ڕاپۆرتی کوردستانی

01:49 - 31/10/2020

بۆری نەوتی هەرێم لەنێوان فەرهود و ئاگردا‌

پەیسەر

بۆ سی ساڵ دەچێت دەسەڵاتی کوردی دەستی بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت کردووە، پێشتر لە رێگەی ئیدارەکانی سلێمانی و هەولێر  و دواتریش لە رێگەی حکومەتی یەکگرتووەوە، ئەم پڕۆسەیە هەرێمی توشی قەرزێکی گەورە و گوزەرانی هاوڵتیانیشی خستە بەردەم مەترسیی گەورەوە، هێرشی پەکەکەش هێندەی دیکە ئەم سەرچاوە ناڕوونەی خستەژێر مەترسییەوە، بەم جۆرە ئاگری نەوتی هەرێم گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی سوتاند.

ئیدارەی سلێمانی؛ یەکەم هەنگاو
دەسەڵاتی کوردی لە دوای راپەڕینەوە دەستی بە دەرهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد،  یەکەم جار نەوتەکە بە توانای خۆماڵیی و لەلایەن ئیدارەی سلێمانییەوە دەرهێنرا، پێش روخانی رژێمی سەدام حسێنیش هەر ئیدارەی سلێمانی یەکەم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیدا ئەنجامدا.

لە ساڵانی دوای راپەڕین ئیدارەی سلێمانی بۆ پەیداکردنی داهات دەستی بە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم کرد، دوای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەستی کرد ناتوانێت بە توانای خۆماڵی ئیدارەی ناوچەکەی بکات، ئەوە بوو لە ١٧ی تەموزی ٢٠٠٢، واتە یەک ساڵ پێش رووخانی سەدام، ئیدارەی سلێمانی یەکەم گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئینێرجی تورکیدا واژۆ کرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق. لەسەر گرێبەستەکە واژۆی بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی حکومەتی هەرێم (ئیدارەی سلێمانی) و مەهمەت سەپیل دامەزرێنەری کۆمپانیاکەی بەسەرەوە بوو.

ئیدارەی هەولێر هەنگاوی جددی نەدەنا، بەڵام ئیدارەی سلێمانی بەردەوام بوو، ئەوە بوو لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠٠٣ ئیدارەی سلێمانی لەگەڵ پیت ئۆیڵ رێککەوتن بۆ پەرەدان بە بلۆکەکانی شاکەل و پولخانە.

کەوتنەخۆی ئیدارەی هەولێر
دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستی کرد رکابەرەکەی توانیویەتی کۆمپانیا بیانییەکان پەلکێش بکات بۆ نەوتی ناوچەی سەوز، ئیدارەی هەولێریش یەکەم هەنگاوی خۆی نا و لە حوزەیرانی ٢٠٠٤ سێ گرێبەستی بۆ کارکردن لە تاوکێ-٤، ئەربیل-٥ و دهۆک-٦ لەگەڵ کۆمپنایای دی ئێن ئۆ واژۆکرد.

هەرچەندە ئەم هەنگاوە بۆ هەولێر سەرەتا بووە و قازانجەکەش زۆر گەورە نەبووە، بەڵام بەم جۆرە پارتی دیموکراتی کوردستانیش سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەکەی پەیدا کرد.

لێرەوە، بەبێ یاسایەکی یەکگرتوو، بەبێ ئەوەی وردەکارییەکانی بخرێتە روو، دوور لە چاوی دەزگایەکی چاودێر، دوو ئیدارەی کوردی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەستیان بە دەرهێنانی نەوت کرد، ئەمە سەرەتای مێژوویەکی درێژە لە دۆسییەی نەوت کە ئەگەرهەموان دانیان بە شکستەکەشیدا نەنابێت لە ئێستادا بە دەنگی بەرز شانازی پێوە ناکەن.

سەرەڕای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە و راسپاردنی پێکهێنانی کابینەی یەکگرتوو لە شوباتی ٢٠٠٦، گرێبەستەکان لە دەرەوەی حکومەتی یەکگرتوو بەردەوامییان هەبوو، ئەمەش هێندەی دیکە دەستەواژە و مانای "حکومەتی یەکگرتووی" خستە ژێر گومانەوە.

هەنگاوە گەورە و مەترسیدارەکە
حکومەتی یەکگرتووی هەرێم یەکەم هەنگاوی گەورەی نا، هەنگاوێک کە تاکو ئێستاش بە مەترسیدار بۆ سەر ئاسایشی ئابووری هەرێم دادەنرێت.

