01:14 - 04/11/2020
مووچەخۆر هەبووە هەم فەرمانبەر و هەم خانەنشین بووە
لیژنەی باڵای بایۆمەتری بڕیاریدا بە رارگرتنی نزیكەی 17 هەزار مووچەی نایاسایی، كە بەپێی تۆمارەكان بەشێكیان دوو مووچەیان هەبووە لە یەك كاتدا و بەشێكیشیان لە یەك كاتدا هەم فەرمانبەر و هەم خانەنشینیش بوون.
داتای ئابڕوبەر
بەپێی داتا و ئامارەكانی بایۆمەتری (١٠٦٨٣٩) كەس زیاتر لە مووچەو منحەیەك وەردەگرن كە زۆربەیان بە یاسا رێكخراوە، ١٦٥٠٥ كەسیان فرەمووچەی نایاساییان هەیە و بەپێی بڕگە دووەم لە ماددەی (٣)ی یاسای چاكسازی بە نایاسای هەژماردەكرێن كە بەمشێوەیە پۆلێن كراوون:-
(١١٣٨) كەسی دووبارە تۆماركراون وەك فەرمانبەر،واتە دوو مووچەی فەرمانبەرییان هەیە.
(٣٨٩١) كەس وەك فەرمانبەر و خانەنشین تۆمار كراون، واتە مووچەیەكی فەرمانبەری وەردەگرن و مووچەیەكی خانەنشینی.
(٥٧٣٤) كەسی دووبارە لە خانەنشین تۆمار كراون، واتە دوو مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
(٥٧٤٢) كەسی دووبارە لە كاروباری كۆمەڵایەتی تۆماركراون، واتە دوو مینحەی وەزارەتی كار وەردەگرن.
بایۆمەتری چییە؟
پێش دەستپێكردنی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 ، ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەت زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بوو كە 95 هەزاریان خوێندكاری زانكۆ بوون و پێشتر دەرماڵەیان لە حكومەت وەردەگرت.
سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری تۆماری بایۆمەتری لە سەروبەندی قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەدا لە لێدوانێكی میدیایدا وتی، ئەو 95 هەزار خوێندكارەی زانكۆ لە لیستی مووچەخۆرانی حكومەت دەرهێنراون، جگە لەوان 50 هەزار كەسی دیكەش دەرهێنران. ئێستا بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری، حكومەت ملیۆنێك و 259 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە.
هەر بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بایۆمەتری، لە قۆناغی یەكەمدا پرۆژە 3 ملیار دیناری تێچووە و خەرجی تۆماركردنی هەر مووچەخۆرێك لەو قۆناغەدا 700 دیناری عێراقی بووە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
قۆناغی دووەمی بایۆمەتری
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بڵاوكرایەوە، جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای بایۆمەتری كردووە و لە لە كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی جێبەجێ كردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری كراوە بە ئاڕاستەی بەرجەستەكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی بە سودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای زانیاری لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكومەت و فراونكردنی پرۆگرامەكە تا بوارەكانی تریش بگرێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرابوو لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ بەردەوامیدان بە پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆران و یەكلاكردنەوەی فرەمووچەی نایاسایی پشتبەستوو بە یاسایی چاكسازی. بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و وەزارەتی دارایی راسپێردران بەم ئەركە هەستن.
نیوەی مووچەخۆران تێبینییان لەسەرە
بەپێی قۆناغی یەكەمی بایۆمەتری مووچەخۆران، حكومەتی هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 259 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە بەڵام لەو ژمارەیە بە دانپێدانانی بەرپرسانی سیاسی هەرێمی كوردستان 650 هەزار موچە خۆری بندیوارە، و موچەی مانگانەیان نزیكی چوارسەدو پەنجا ملیۆن دۆلارە.
بەپێی ژمارە فەرمییەكان:-
كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن
لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.
بەمپێیەش ئێستا لە هەرێمی كوردستان بارتەقای مووچەخۆرەكانی حكومەت، مووچەخۆری بندیوار و نایاسایی هەن جا لە سلكی شارستانی یان سەربازی یان خانەنشینیدا بن.