ڕاپۆرتی کوردستانی

02:05 - 22/10/2020

بانكەكانی عێراق چەندین قەرز و پێشینە دەدەن‌و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لێیان بێبەشن‌

پەیسەر

بڕیاری پێدانی جۆرێكی پێشینە بۆ هاوسەرگیری دووەم زۆرترین لێكدانەوە و دەنگدانەوەی لە شەقامی عێراقیدا بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كە هەردوو بانكی (رەشید و رافیدەین) چەند جۆر پێشینەیان هەیە بۆ فەرمانبەران و هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.
هەر لە پێشینەكانی (هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون و پرۆژەی بچوك، تا پێشینەی كڕینی ئۆتومبێل و باشكردنی گوزەران و پێشینەی تایبەت بە بێوەژنان و خانەنشینان)


پێشینە چییە؟
سیستمێكە لە زۆرێك لە بانكەكانی جیهان كاری پێدەكرێت و جۆرێكە لە وەرگرتنی قەرز كە ئەو كەسەی لێی سودمەند دەبێت لەسەر وادەیەك لەگەڵ بانكەكە رێكدەكەوێت و لەماوەی ئەو وادە دیاریكراوەدا بەشێوەی بەش بەش یان مانگانە پارەكە دەگەڕێنێتەوە.

بانكەكانی عێراق چەند جۆر پێشینەیان هەیە؟
لە ئێستادا جگە لە بانكە ئەهلییەكان كە شێوازی پێشینە و قەرزی تایبەت بە خۆیانیان هەیە، هەردوو بانكی (رەشید و رافیدەین) كە دوو بانكی حكومەتن زۆرترین جۆری پێشینەیان هەیە بۆ مووچەخۆرانی دەوڵەت و هاوڵاتیانی عێراق وەك:-

پێشینەكانی بانكی رافیدەین
قەرزی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت
پێشینەی باشكردنی بژێوی 
پێشینەی هاوسەرگیری
پێشینە بۆ خانەنشینان
پێشینە بۆ ئەو رۆژنامەنوسانەی كە لە كەرتی گشتیدا نین



پێشینەكانی بانكی رەشید
پێدانی قەرز بە بێوەژنان و ئەو ژنانەی لە هاوسەرەكانیان جیابوونەتەوە
پێدانی قەرز بۆ پرۆژەی بچوكی تاكەكەسی
پێدانی پێشینەی نیشتەجێبوون بە هاوڵاتیان
پێدانی پێشینەی هاوسەرگیری
پێدانی پێشینە بە خاوەنی بڕوانامە بەرزەكان وەك (دادوەر و مامۆستایانی زانكۆ)
پێدانی پێشینە بە خانەنشینان
پێدانی پێشینە بە خانەنشینانی بەتەمەن
پێدانی قەرز بە كارمەندانی تەندروستی
پێدانی قەرزی كڕینی ئۆتومبێل بە خانەنشینان و فەرمانبەران
پێدانی قەرز بۆ كڕینی كەرەستە و ئامێر و ئۆتومبێلی كشتوكاڵی بە جوتیاران
پێدانی قەرز بە خاوەنی خوێندنگا ناحكومییەكان


قەرز و پێشینەكان چۆن وەردەگیرێنەوە؟
ئەگەرچی بۆ هەریەكێك لەو پێشینە و قەرزانەی كە ئاماژەیان پێدرا بانكەكانی (رەشید و رەفیدەین) رێنمایی و میكانیزمی جیاوازیان هەیە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی مەرجەكان بەمجۆرەن كە مەرجی تا رادەیەكی زۆر ئاسانن:-

یەكەم: ئەو كەسەی قەرزەكە وەردەگرێت مووچەخۆربێت یان كەفیلی مووچەخۆری هەبێت
دووەم: پابەندبێت بە گەڕاندنەوەی قەرزەكە بەوشێوەیەی كە لەسەری رێكدەكەوێت لەگەڵ بانكەكە
سێیەم: ئەو بڕە قەرزەی وەریدەگرێت دابەش دەكرێت بەسەر ژمارەی مانگەكانی وادەی قەرزەكە و پێویستە مووچەی وەرگرەكە لە ئاستێكدا بێت كە لەو ماوەیەدا بتوانێت بیگەڕێنێتەوە.
چوارەم: نابێ هیچكات بڕی لەسەدا 50 زیاتر لە مووچەی بنەڕەتی وەرگری قەرزەكە ببڕدرێت.
پێنجەم: پابەندبێت بە گەڕاندنەوەی سوودی بانكی كە بەپێی ژمارەی ساڵەكانی گەڕانەوەی قەرزەكە رێژەكەی دەگۆڕێت.


بۆچی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە؟
ئەگەرچی بەپێی دەستوری عێراق هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام تا هەنوكە پێدانی پێشینە و قەرزەكانی بانكە حكومییەكانی عێراق فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، ئەوەش بە وتەی بەرپرسان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە هەرێمی كوردستان لقە پەیوەستەكانی بانكەكانی رەشید و رافیدەن بونیان نییە بەڵام تا هەنوكە بە رەسمی روون نەكراوەتەوە كە ئایا نەبوونی لقی ئەو بانكانە لە پارێزگاكانی هەرێم تەنها هۆكاری لۆجستین یاخود هۆكاری سیاسییان لەپشتە؟