02:51 - 27/10/2020
تەنها لە چاكسازی لیستی مووچەی شارەزایاندا چەندین ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە
تەنها لە چاكسازی لیستی مووچەی شارەزایاندا، بڕی 350 ملیۆن دینار دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو بڕە مانگانە دەگەڕێتەوە و یاسای چاكسازی بەسەریدا جێبەجێكراوە.
لیستی شارەزایان
وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕاگەیاندراوێكی لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاو كردەوە تێیدا هاتووە كە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی پلەی شارەزاكانیان هەموار كردەوە، دوای هەمواركردنەوەیان، توانرا جیاوازیی موچەیان بۆ یەك مانگ نزیكەی 350 ملیۆن دینار بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، لە ماددەی 16 و بڕگەی دووەمی یاسایی چاكسازی باس لەوە دەكرێت كە كاربە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك لەگەڵ حكومەكانی ئەم یاسایەدا ناكرێت و هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی خاوەن وەزیفە باڵاكانی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (36)ی ساڵی 2004 و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بەسەریاندا.
یاسای چاكسازی
لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كارنامەی كابینەكە و هێزە پێكهێنەرەكانی حكومەتەكە باسی لە پرۆژەیاسای چاكسازی دەكرد، سەرەنجام لە مانگی نیسانی ساڵی 2020 رەشنوسی پەیڕەوی جێبەجێكردنی یاساكە پەسەندكرا و لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی كوردستاندا بڵاوكرایەوە، لە 1/7/2020یشەوە یاساكە خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.
حكومەتێكی قەرزدار
فشار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە هەرێمەكە بە قەیرانێكی سەختی دارایدا تێدەپەڕێت و بەپێی ژمارە فەرمییەكانیش ئێستا كوردستان زیاتر لە 28 ملیارد دۆلار قەرزدارە.
بەپێی ژمارە راگەیەندراوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، قەرزەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمجۆرەن:-
كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار
كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار
كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار
بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار
كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار).
بە مووچەخۆركردنی كۆمەڵگا
لە ئێستادا یەكێك لەو رەخنانەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان دەگیرێت، بەمووچەخۆركردنی كۆمەڵگایە، یاخود بە واتایەكی دیكە دامەزراندنی بێبەرنامەی كارمەند و مووچەخۆرە لە كەرتی گشتیدا لەساڵانی رابردوودا بە مەبەستی ململانێی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا كە سەرەنجام بە هەڵاوسان لە ژمارەی مووچەخۆری حكومەت لە هەرێمەكە كۆتایی هاتووە.
بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن.
لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.
مووچەخۆری ناشایستە
لەپاڵ رەخنە لە حكومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی بە لێشاوی بێبەرنامە لە ساڵانی رابردوودا، هاوكات یەكێكی دیكە لەو رەخنانەی لێیدەگیرێت رەخنەی بوونی مووچەخۆری وەهمی و ناشایستەیە ئەوە جگە لە ژمارەیەكی زۆر ناوی دووبارە لە لیستی مووچەدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە چەند مانگێك پێش ئێستا بڵاوكرایەوە، جێگری سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی لیژنەی باڵای بایۆمەتری كردووە و لە كۆبوونەوەكەشدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێكردنەوەی جێبەجێ كردنی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری كراوە بە ئاڕاستەی بەرجەستەكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی بە سودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای زانیاری لە بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكومەت و فراونكردنی پرۆگرامەكە تا بوارەكانی تریش بگرێتەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەوكاتی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە لیژنەیەك پێكبهێنرێت بۆ بەردەوامیدان بە پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆران و یەكلاكردنەوەی فرەمووچەی نایاسایی پشتبەستوو بە یاسایی چاكسازی. بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری و وەزارەتی دارایی راسپێردران بەم ئەركە هەستن.
لە قۆناغی یەكەمی بایۆمەتریدا چی روویدا؟
پێش دەستپێكردنی تۆماری بایۆمەتری لە ساڵی 2016 ، ژمارەی مووچەخۆرانی حكومەت زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس بوو كە 95 هەزاریان خوێندكاری زانكۆ بوون و پێشتر دەرماڵەیان لە حكومەت وەردەگرت.
سەفین غەفوور، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری تۆماری بایۆمەتری لە سەروبەندی قۆناغی یەكەمی پرۆسەكەدا لە لێدوانێكی میدیایدا وتی، ئەو 95 هەزار خوێندكارەی زانكۆ لە لیستی مووچەخۆرانی حكومەت دەرهێنراون، جگە لەوان 50 هەزار كەسی دیكەش دەرهێنران. ئێستا بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری، حكومەت ملیۆنێك و 259 هەزار مووچەخۆر و فەرمانبەری هەیە.
هەر بە وتەی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بایۆمەتری، لە قۆناغی یەكەمدا پرۆژە 3 ملیار دیناری تێچووە و خەرجی تۆماركردنی هەر مووچەخۆرێك لەو قۆناغەدا 700 دیناری عێراقی بووە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.