ڕاپۆرتی کوردستانی

02:32 - 01/11/2020

پەروەردە دەوەستێت و خوێندنی باڵا ریكۆرد دەشكێنێت‌

پەیسەر

بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگاكاندا بۆ ماوەی یەك مانگ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان رادەگیرێت، هاوكات وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان ریكۆردی وەرگرتنی خوێندكاران دەشكێنێت، بەڵام حكومەتی عێراق رێوشوێنی جیاوازتر دەگرێتە بەر و پرۆسەی خوێندن ناوەستێنێت.

خوێندنی ناو پۆل دەوەستێت
بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە هەرێمی كوردستان بڕیاردرا پرۆسەی خوێندن لەناو قوتابخانە و خوێندنگاكاندا تا رۆژی یەكی مانگی داهاتوو رابگیرێت و بڕیارەكەش سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بە حكومی و ئەهلییەوە دەگرێتەوە.
د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێكی میدیایدا رایگەیاند: لەپێناو پاراستنی گیانی قوتابیان و مامۆستایان، پرۆسەی خوێندن بە شێوەیەكی كاتی تا 1ی 12ی 2020 رادەگیرێت و بڕیارەكەش سەرجەم قوتابخانە حكومیی و ئەهلییەكان دەگرێتەوە.
وتیشی: دوای ئەم مانگە جارێكی دیكە لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە و هەڵسەنگاندن لەبارەی دۆخەكە دەكات، ئەگەر ئەوكات دۆخەكە گونجاوبێت دەرگای ناوەندەكانی خوێندن دەكرێتەوە، ئەگەرنا بە داخراوی دەمێننەوە.


خوێندنی باڵا ریكۆرد دەشكێنێت
ئەمرۆ یەكشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگاكان راگەیاند و بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمساڵ رێژەی وەرگرتنی خوێندكاران ژمارەی پێوانەیی شكاندووە و زۆرینەی هەرەزۆری دەرچووانی ئامادەیی وەرگیراون.
د.خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: ئەمساڵ دەرچوانی خولی یەكەم و دووەمی قۆناغی 12ی‌ ئامادەیی لە یەك كاتدا بە سیستمەكانی (زانكۆلاین، پارالێل و ئێواران) داوایان پێشكەشكرد كە پلانی وەزارەت بریتی بووە لە 56 هەزارو 804 كورسی و لەو ژمارەیەش 49496 خوێندكار وەرگیراون.
وتیشی: بۆیەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە و 100% خوێندكاران و پێشكەشكاران لەزانكۆو پەیمانگاكان وەربگیرێن و بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 18 هەزار كورسی بە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادمان كردوە.
د.خەتاب ئەحمەد شێخانی راشیگەیاند: لەپاڵ ئەمانەدا،  5303 پێشكەشكاری ساڵی رابردوو وەرگیران، كە بەتێكڕا 65% خوێندكاران لە خوێندنی گشتی و 17%  پارالێڵ و 17% ئێواران وەرگیراون.

عێراق پلانی جیاوازە
هاوكات لەگەڵ بڕیاری راگرتنی پرۆسەی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگاكان لە هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق رێكاری نوێی بۆ پرۆسەی خوێندن گرتەبەر و لەبری راگرتن بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی دەوامی قوتابخانە و خوێندنگاكان و بەرزكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لە پەتای كۆرۆنا.
فەلاح ئەلقەیسی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند كە ئامادەكارییەكان بۆ دەستكردن بە پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ كراوە و بڕیارە لە 15ی ئەم مانگە پڕۆسەكە بە كەمكردنەوەی پڕۆگرامی خوێندن و بە پشت بەستن بە بەرنامە پەروەدەییە تەلەفزیۆنییەكان دەستپێبكات.
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی عێراق ئاشكراشی كرد كە خوێندكاران 2 بۆ 3 رۆژ سەردانی قوتابخانە دەكەن و لە پۆلدا وانەكانیان دەخوێنن، بەتایبەت شەشەمی ئامادەیی و قۆناغەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمی سەرەتایی.
وتیشی: كە هێشتا تاقیكردنەوەكانی خولی دووەمی ساڵی خوێندنی رابردوو كۆتایی نەهاتووە و دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكە، خوێندنی ئەمساڵ دەستپێدەكات، بەڵام ئەم ئامادەكارییانەش پەیوەستە بە بڕیارەكانی شانەی قەیرانی تەندروستیی سەربە وەزارەتی تەندروستی و لەوانەشە بەپێی دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەر بڕیارەكاندا بێت.