ڕاپۆرتی کوردستانی

01:16 - 12/11/2020

پەیسەر ناوەرۆكی یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی بڵاودەكاتەوە‌

پەیسەر

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی تێپەڕاند كە لە رۆژی دەنگدانیەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا رۆژی 1/1/2020 بەردەوام دەبێت.
ئەمە دەقی وەرگێڕدراوی یاساكەیە:-

بەناوی گەل
سەرۆكایەتی كۆمار
یاسای ژمارە ()
لەسەر بنەمای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لێداوە یەكانگیر لەگەڵ بەندی (یەكەم) لە مادەی (61) و بەندی (سێیەم) لە مادەی (73) لە دەستوور.
ئەم یاسایە دەركرا
یاسای ژمارە () بۆ ساڵی 2020
یاسای پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی

مادەی 1
داهاتەكان لە بودجەی گشتی ناوەندی بۆ (4) مانگی كۆتایی ساڵی 2020 دەخەمڵێندرێت بە (19 ترلیۆن و 719 ملیار و 483 ملیۆن و 139 هەزار) دینار، داهاتەكانیش خەمڵێندراوە لەسەر بنەمای هەناردەكردنی نەوتی خاو بە نرخی (40 دۆلار و 51 سەنت بۆ هەر بەرمیلێك) كە رۆژانە بڕی (3 ملیۆن و 33 هەزار و 273) بەرمیل هەناردەبكرێت، لەنێویشیاندا (250 هەزار بەرمیل لە نەوتی هەرێمی كوردستان) لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی (1182) دینار بەرامبەر هەر دۆلارێك و كۆكردنەوەی سەرجەم داهاتە بەدەستهاتووە فیعلییەكان و كۆكردنەوەی لە گەنجینەی گشتی دەوڵەتدا كە ئەمانەش لەخۆدەگرێت.

(ئەلف) هەڵسەنگاندنی قەرەبووكردنەوەی كوەیت بە بڕی (531 ملیار و 584 ملیۆن و 494 هەزار) دینار.
(ب) هەڵسەنگاندنی گرێبەستەكانی رێگەپێدان بۆ كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان كە بڕەكەی (5 ترلیۆن و 6 ملیار و 282 ملیۆن و 93 هەزار) دینار. 
(ج) هەڵسەنگاندنی پوختەی داهاتی نەوتی دوای جیاكردنەوەی بڕگەكانی (ئەلف و ب) كە لەسەرەوە ئاماژەی پێكراوە، بە بڕی (14 ترلیۆن و 181 ملیار و 616 ملیۆن و 552 هەزار) دینار بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020.
(د) هەڵسەنگاندنی داهاتی نانەوتی بۆ چوار مانگی كۆتایی ساڵی 2020 بە بڕی (2 تریلۆن دینار).

مادەی 2
هەڵسەنگاندن بۆ خەرجییە گشتییەكانی سێ‌ مانگی كۆتایی ساڵی 2020 بڕەكەی (57 ترلیۆن و 811 ملیار و 453 ملیۆن و 639 هەزار دینارە و بەمجۆرە دابەشدەبن:-
(ئەلف): هەڵسەنگاندنی خەرجی خولاو بە بڕی (53 ترلیۆن و 858 ملیار) دینار. كە لە نەخشەی ژمارە یەكی ئەم یاسایەدا روونكراوەتەوە.
(ب): هەڵسەنگاندنی خەرجی وەبەرهێنان بە بڕی (3 ترلیۆن و 953 ملیار و 453 ملیۆن و 639 هەزار) دینار، كە لە ستونەكانی (یەك و دوو) لە نەخشەی ژمارە دووی هاوپێچی ئەم یاسایەدا روونكراونەتەوە بە هەڵاوێردنی ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لەلایەن گرێبەستەكانی رێگەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوتەوە پارەدار دەكرێن لەگەڵ ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لەرێگەی قەرزی دەرەكی و ناوخۆییەوە پارەدار دەكرێن وەك ئەوەی لە ستونی ژمارە سێی خشتەی ژمارە دووی هاوپێچی یاساكەدا روونكراوەتەوە.

مادەی 3
هەڵسەنگاندنی كورتهێنانی پارەداركردن بە بڕی (41 ترلیۆن و 629 ملیار و 837 ملیۆن و 87 هەزار) دینار، كە پڕدەكرێتەوە لەرێگەی رێگەپێدان بە وەزیری دارایی بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی لەرێگەی دەركردنی چەكی سەنەدی بانكی بۆ بانكە ناوخۆییەكان و وەرگرتنی قەرز لە بانك و دامەزراوە داراییە دەرەكییەكان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان.

مادەی 4
بەردەوامیدان بە كاركردن بە مادەكانی (2 و 3) لە یاسای وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پارەداركردنی كورتهێنانی دارایی ساڵی 2020.

مادەی 5
بڕگەی یەك:-
وەزارەتی دارایی / فەرمانگەی ژمێریاری- هەڵدەستێت بە پارەداركردنی:-
(ئەلف): خەرجی خولاو كە لە خشتەی ژمارە (یەك)ی هاوپێچی یاساكەدا ئاماژەی پێدراوە بە هەڵاوێردنی ئەحكامەكانی (مادەی 13 – لە یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی ژمارە 6 ساڵی 2019).
(ب): خەرجی وەبەرهێنان كە لە خشتەی ژمارە (2)ی هاوپێچی ئەم یاسایەدا ئاماژەی پێكراوە.

بڕگەی دوو:-
رێژەی هەرێمی كوردستان لە كۆی خەرجییەكان دەستنیشان دەكرێت لە (خەرجی خولاو و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان) دوای لێبڕینی خەرجییە سیادییەكان بەپێی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019.

مادەی 6
ئەم یاسایە بڵاودەكرێتەوە لە رۆژنامەی فەرمی و لە رۆژی دەنگدان و تێپەڕینی یاساكەوە دەخرێتە بواری جێبەجێكردن تا رۆژی 1/1/2021 بە هەڵاوێردنی مادەكانی (3 و 4) لە یاساكەدا.

هۆكاری دەركردنی ئەم یاسایە
بە لەبەرچاوگرتنی دواكەوتنی رەوانەكردنی پرۆژەبودجەی گشتی بۆ ساڵی دارایی 2020 و بەردەوامی مانەوەی نرخی نەوتی خاو لە ئاستێكی نزمدا، وە پێویستی پارەداركردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی و دەرمان و فۆڕمی دابەشكردنی خۆراك و شایستەكانی جوتیاران و وەبەرهێنەران و خەرجییە پێویستەكانی دیكە ئەم یاسایە دەركرا.