رێککەوتنەکە بە ٥٠ ساڵیش ناودەبرێت و ئامانج لێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بوو لە رێگەی تورکیاوە، دەقی رێککەوتنەکە بووە مەتەڵ و تاکو ئێستاش بە ناڕوونی ماوەتەوە. سەرەڕای رەخنە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان و هۆشدارییەکانی بەغدا، لەسەر بنەمای رێککەتنەکە حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ لە رێگەی تورکیاوە دەستی بە هەناردەکردنی نەوتەکەی کرد. لە دوای کۆنترۆڵکردنی شاری کەرکوکیش، حکومەتی هەرێم نەوتی رۆژئاوای پارێزگاکەی هەناردەی تورکیا کرد.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بە سەربەخۆیی و بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق، بوو بە هۆی سەرهەڵدانی چەندین کێشە و گرفت کە تاکو ئێستا بەردەوامن و باجی یەکەمی ئەم کێشانەش هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان داویانە، لەو رۆژەوەی هەرێم بە سەربەخۆیی نەوتی هەناردە کرد و بەهۆیەوە بەغدا پشکی هەرێمی بڕی، هاوڵاتیان کەوتنە ناو گوزەرانێکی خراپ و مەترسیدارەوە، سەرەڕای پاشەکەوتکردن و لێبڕینی موچە بۆ چەند ساڵیک، تاکو ئێستاس حکومەتی هەرێم موچەی تەواو لەکاتی خۆیدا بە فەرمانبەران نادات و پڕۆژە خزمەگوزارییەکانیش پەکیان کەوتووە.

بۆری نەوتی هەرێم لەنێوان فەرهود و تەقاندنەوەدا
لەو کاتەوەی ئیدارەکانی سلێمانی و هەولێر و دواتریش حکومەتی هەرێم گرێبەستی نەوتی ئەنجام دەدات و هەناردەی دەرەوەی دەکات، رەخنە لە گرێبەستەکان دەگیرێت و بە ناڕوون و مەترسیدار ناودەبرێن، بەڵام گرێبەستەکان بە ناڕوونی بەردەوامن و کەمترین زانیاری بە هاوڵاتیانی هەرێم و تەنانەت پەرلەمانی کوردستانیش دەدرێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە چەند ساڵێکە لە ناکۆکیی سەختدایە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند جارێک بۆرییە نەوتییەکانی هەرێمی کردووەتە ئامانج، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک ئەم هەواڵانەی رەتکردووەتەوە، بەڵام چەندین جار بە روونی دانی بە تەقاندنەوەی ئەم بۆرییانەدا ناوە و پێی وابووە ئەم بۆرییە خزمەت بە ئابووری تورکیا دەکات و ئەمەش بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی کوردی لە باکور و رۆژئاوای کوردستان بەکاردەهێنرێت.

لە نوێترین رووداودا ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە بڵاویکردەوە،"هێزەکانمان لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ لە دژی بۆری نەوتی بۆتاش لە هەرێمی باگۆکی سەر بە شاری مێردین چالاکیەکی سەرکەوتویان ئەنجامداوە و لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا بۆری نەوتەکە بە تەواوەتی لەناوچووە."

ئەمەش دانپێدانانی راستەوخۆی پەکەکەیە بە تەقاندنەوەی بۆریە نەوتەکەدا، دوای ئەم راگەیەندراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و بە توندی هێرشی کردە سەر پەکەکە و رووداوەکەی بە "تیرۆریستی" ناوی برد.

حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەدا کارەکە بە "تیرۆریستی" ناو دەبات و دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی کردەوەی تێرۆریستیی بە ئامانجگرتنی بۆڕی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان سەرکۆنە دەکات."

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "رۆژی چوارشەممە ٢٨ تشرینی یەکەم ٢٠٢٠، بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بوەستێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم کردەوە تێرۆریستییە شەرمەزار دەکات و پێی وایە ئەم جۆرە کردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەکەن."

حکومەتی هەرێم باس لەوە دەکات رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکات و هۆشداری ئەوە دەدات کە، "حکومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی بکرێت ودەست بۆ قوتی خەڵکی کوردستان ببرێت. لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە."

مێژووی هێرشەکان
چەندین جاری دیکە پارتی کرێکارانی کوردستان بە هێرشکردنە سەر بۆری نەوتی هەریم تۆمەتبار کراوە و پەکەکەش زۆربەیانی رەتکردووەتەوە.

