بایكۆتی كۆبوونەوەكەمان كرد و دیار نییە لە داهاتوودا چ هەڵوێستێكمان دەبێت.
د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاندووە دوای ئەوەی داواكاریی ئێمە لە پڕۆژەی وەرگرتنی قەرز لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ مووچە جێبەجێ نەكرا، ئێمە هۆڵی پەرلەمانمان بەجێهێشت و دەنگمان بەو پڕۆژەیاسایە نەدا و ئامادەش نەبووین دەنگی پێ بدەین، بە بێ جێبەجێكردنی داواكاریی كورد.

"كێشەكە ناسیۆنالیستییە"
ئەگەرچی بەشێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان رایدەگەیەنن كە هەرێمی كوردستان داهاتی نەوتی رادەستی عێراق نەكردووە، بۆیە نایانەوێت چیتر عێراق پارە بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە كوردە رای وایە بەردەوام لە پرۆژەیاسا گرنگەكاندا ئەو دەنگانە لە عێراق بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەرزدەبێتەوە.
حەداد دەڵێت: هەمیشە لە تێپەڕاندنی ئەو جۆرە پڕۆژە یاسایانە و هاوشێوەكانی وەك پڕۆژە یاسای بودجە لەگەڵ ئەو لایەنانە تووشی شەڕێكی گەورە بوونەتەوە، تەنانەت لە كاتی تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ـەش شەرێكی گەورەتریان لە پێناو چەسپاندنی پشكی كورد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پڕۆژە یاساكەدا كراوە.

" كاتی هەنگاوی فعلیە"
ئەندامە كوردەكانی ناو لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایەكی جیاوازیان هەیە و پێیانوایە كە ئەگەر كورد نیازپاكی خۆی بنوێنێت و هەنگاوی فیعلی بنێت و رێككەوتن بكات، ئەوا دەتوانێت لەم قەرزانەی عێراقدا لە 320 ملیار دینارەكەش زیاتری دەستبكەوێت.
ئەحمەد حاجی رەشدا و هۆشیار عەبدوڵا، كە دوو ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن: تۆماری دانیشتنەكانی لیژنەی دارایی هەن، ئەوەی پێمانكرا لە دیفاع و شەڕ لەسەر ۳۲٠ ملیارەكە كردمان، كوتلە شیعیەكان ئێجگار توندبون، دەیانگوت دو ساڵە بێ ناردنی یەك بەرمیل نەوت پارە دەنێرین و نیەت باشی نیشان ئەدەین ئیدی بێ نەوت پارە نیە، وتیان هەڵبژاردن لە پێشە و خەڵكەكەمان قبوڵی ناكا.
دوێنێ بەرێز خالد شوانی بە نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم هاتە لیژنەی دارایی، وتەكانی هەموی تۆماركراوە، دەقی نامەیەكی حكومەتی هەرێمی خوێندەوە كە لە ۱۸ ی ۱٠ ی ۲٠۲٠ ناردویانە بۆ حكومەتی عێراق و دەڵێن ئیلتیزام دەكەین بە ناوەرۆكی رێكەوتنەكەمانەوە، نەوتەكە بنێرن لە ۳۲٠ ملیار زیاتر دەگاتە هەرێم
ئەگەر هەرێم بە پەلە وەفدێك بنێرێتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی بكەونە گفتوگۆ و پابەند بن بە ناوەرۆكی یاسای قەرزەوە دەتوانن لەبری ۳۲٠ ملیارەكە زیاتر دەستبخەن. مەلەفی ئاڵۆزی نەوتی هەرێم لەگەڵ بەغدا هەردەبێ چارەیەكی بۆ بدۆزرێتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو هەنگاوە بنرێ.
ئەو دوو پەرلەمانتارە لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیاندا هۆشداریش دەدەن لە مەترسی گەورەتر و دەڵێن: ئەگەر هەرێم بۆ ئەو ۳ مانگە لە یاسای قەرزدا نەتوانێ بە پەلە نیەت باشی نیشانبدا و بەشێك لە نەوت و داهاتەكان نەگەرێنێتەوە ئەوا بۆ یاسای بودجەی ۲٠۲۱ كە بەمزوانە دەگاتە پەرلەمان كێشەی گەورەتری بۆ دروست دەبێت. بۆیە ئێستا كاتی هەنگاوی فعلیە لە پێناو ژیان و موچەی خەڵكی هەرێم نەك هیچی تر.
 
