ڕاپۆرتی کوردستانی

01:38 - 26/10/2020

(+OPEC ) ئەدرێسی كێشەیەكی نەوتی نوێ‌ لەنێوان هەولێر و بەغداد‌

پەیسەر

كێشەیەكی نوێ‌ لەبارەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا سەرهەڵدەدات، بەغداد هەولێر تۆمەتبار دەكات بە پابەندنەبوون بە بڕیاری (+OPEC ) لەبارەی كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە مەرجی پڕكردنەوەی زیانەكان ئامادەیە پابەندبێت بە داواكەی حكومەتی عێراقەوە بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

عێراق: هەرێم پابەند نابێت
لە لێدوانێكی میدیایدا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: بڕیاری  (+OPEC ) بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت كاریگەری راستەوخۆی كردووەتە سەر پرۆسەی گەڕان و پشكنین لە كێڵگە نەوتییەكاندا.
وەزیری نەوتی عێراق پێشبینیشی كردووە كە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2022 دەست بە پێشڕەوی لە كەرتی نەوتدا بكات و توانای بەرهەمهێنانیش لە 5 ساڵی داهاتوودا بگاتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
ئیحسان عەبدولجەبار لە درێژەی ئەو لێدوانە میدیاییەیدا كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردەوە رەخنە لە هەرێمی كوردستانیش دەگرێت كە پابەند نەبووە بە بڕیاری (+OPEC ) و رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی كەمنەكردووەتەوە.

(+OPEC ) چییە؟
ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك) ڕێكخراوێكی جیهانییە و كاردەكەن بۆ زیادكردنی داهات لە فرۆشتنی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا . دەوڵەتانی ئەندامی ئەم ڕێكخراوە خاوەنی 40 % ی بەرهەمی جیهان و 70 % ی یەدەگی نەوتی جیهانن و 11 دەوڵەت ئەندامن تێیدا.
ساڵی 2016 رێكخراوی ئۆپیك رێككەوتنێكی واژۆكرد بەناوی (ئۆپیك پڵاس - +OPEC) كە 23 وڵاتی هەناردەكاری نەوت لەخۆی دەگرێت و ئامانجی رێككەوتنەكە كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتە لەپێناو راگرتنی بەهاكەیدا.
لە سەرەتای ئەمساڵدا و دوای هەرەسهێنانی نرخی نەوت بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەك و ململانێی سعودیە و روسیا لە بازاڕی نەوتدا لەلایەكی تر، جارێكی دیكە رێكخراوی ئۆپیك كۆبۆوەو لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاریدا بە گەورەترین كەمكردنەوەی بەرهەمی نەوت لە مێژوودا بۆ ڕاگرتنی داڕووخانی نرخ و رایگەیاند كە وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە رازیبوون بۆ كەمكردنەوەی 9 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و عێراقیش وەك یەكێك لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك پابەندكرا كە رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتەكەی كەمبكاتەوە.

هەرێمی كوردستان: مەرجمان هەیە
لە سەروبەندی گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام یەكێك لە داواكانی بەغداد پابەندبوونی هەرێمی كوردستان بووە بە بڕیاری كۆمەڵەی ئۆپیك بۆ كەمكردنەوەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام دوای چەندین مانگ وەزیری نەوتی عێراق بە رەسمی رایگەیاند هەرێمی كوردستان پابەند نابێت و وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت بە مەرجی پڕكردنەوەی زیانەكانی كەمكردنەوەی بەرهەم لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە ئامادەین رێژەی بەرهەمهێنان كەمبكەینەوە.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت: حكومەتی هەرێم هیچ لارییەكی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نیە بەپێی ڕێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەر بكرێت بەرامبەر ئەوە حكومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات و ناشتوانێت خەرجییە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران. 
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشداوە: بودجەی دابینكراو بۆ بەشێك لەقەرەبوی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دیناری مانگانە كەمكرایەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەریەكانی پەتای كۆڕۆنا و نەناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج وشەش وحەوتی ٢٠٢٠.
ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە دەكات حكومەتی فیدراڵ ڕەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی 2014ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت.
هەرچۆنێك بێت ئێستا وێرای بانگەشەی بەردەوامی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند بۆ لێكتێگەیشتن و نزیكبوونەوە لە رێككەوتن، بەڵام لەگەڵ هەر پێشهاتێكدا كێشەیەكی نوێ‌ لەنێوانیاندا سەرهەڵدەدات و تا هەنوكەش هیچ رێككەوتنێكی نوسراوی درێژخایەن لەنێوان هەولێر و بەغداد واژۆنەكراوە و ئەوەی هەیە تەنها لێكتێگەیشتنێكی زارەكی نێوان هەردوو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و عێراقە.