ڕاپۆرتی کوردستانی

12:37 - 06/01/2019

لایه‌نه‌كان سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی یه‌كێتى و پارتى هۆشدارى ده‌ده‌ن‌

پەیسەر

حزبه‌كان له‌سه‌ر ناكۆكى یه‌كێتى و پارتى ده‌ستگیركردنى كادیره‌كانى ئه‌و دووحزبه‌ قسه‌ى خۆیان هه‌یه‌، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت دووحزبى ده‌سه‌ڵات كێشه‌كانیان به‌رنه‌ به‌رده‌م دادگا و لێ گه‌ڕێن دادگا یه‌كلاییان بكاته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كۆكن كه‌ هه‌نگاوه‌كانى پارتى و یه‌كێتى بۆ ده‌ستگیركردنى كادیره‌كانى یه‌كدى گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دواوه‌و پشتكردنه‌ یاساو دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌.

ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى، له‌ سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى حكومه‌ت هه‌ر به‌لێدوان و داواكارى و هۆشدارى نه‌وه‌ستایه‌وه‌، هه‌ردوولا كادیرى یه‌كدییان ده‌ستگیركرد له‌ناوچه‌كانى جێ ده‌سه‌ڵاتى خۆیان، ئاسایشى پارتى په‌رده‌ى له‌سه‌ر قۆناغى توندى ناكۆكییه‌كان هه‌ڵماڵى كاتێك گوتى، له‌ كاردانه‌وه‌ى ده‌ستگیركردنى كادیرێكى پارتى له‌ گه‌رمیان كادیرانى یه‌كێتییان له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركردووه‌.

گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێرى دۆخى خراپى یه‌كێتى و پارتى ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كێشه‌كه‌ له‌وان دووره‌ به‌ڵام به‌ پشێوییه‌كانى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى دوایى دڵخۆش نین، پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر پێش به‌ فشاره‌كانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر یه‌ك نه‌گیرێت، لە ئاینده‌ كێشه‌كان باش نابێت و خه‌ڵك زیانمه‌ندى ئاڵۆزییه‌كان ده‌بێت.

كوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت، ئه‌و هه‌نگاوه‌ى هه‌ردووو حزب، سه‌رده‌مى شه‌ڕى ناوخۆى وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كاتێك هه‌ردوولا ده‌چوون هه‌ڵیان ده‌كوتایه‌ سه‌ر ماڵی ئه‌ندام و كادیرانی یه‌كتر كادیرى یه‌كدییان ده‌ستگیرده‌كرد و دواتر دیل به‌دیل یان ده‌كرد. له‌سه‌رده‌مى شه‌ڕى ناوخۆ لۆژیكى هێز بڕیاریده‌دا و هه‌ردوو حزب بۆ خۆیان دادوه‌ر و بڕیارده‌ر بوون.
 
ئه‌و رووداوه‌نه‌ى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى روویاندا هاوكاتن له‌گه‌ڵ گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان، لایه‌نه‌كان به‌شێكن له‌سه‌ر مێزن، یه‌كێتى و پارتى ده‌یانه‌وێت هه‌ریه‌كه‌یان له‌رێگه‌ی فشاره‌كانیانه‌وه‌ زۆرترین ده‌ستكه‌وت له‌لاكه‌ى دیكه‌ بچڕێت له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت.

به‌ گوته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان ئه‌وان له‌ دواهه‌مین دانیشتنی وه‌فدی دانوستانكاری گۆڕان و پارتی، وه‌فده‌كه‌ی گۆڕان یه‌كێك له‌داواكارییه‌كانی سه‌ربه‌خۆكردنی زیاتری ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری بووه‌، له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی باشتر و بێلایه‌نانه‌ كاره‌كانی بكات"ئه‌گه‌ر دادگا له‌كوردستان سه‌ربه‌خۆ بوایه‌ ئه‌وه‌ هه‌رگیز ئه‌و روداوانه‌ روویان نه‌ده‌دا، هه‌ربۆیه‌ له‌چه‌ند ساڵی رابردوودا گۆڕان داوای سه‌ربه‌خۆی دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كردووه‌".

كاتێك یه‌كێتى و پارتى كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى دیكه‌ ده‌بێت، زۆرجار چوونه‌ته‌ دادگا و سكاڵایان تۆماركردووه‌، به‌رپرسانى ئه‌و دوو حزبه‌ تا ئێستاش چه‌ند سكاڵایه‌كیان له‌سه‌ر به‌رپرسانى حزبه‌كانى دیكه‌و میدیاكانیان له‌ دادگاكانه‌، به‌ڵام بۆ كێشه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كدى كه‌متر له‌ ده‌رگاى دادگا ده‌ده‌ن.

