ڕاپۆرتی کوردستانی

01:19 - 03/11/2020

وەسێتی نەجمەدین كەریم مشتومڕ دەخاتەوە نێوان یەكێتی و پارتی‌

پەیسەر

نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك, رۆژی 31ی تشرینی یەكەم لە ئەمریكا كۆچی دوایی كرد،  بەپێی راگەیاندراوی نوسینگەكەی وەسێتی كردووە، لە كوردستان بنێژرێت و پاش "ئازادكردنی كەركوك" تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو شارە، ئەم وەسێتەش مشتومڕ دەخاتە نێوان پارتی و یەكێتییەوە.

نەجمەدین كەریم لە ساڵی 1949 لە شاری كەركوك لە دایكبووە و لە ساڵی 1972 دەبێتە پێشمەرگە و لە سەركردایەتی یەكێتی قوتابیان بووە، یەكێك بووە لەو سەركردە سیاسیانەی كورد، كە بە لۆبی كردن بۆ پرسی كورد و كێشە سیاسییەكانی ناسراوه‌. لەساڵی  1991 تا 97 سەرۆكایەتی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردی كردووە.

نەجمەدین كەریم، دوای چونە ئەمریكا لە ساڵی 1976 دەبێتە پزیشكی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی كە بەهۆی نەخۆشییەوە لەو وڵاتە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بووە. له‌كاتی نه‌خۆشكه‌وتنی ده‌ورێكی سه‌ره‌كی هه‌بووه‌ له‌ چاوێریكردنی جه‌لال تاڵه‌بانی.
له‌دوای ساڵی 2005ه‌وه‌ جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەوڵیدا نەجمەدین كەریم بهێنێـتە كوردستان و سەرەتا وەك كەسایەتییەكی سەربەخۆ ناوی  دەهێنرا بۆ وەرگرتنی پۆستە حكومییەكان، بەڵام سەر ئەنجام لە ساڵی 2009 گەڕایەوە كوردستان و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌میدا بووە ئەندامی مەكتەبی سیاس یەكێتی نیشتیمانی كوردستان.

پاش دوو ساڵ مانەوەی لە كوردستان لە سەرەتای مانگی 4ی 2011 دەبێتە پارێزگاری كەركوك. نەجمەدین كەریم دووەم پارێزگاری ئەو شارە دەبێت لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن.

هەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی  وەك پارێزگاری كەركوك، توشی چەندین كێشە و گیروگرفت بوو لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە و ململانێیەكی زۆری لەگەڵ كرا، بەڵام پاش شەڕی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە دابڕاوەكان لەلایەن حكومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، نه‌جمه‌دین كه‌ریك له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ پارتی تۆمه‌تبار ده‌كرێت و كارەكانی بە دڵی یەكێتی نابێت و پرسی گۆڕین و لابردنی دەبێتە رۆژەف. ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و نەجمەدین كەریم، لە ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان گەیشتە ترۆپك.

نەجمەدین كەریم بەهۆی پشتیوانی ریفراندۆم و كاركردن بۆ سەركەوتنی ئەو پرسە نیشتیمانییە لە كەركوك، لە رۆژی  14ی ئەیلولی ساڵی 2017 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە. لە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوورخرایەوە.بۆیە تا پێش رەوانەكردنی بۆ ئەمریكا بەهۆی نەخۆشییەكەوە، لە شاری هەولێر مایەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە شاری كەركوك، تا سەرەتای ئۆكتۆبەر توشی جەڵدەی مێشك دەبێت و پاش مانەوەی لە نەخۆشخانەیەكی ئەمریكا لە 31ی ئۆكتۆبەر گیانی لەدەستدا.

بەپێی راگەیاندراوی نوسینگەكەی، نەجمەدین كەریم وەسێتی كردووە، تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ كوردستان و پاش ئازادكردنی كەركوك و گەڕانەوەی پێشمەرگە تەرمەكەی بە یەكجاری بگەڕێنرێتەوە بۆ شاری كەركوك.

وەسێتەكەی لە نێوان خواستی پارتی و رێگەپێنەدانی یەكێتی

ئازاد كەریمی برای نەجمەدین كەریم كە قسەی بۆ كەناڵی رووداو كردووە، باسی لەوەكردووە كە خواستی نەجمەدین كەریم ئەوە بووە بە ئامانەت لە شاری هەولێر بنێژرێت و پاشان ببرێتە شاری كەركوك، ئازاد دەڵێ‌: نەجمەدین كەریم گوتویەتی بە ئەمانەت لە هەولێر بمنێژن، بەڵام هەرکاتێک کەرکووک خرایەوە سەر کوردستان تەرمەکەم دەرکەن و لەوێ بمنێژن. بەڵام بە پێی زانیارییەكانی پەیسەر، پارتی خواستی ئەوەی هەیە كە نەجمەدین كەریم لە كەركوك بەخاكبسپێرن نەك لە شاری هەولێر بە ئەمانەت بنێژرێت.

بەپێی زانیارییەكان پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە، كە نەجمەدین كەریم بە رێورەسمێكی شایستە تەرمەكەی ببرێتە كەركوك و لەوێ  بەخاكبسپێردرێت،  بۆ ئەو مەبەستەش پەیامی بۆ یەكێتی ناردووە، بەڵام تا ئیستا هەوڵەكان ئەنجامێكی نەبووە.

بەشێك لە سەركردایەت یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش كە كێشەی لەگەڵ سیاسەتەكانی ئەم دوایەی نەجمەدین كەریم هەبووە، پێی خۆش نییە تەرمی نەجمەدین كەریم بگەرێنرێتەوە بۆ شاری كەركوك و بیانووی ئەوەشیان هیناوەتەوە كە خواستی نەجمەدین كەریم ئەوە بووە تا ئاسایبوونەوەی دۆخی كەركوك لە شاری هەولێر بنێژرێت، نەك لەم دۆخە ببرێتەوە بۆ شاری كەركوك.

پارتی بۆ ئەوەی ئەمە وەك بەڵگە لە دژی یەكێتی بەكاربهێنێت، نامەیەكی فەرمی دەداتە بنەماڵەكەیی و تێدا داوای ئەوەیان لێدەكات كە نەجمەدین كەریم راستەوخۆ ببرێتەوە بۆ شاری كەركوك و لەوێ بنێژرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بەشێك لە بەرپرسانی یەكێتی ئەم كارەیان بەدڵ نییە، پێیان خۆش نییە لەم دۆخە تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە بۆ كەركوك.

له‌ دوای به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یشتنی هه‌وڵه‌كان بۆ ناشتنی له‌ كه‌ركوك، به‌ پێێ زانیارییه‌كان په‌یسه‌ر، له‌ ئێستادا ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ناشتنی ته‌رمی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ شاری هه‌ولێر ده‌ستی پێكردووه‌ وكه‌ پێده‌چێت هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ مه‌راسیمێكدا له‌ شاری هه‌ولێر به‌ خاكده‌سپێردرێت.

نەجمەدین كەریم لە ماوەی بوونە پارێزگاری كەركوك لە ساڵی 2011ەوە تا كاتی گیانلەدەستدانی، لە نێوان ململانێی یەكێتی و پارتیدا بووە و دژایەتی كراوە، لە ماوەی 6 ساڵ پۆستەكەشیدا، سەرەتا لەلایەن پارتی و دوایش  لەلایەن یەكێتییەوە كەوتوەتە بەر رەخنە و ئێستاش بۆ پرسی ناشتنی تەرمەكەی ململانێی ئەو دوو حیزبە كۆتایی پێ نەهاتووە.