ڕاپۆرتی کوردستانی

01:15 - 29/10/2020

دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك‌ و دەرهاویشتەكانی‌

پەیسەر

دوای دووجار دواخستن و دوای گفتوگۆ و كێشمەكێش تا نزیك كاتژمێر 4ی بەرەبەیان، سەرئەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەكانی هەڵبژاردنی لە پارێزگای كەركوك پەسەندكرد و 12 كورسی پارێزگاكە بەسەر 3 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكران.
بەوەش كۆتایی بە پرۆسەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق هات و پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش رەزامەندن بەو شێوازە دابەشكارییەی بازنەكانی هەڵبژاردنی كەركوك.

سێ‌ بازنەی هەڵبژاردن
بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە كۆپییەكی دەست پەیسەرپرێس  كەوتووە و 5 كەس لە كورد و عەرەب و توركمان واژۆیان كردووە و لەنێویشیدا نوێنەرانی پارتی و یەكێتی، ژمارەی كورسییەكانی پارێزگای كەركوك بە 12 كورسی دەستنیشان كراوە كە پێویستە 3 كورسییان بۆ كۆتای ژنان بێت.


هاوكات بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بۆ 3 بازنە دابەشكراوە بەجۆرێك:-

بازنەی یەكەم: رۆژهەڵاتی پارێزگای كەركوك 5 كورسی
بازنەی دووەم: سەنتەری پارێزگای كەركوك 4 كورسی
بازنەی سێیەم: قەزاكانی حەویجە و ریاز 3 كورسی.


پارتی: ئێمە رەزامەندین
دوابەدوای رێككەوتن و پەسەندكردنی بازنەكانی پارێزگای كەركوك، پارتی دیموكراتی كوردستان رای خۆی لەبارەی دابەشكارییەكە راگەیاند و رەزامەندی خۆی نیشاندا.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاكانی حیزبەكەی راگەیاند: لەسەرەتا تاوەكو كۆتایی گفتوگۆكانی دابەشبوونی بازنەكانی هەڵبژاردنی كەركووك و ناوچەكانی دیكە بەشدار بووین. تاوەكو كاژێر 3:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پەرلەمان بووین، بۆ دواجار پەرلەمان چۆنێتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنی كەركووكی پەسەندكرد، "ئێمەش رەزامەندین لەسەر سرووشتی دابەشكردنی  بازنە و ناوچەكان. 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵەبكرێت، كاندیدی باش هەبێت و خەڵك بە باشی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، ئەوا بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، كورسییەكانی كورد لەو پارێزگایە زیاتر دەبن.

یەكێتی: بۆ كورد باشە
هاوكات هەر لەبارەی شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی پارێزگای كەركوكەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای وایە كە ئەو شێوازی دابەشكارییە بۆ پێكهاتەی كورد گونجاوە.
رزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: هەموو لایەنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بوون لەبارەی چۆنێتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنی كەركووك. 
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی ئاماژە بەوەشدەكات: بەگشتی چۆنێتی دابەشكردنی  بازنە و ناوچە و كورسییەكان لە پارێزگای كەركوك بۆ كورد باشە، ئێمە لەسەری رازین و دەنگمان پێداوە.

كەركوك و مەترسی
نزیكەی هەفتەیەك بەسەر یەكلایكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت، بەڵام هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا لە پەسەندكردنی بازنەكاندا نەبوون و دوای چەند رۆژێك نەینەوا یەكلایی كرایەوە و ئەم بەرەبەیانەش كەركوك، كە وەك لە وتەی لایەنە سیاسییەكاندا دەردەكەوێت، هۆكاری جیاكردنەوەی ئەو دوو پارێزگایە بۆ ئەوەبوو كە لایەنە سیاسییەكان بگەنە رێككەوتن لەبارەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە، چونكە هەردوو پارێزگاكە فرە پێكهاتەن و ناوچەی جێناكۆكن لەنێوان كورد و عەرەب و توركمان و بەپێی دەستوریش بڕیاربوو بەپێی ماددەی 14، دەستور كێشەی ئەو ناوچە جێناكۆكانە یەكلایی بكاتەوە بەڵام ئێستا 13 ساڵ بەسەر وادەی جێبەجێكردنی ئەو بڕگە دەستورییەدا تێپەڕیوە و هێشتا لە چوارگۆشەی یەكەمدایە.

مادەی 140 چی تێدایە؟ 
دەستووری عێراق مادەی 140ی وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی  نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگا دراوسێكانی ( نەینەوا ، دیالە و سەڵاحەدین ) دەستنیشان كردووە.
مادەكە میكانیزمی سێ قۆناغی دەستنیشان دەكات : یەكەمیان ئاساییكردنەوەیە ، واتە چارەسەری گۆڕانكاری دیمۆگرافیای كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكان، دووەمیش سەرژمێری لەو ناوچانە ، دواهەمینیش ڕاپرسییە بۆ دیاریكردنی ئەوەی دانیشتووانەكەی دەیانەوێت سەر بە هەرێمی كوردستان بن یان حكومەتی عێراق و پێویست بوو ئەم قۆناغانە پێش 31 ی كانونی یەكەمی 2007 ئەنجام بدرانایە.

كورد چاو لە رێگایە
كورد ماددەی 140 بە تاكە نەخشەڕێگای چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكان دەزانێت و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی جیاجیادا داوای جێبەجێكردنی دەكەن.
مەسعود بارزانی لەكاتێكدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو لە 27 ی حوزەیرانی 2014 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر وتی: ماوەی 10 ساڵە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بە پێی مادەی 140 ، بەڵام بێ ئەنجام بووە .
هاوكات سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق كە كورد بوو، د. فواد مەعسوم ، لە مانگی ئازاری 2017 دا داوای لە حكومەتی فیدراڵی كرد، كە دەست بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 بكات و تەواوی ئەركەكانی لەو بوارەدا جێبەجێ بكات.