دادگا و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌ هه‌رێمى كوردستان قسه‌و ره‌خنه‌ى زۆر له‌سه‌ره‌، بۆچوونێكى زۆر هه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى له‌لایه‌ن حزب و ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیكه‌وه‌ په‌كخراوه‌ به‌ جۆرێك نه‌توانێت بڕیارێك بدات دژى به‌رژەوه‌ندییه‌ سیاسى و ئابورییه‌كانى ده‌سه‌ڵاتداران، ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش وایكردبێت یه‌كێتى و پارتى له‌كێشه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ یه‌ك په‌نا نه‌به‌نه‌ به‌رده‌م دادگا.

گوته‌بێژى كۆمه‌ڵ پێى وایه‌، ده‌ستگیركردنى كادیره‌كانى یه‌كدى هه‌رێمى كوردستان بۆ قۆناغێكى مه‌ترسیدار ده‌گێڕێته‌وه‌، رێبوار حه‌مه‌د بۆ په‌یسه‌ر گوتى"ده‌ستگیركردنی كادیرانی یه‌كێتی و پارتی له‌لایه‌ن ئاسایشی ئه‌م سنور و ئه‌و سنور به‌كارێكی خراپ ده‌زانین، پێمان وایه‌ هه‌رێم بۆ قۆناغێكی مه‌ترسیدار ده‌گێرێته‌وه‌، ئێمه‌ له‌كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌مێكه‌ پرسی به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی هه‌رێمی كوردستان خواستێكی سه‌ره‌كیمانه‌".

"پێمان وایه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ربێت و دادگاش هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ با له‌رێگه‌ی دادگاكانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، نه‌ك به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژی، ئێمه‌ش خۆمان قوربانی ئه‌م جۆره‌ سیاسه‌ته‌ین داواكارم  هه‌موو پارته‌كان هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی بكه‌ن به‌رامبه‌ر خه‌ڵك و خاكی هه‌رێمی كوردستان"، رێبوار حه‌مه‌د واى گوت.

هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى ده‌ڵێن، ئه‌و دووحزبه‌ كێشه‌كانیان له‌ دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌تیش ده‌ئاڵێنن و ده‌زگاكان له‌ناكۆكییه‌كانى خۆیاندا به‌كاردێنن، ئه‌وه‌ش واده‌كات كێشه‌كانیان راسته‌وخۆ لێكه‌وته‌ى له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك هه‌بێت، ته‌نها له‌ناو ماڵى حزبیى خۆیان نه‌مێنێته‌وه‌.

یه‌كگرتوو بۆ ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ئۆپۆزسیۆنبوونى خۆى راگه‌یاندووه‌، ده‌یه‌وێت چاوێكى زیاترى له‌سه‌ر داموده‌زگاكانى حكومه‌ت و هه‌نگاوه‌كانى هه‌ردووحزب یه‌كێتى و پارتى هه‌بێت، به‌بڕواى سه‌رۆكى فراكسیۆنى حزبه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی و پارتی گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ شه‌ڕی ناوخۆ، ده‌ریشی ده‌خات عه‌قڵیه‌تی حوكمرانی له‌هه‌رێم ده‌یه‌وێت بمانگه‌ڕێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌و قۆناغانه‌ی به‌داخه‌وه‌ پێش زیاتر له‌20 ساڵ له‌كوردستاندا هه‌بوو".

شێركۆ جه‌وده‌ت بۆ په‌یسه‌ر گوتیشى"ئێمه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ده‌بێت یاسا سه‌روه‌ربێت، ناكرێت تازه‌ به‌تازه‌ ئه‌م له‌رقی ئه‌و و ئه‌و له‌رقی ئه‌م كادیری یه‌كتر بگرن به‌بێ بوونی به‌ڵگه‌ی یاسای، ده‌سه‌ڵات یه‌كسان نییه‌ به‌ به‌كارهێنانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بۆ مه‌به‌ستی حزبی و ژیانی خه‌ڵكیش له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ ناگرێت جارێكی تر هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕ، ده‌بێت یه‌كێتی و پارتی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوانیان په‌نا بۆ دادگاكان به‌رن نه‌ك هێز".