"مووچە كەوتە تونێلێكی تاریكەوە"
هاوكات لەگەلًَ كاردانەوەی بەرفراوانی دۆسێی وەرگرتنی قەرز و مەرتسییەكان لەسەر بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان، ئەندامێكی دیكەی كوردی ئەنجومەنی نوێنەران رای وایە كە شێوازی مامەڵە بە نەوتی هەرێمەوە لە هەرێمی كوردستان هۆكاری ئەم پێشهاتانەیە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەكە ئێستا چووەتە تونێلێكی تاریكەوە.
سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئێمە دوو ساڵە كار بۆ پرسی موچەی فەرمانبەران ویەكلایی كردنەوەی مەلەفی نەوت و دەرهێنانی لەدەستی چەتەكانی كوردایەتی دەكەین تا نەگەین بە ئەمرۆ.
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەمرۆ لە ناو پەرلەمانی عێراق  كۆتایی بەو چاوپۆشینە هێنرا كە لە ئاست هەرێم هەبوو و بەو هۆیەوە موچەخۆرانی هەرێم دەیانتوانی سود لە بەشێكی ببینن.

"داوای بەڵێننامە لە حكومەتی هەرێم دەكرا"
بە وتەی پەرلەمانتارێكی دیكەدا دەردەكەوێت كە بێ متمانەیی عێراق بە هەرێمی كوردستان لە پابەندنەبوون بە رێككەوتنەكانەوە گەیشتووەتە ئاستێك داوای پڕكردنەوەی بەڵێننامەی یاسایی لە حكومەتی هەرێم بكرێت.
رێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: هەموو هەوڵێكی خۆمان داوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەم ململانێیە بە دوور بگرین.
ئاماژە بەوەشدەكات پارتە عەرەبیە سیاسیەكان داوایان دەكرد بەڵێنامەیەك لە حكومـەتی هەرێم وەربگرێت بۆ ڕادەستكردنەوەی داهاتی نەوت و دەروازە سنوریــەكان.

"با هەموتان بزانن چی رویداوە"
لە راگەیەندراوێكدا بە تایتڵی با هەمووتان بزانن چی روویداوە، رێبوار كەریم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند خاڵێك لەبارەی وردەكاریی دانیشتنی پەرلەمان دەخاتەڕوو و نوسیویەتی بڕیارەكە بریتی نیە لە بڕین و پێدانی پارە، بەڵكو بەپێی ماددەی تایبەت ئەوە زیادكرا كە هەرێم بڕێك نەوت بدات بە عیراق، كە سۆمۆ دیاری بكات. هەروەها داهاتە ئیتیحادییەكانیتریش بداتە عیراق. لەبەرامبەردا بڕێك پارە تەرخان دەكرێت بۆ هەرێمی كوردستان.
كەواتە:
1. هیچ بڕێك نەوت لەسەر هەرێم فەرز نەكراوە.
2. ئەگەر هەرێم و عیراق لەسەر هەر بڕێك نەوت رێك بكەون، كەم یان زۆر، ئەوا لەبەرامبەریدا بڕێك پارە دێت بۆ هەرێم.
3. داهاتە ئیتیحادییەكانیش لێرەدا مەبەست گومرك و باجە، لەپێشتردا هەرێم و بەغدا رێكەوتنێكیان لەسەر كردوە.
4. حكومەتی هەرێم رۆژی (۱۸_۱٠_۲٠۲٠) نوسراوێكی كردوە بۆ حكومەتی عیراق و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ناردنی نەوت. 
5. ئەم یاسای قەرزە كۆتایی دنیا نیەو لەمانگی داهاتودا پرۆژە یاسای بودجەی ۲٠۲۱ دێتە پەرلەمان و دەكرێ دەستكەوتی زۆرباشی بۆ كورد هەبێ.
6. پێشتر چەندینجار هاوارمان كرد ئیتر سیاسەتی (هەربێنە و هیچ نادەم) لەعیراقدا بۆ هەرێم بەردەوام نابێ. هەربۆیە دەبێ هەرێم بزانێ پێویستە مل بدات بۆ فرۆشتنی بڕێك نەوت لەڕێی سۆمۆوە. واتە لەڕێی عیراقەوە.


هەرچۆنێك بێت ئێستا هەرێمی كوردستان بڕێكی زۆر قەرزی مووچەخۆرانی لەسەر كەڵەكەبووە و بە بەشە مووچەی مانگانەی حكومەتی ناوەندییەوە دەتوانێت مووچە بە لێبڕینەوە دابین بكات، هەربۆیە بەبێ‌ بەشەمووچەی بەغداد هیچ كەس ناتوانێت گرەنتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكات چ لەرووی بڕەكەیی و چ لەرووی وادەی دابەشكردنیەوە.