ڕاپۆرتی کوردستانی

01:08 - 27/10/2020

هەرێمی كوردستان نایەوێت لەكاتی خۆیدا سەرژمێری بكرێت‌

پەیسەر

جارێكی دیكە ئەگەری دواخستنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی هەیە لە عێراق، ئەو پرۆسەیەی لە ساڵی 2007ەوە ئەمساڵ بۆ ئەوساڵی پێدەكرێت و هەرێمی كوردستانیش پێشنیاز دەكات كە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی تا كۆتایی ساڵی داهاتوو دوابخرێت و هۆكارەكەشی بۆ تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا دەگەڕێندرێتەوە.

سەرژمێری چییە؟
سەرژمێری دانیشتوان، كردارێكی پەیڕەوی یەك شێوازییە، هەموو زانیارییە دیمۆگرافی و كۆمەڵایەتیەكان لە خۆدەگرێت، كە لە ماوەیەكی دیاریكرودا بۆ هەموو تاكەكان لە وڵاتێك یان لە بەشێكییدا، كۆكردنەوەی زانیارییەكان و شیكردنەوە و بڵاوكردنەوەییان كردارێكی خولییەو لە ڕێگەیەوە ژمارەی دانیشتوان دیاری ئەكرێت بە فەڕمی، ئەم زاراوەیە بە گشتی ئەگەڕێتەوە بۆ ژمارەی دانیشتوان لە وڵاتێكدا و بە پێی ڕاسپاردەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر ١٠ ساڵ جارێك پێویستە پرۆسەكە ئەنجام بدرێتەوە و زانیارییەكانی سەرژمێری دانیشتوان بەكاردێت بۆ مەبەستی لێكۆڵینەوە و پلان دانان.
سەرژمێری دانیشتوان  واتا روپێوییەكی گشتگیر و هەمەلایە بۆ دانیشتوان كە تێیدا داتا كۆدەكرێتەوە لەبارەی ژمارەی دانیشتوان و دابەشبوونی جوگرافی دانیشتوان و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و ئاستی زانستی و دیانەت و و ئاستی داهات و و چەندین لایەنی تری جوگرافی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دانیشتوان .
 بۆیەكەمجار لە ئینگلتەرا لە ساڵی 1066 سەرژمێری ئەنجامدراوە و لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ساڵی 1791 سەرژمێری ئەنجامدراوە و پاشان  فەرەنسا 1836 بەلجیكا 1846 و ژاپۆن 1861 و ئەڵمانیا 1871 و هندستان 1881 و سۆڤیەت 1897 سەرژمێری دانیشیوانیان ئەنجامداوە .
 لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانیشەوە تا ئێستا 8 جار سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام لەدواین سەرژمێرییاندا هەرێمی كوردستانی تێدا نەبووە.


گرێ كوێرەی 14 ساڵ
ئەگەرچی پێویست بوو ساڵی 2007 سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام بدرایە، بەوپێیەی كە دواین سەرژمێری لە ساڵی 1997دا لە 15 پارێزگای عێراق ئەنجامدراوە و پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك)ی نەگرتووەتەوە، بەڵام تا هەنوكە پرۆسەكە ئەنجام نەدراوە و بڕیارە ساڵی داهاتوو سەرژمێری گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو ناوچانەش بەڕێوەبچێت كە بە سنووری مادەی ١٤٠ ناسراون. بڕیارەكە كە دەبوایە ساڵی ٢٠٠٧ جێبەجێبكرێت بۆ ساڵی ٢٠١٧ و دواتر بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دواخرا، بەڵام لە ٢٠٢٠یشدا بەهۆی كۆرۆناوە بۆ ٢٠٢١ دواخراوە.