وه‌زاره‌تی وزه‌و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كانی توركیا لە ٢٧ی شوباتی ٢٠١٦ رایگەیاند، "په‌كه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆری نه‌وتی كه‌ركووك – جه‌یهانی كرد و به‌هۆیه‌وه‌ له‌ رۆژی 17-2-2016 چالاكی گواستنەوەی نه‌وت له‌ بۆرییه‌كه‌دا راگیرا، رۆژی 25-2-2016 له‌ 65.4مین كیلۆمه‌تری بۆرییه‌ نه‌وتییه‌كه‌ له‌ شارۆچكه‌ی هێزه‌خ سه‌ر به‌ شاری مێردین له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ ته‌قێنرایەوە"

راگەیەندراوەکە باسی لەوەش کردبوو، "به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌كه‌ بۆرییه‌كان له‌ پێوه‌ره‌كانی 40 – 46 زیانێكی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت و ئاگرێكی گه‌وره‌ی ‌ لێكه‌وته‌وه، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌دا چه‌ندین بۆمب و مینی چێنراویان دۆزیوەته‌وه‌و ئه‌گه‌ری بوونی بۆمبی زیاتر ده‌كرێت و، بۆ ئه‌م هۆكاره‌ش ناچاربووین ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی گه‌مارۆبده‌ین"

لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو، "ئه‌م هه‌وڵه‌ی پەکەکە سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی ناوچه‌كه‌یان به‌ئامانج گرتووه‌ له‌ كاتێكدا ده‌زانن كه‌ سه‌رچاوه‌ی فرۆشی نه‌وت، بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ باكووری عێراق تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانی هاونیشتمانه‌كانیانه‌ و بۆری نه‌وتی كه‌ركوك – جه‌یهان سه‌رچاوه‌ی خۆشگوزه‌رانیانه،‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ی كردووه‌ته‌ ئامانج و رێگر ده‌بێت له‌ خۆشگوزه‌رانی و ئارامی و سه‌قامگیرییان"

هەر ئەو کاتە و لە ڕۆژی (١٧ی شوباتی ٢٠١٦) حکومەتی ھەرێم تەقاندنەوەی بۆری نەوتی (کوردستان ـ جەیھان)ی ڕاگەیاند و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)شی تۆمەتبارکرد بەتەقاندنەوەی ئەو بۆریە لەشاری ڕۆحای باکوری کوردستان.

دوای چەند رۆژێک موراد قەرەیلان فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل ‌و ئەندامی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە هەواڵەکەی رەتکردەەوە و وتی، "بەوردی لێکۆڵینەوەمان لەسەر ئەو دەنگۆیانە کرد کە گوایە بزووتنەوەکەمان لە روها و شرناخ کردەوەیان دژی بۆری نەوتی کوردستان ئەنجام دابێت، بەڵام نە هێزەکانی ئێمە و نە هێزە وڵاتپارێزەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشکردنە سەر بۆری کوردستان نییە. بەبڕوای ئێمە هێزەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە".


قەرەیلان بە ئاشکرا داوای رەزامەندی و مۆڵەتی ئەوانی کردبوو. "لەکاتێکدا کە دەوڵەتی تورک لە باکووری کوردستان کۆمەڵکوژی دەکات، راکێشانی بۆری گاز لە هەمان ناوچە پێویستی بە رەزامەندی گەلی ئێمە لە باکووری کوردستان هەیە".

کێ زیان دەکات؟
لەگەڵ ئەوەی هیچ پشکێکی هەرێم لە بۆرییەکەدا نییە، بەڵام تەقاندنەوەی هەناردەی نەوت دوادەخات و زیانی گەورە لە داهاتی هەرێم دەدات.

وریا حسێن بەرێوەبەری رێکخراوی دۆر بۆ زانیاریی نەوتی کوردستان دەڵێت، "ئەو بۆریەیى تەقێنراوەتەوە هاوپشکە لەنێوان کۆمپانیاى ڕوسنەفت و کۆمپانیاى کار گروپ. پشکى کارگروپ 42%ی بۆریەکەیە، پشکى کۆمپانیاى ڕوسنەفت "روسى" 58% بۆریەکەیە. هیچ پشکێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبۆریەکەدا نیە، واتە بۆریەکە تەواو هی کەرتى تایبەتە، بەڵام هەر رۆژێکى تەقاندنەوەى بۆریەکە زیانى ماددى بەر خەزێنەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەوێت، ئەویش بەهۆى ئەوەى نەوت هەناردە ناکات، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەرى لەسەر موچەى فەرمانبەران دەبێت."

سەبارەت بە زیانەکان و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و  پەکەکە لەسەر ئابوری هەریم وریا حسێن دەڵێت،"ئەوە یەکێکە لەدەرئەنجامە خراپەکانى شەڕى نێوان "پارتى و پەکەکە" و ئاکامى هاتنى سوپاى تورکیا، هیوادارم ئەمە کۆتا زیان بێت بەرمان دەکەوێت، تکایە شەڕمان لێ لادەن."

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی فەرهود و تاڵانکاریی بەرپرسانی هەرێم و تەقاندنەوەی دا بووە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندا، بەم جۆرە نەوتی هەرێم لەلایەن بەرپرسانەوە بە تاڵان براوە و لە کاتی فرۆشتنیشیدا داهاتەکەی ئاشکرا نەکراوە.