لیژنەی هاوبەشی هەولێر و بەغداد
هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند، لیژنەیكی هاوبەش دروستدەكەن بۆ ریكەوتن و  كاری ورد لەسەر ئامار و ژمارەیی دانیشتوان، چونكە بڕیارە ئەم سەرژمێرییە هەموو پاریزگاكانی عێراق بگرێتەوە بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
دەستەی باڵای سەرژمێری دانیشتوان رایدەگەیەنێت، تیمی هونەریی لە بەغداوە سەردانی هەولێر دەكەن بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئامادەكاریی بۆ دانانی پلانێكی گشتی لەپێناو ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە ئەمساڵدا.
هاوكات سیروان محەمەد ئەندامی دەستەی سەرەكی ئاماری هەرێمی كوردستان دەڵێت، دەستەی ئامار پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تا سەرژمێریی و ئاماری گشتی بەهۆی دۆخی قورسی ئابوری و دارایی عێراق و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە بۆ یەك ساڵی تر و تا كۆتایی ٢٠٢١ دوابخرێت.
ئەوەش لەكاتێكدا كە بڕیارە لەم رۆژانەدا تیمی هونەریی ئاماری عێراق سەردانی هەولێر بكەن و گفتوگۆ بكەن لەبارەی چۆنێتی داڕشتنەوە و دانانی پلانی تایبەت بۆ سەرژمێری و ئامار لە قۆناغی داهاتوودا.

مێژووی سەرژمێری لە عێراق

 
یەكەم: ساڵی 1927 لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیدا یەكەم سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدراوە و لەو كاتەدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق 2 ملیۆن و 968 هەزار و 54 كەس بووە.

دووەم: ساڵی 1934، بە مەبەستی دروستكردنی رەگەزنامەی عێراقی سەرژمێری گشتی پێش وادەی خۆی ئەنجامدرا و لەو سەرژمێرییەدا ژمارەی دانیشتوان گەیشتە 3 ملیۆن و 213 هەزار و 174 كەس و پرۆسەكە بە دوو قۆناغ جێبەجێ كرا.

سێیەم: ساڵی 1947 سێیەم سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتوان لەو كاتەدا گەیشتبووە 4 ملیۆن و 816 هەزار و 185 كەس.

چوارەم: ساڵی 1957 سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجامدرایەوە و لەو ساڵەدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق  6 ملیۆن و 536 هەزار و 109 كەس بووە.

پێنجەم: لە ساڵی 1965دا جارێكی دیكە سەرژمێری لە عێراق دوو ساڵ وادەكەی پێشخرا بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و لەو كاتەدا ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتبووە 8 ملیۆن و 261 هەزار و 527 كەس .

شەشەم: ساڵی 1977 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرا و یەكەم سەرژمێری بوو كە دەزگای ئاماری عێراق ئەنجامی بدات دوای دامەزراندنی و قۆناغەكانی پێشتر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ئەنجامدرابوون.

حەوتەم: ساڵی 1987 سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامدرایەوە و ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە 16 ملیۆن و 335 هەزار و 199 كەس، بەڵام لەم پرۆسەیەدا بەهۆی جەنگی عێراق – ئێرانەوە بەشێكی زۆری ناوچە سنورییەكان لە پرۆسەكەدا بەشدار نەبوون.


هەشتەم: ساڵی 1997 جارێكی دیكە سەرژمێری لە عێراق ئەنجامدرا و ژمارەی دانیشتوان لەو ساڵەدا گەیشتبووە 19 ملیۆن و 184 هەزار 543 كەس، بەڵام بەوپێیەی سەرژمێرییەكە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ئەنجامدرابوو و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە.

لەو كاتەوە تا هەنوكە هیچ سەرژمێرییەكی گشتی دانیشتوان ئەنجام نەدراوە، لەكاتێكدا پێویستبوو لە ساڵەكانی 2007 و 2017دا دووجار سەرژمێری گشتی ئەنجام بدرایە و هەرجارەی بە بەهانەیەك دواخراوە و ئێستاش بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی رەوشی تەندروستییەوە ئەگەر هەیە جارێكی دیكە وادەی ئەنجامدانی دوابخرێتەوە.