01:26 - 17/10/2020
پێوانەكردنی مێژوو بە گەزی بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی
جارێكی دیكە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ململانێی حیزبییەوە تێوەدەگلێندرێت و لە ساڵیادی رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەردا پارتی و یەكێتی بەناوی تیمی وەزارییانەوە لە حكومەت هێرشی تووند دەكەن و یەكتر بە خیانەت و خاكفرۆشی و پەڵەی مێژوویی و رێبازی چەوت تۆمەتبار دەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدا كە كۆی ئەو بەلاڕێدا بردنانەی دەشێ لە ئێستادا بەرژەوەندیی و ئەجێندایەكی دیاریكراوی حیزبی و شەخسییان لە پشتەوە بێت، دەشێ لە ئایندەدا ببێتە فاكتەری خواربوونی رەوتی نوسینەوەی رووداوە مێژووییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.
چی روویدا؟
لە سێیەمین ساڵیادی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ژمارەیەك بەیاننامەیان لەسەر یەكتر دەركردووە كە سەرجەمیان بە زمانی زبر و هێرش و تا ئاستی سوكایەتی بە یەكتر نوسراون، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنجی چاودێران، ئەم دوو حیزبە ململانێ حیزبییەكەیان بۆ ناو حكومەت گواستەوە و لە دوو بەیاننامەدا بەناوی تیمی وەزارییان لە حكومەت هێرش دەكەنە سەر یەكتر.
پەیامی سەرۆكی حكومەت
سەرەتای هێرشە راگەیاندنەكە لە پەیامێكی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە دەستیپێكرد، كە لە پەیامەكەیدا بەهۆی ساڵیادی 16 ئۆكتۆبەر نوسیبووی: "ئەو دۆخە نائاساییەی كە لە ئەنجامی خیانەتی خاكفرۆشانەوە، لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تر هاتە ئاراوە، جێگەی قبوڵكردن نییە".
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئاماژەكردن بۆ گروپێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاماژەی بەوەشدابوو: "هەرگیز زامی خیانەتی خاكفرۆشانمان بیر ناچێتەوە. بەڵام لە خیانەت بە زامتر ئەوەیە، كە گەل خیانەتكار سزا نەدات".
تیمی وەزاری یەكێتی چی دەڵێن؟
دوابەدوای ئەو پەیامەش، یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیەندراوێكی بەناوی تیمی وەزاری یەكێتی بڵاوكردەوە و وەڵامی سەرۆكی حكومەتیان دایەوە و چەقی ململانێ و شەڕی بەیاننامە و یەكتر تۆمەتباركردن گوازرایەوە بۆ ناو حكومەت.
لە راگەیەندراوی تیمی وەزاری یەكێتیدا هاتووە، دەبوو مەسرور بارزانی لەیادی ۳۱ ئاب دا ئەو خیانەتەی شەرمەزار بكردایە، كە لە دەرئەنجامی ئەو خیانەتەدا، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن رژێمی بەعس و سەدام حسێنەوە داگیر كران. ئەبوایە حكومەت باسی ئەو جینۆسایدەی بكردایە كە بەسەر ئێزدییەكان هات و سەدان هەزاریان ئاوارە و سەرگەردان و دەیان هەزار كەسیشیان كران بە كەنیزەك، شەهیدكران، یان لە ئۆردوگاكاندا بێ سەرپەرشت مانەوە.
تیمی پارتی: 31 ئاب پیرۆزە
لە وەڵامی راگەیەندراوی تیمی وەزاری یەكێتیدا، پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەناوی تیمی وەزارییەوە راگەیەندراوێكی تووندی لەسەر راگەیەندراوەكەی هاوبەشەكەی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەدابوو كە "باشتربوو بۆ تیمی وەزاری یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بە شێوەیەكی بابەتیانە و واقیعبینانە تەماشای گرژییەكانیان بكردبووایە . كەچی لە یادی ڕیفراندۆمی گەلەكەماندا ،كە هەموو هێزە سیاسییەكان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لێی دابوو ، 93%ی خەڵكی كوردستانیش بە بەڵێ دەنگی بۆ دا ، ئامۆژگاری ئەو تاقمەیان بكردایە كە ڕەنج و ماندووبوون و خەونی میللەتەكەمانیان بە فیڕۆدا، كەچی لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا ، دەستیان بە هێرش كرد".
هەروەك ئاماژەیان بەوەشدابوو كە "باشتر بوو ئەو كەسانەی لە جیاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بێ ئەوەی هیچ حیسابێك بۆ خودی تیمی یەكێتی لە ناو حكومەت بكەن و بریار لە جیاتی حكومەت بدەن، لە بری ئەو بێدەنگییە دەبووا تیمی وەزاری یەكێتی ئامۆژكاریان بكەن، كە واز لە دەستتێوەردان لە كاروباری حكومەت بهێنن، لە هەمانكاتدا دەبووا تیمی یەكێتی لە حكومەت ئامۆژگاری ئەو كەسانەیان بكردبا، كە ڕۆژانە لە میدیاكانەوە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر سەرۆكی ئەو ئەنجومەنی وەزیرانە دەكەن، كە خۆیان تیایدا ئەندامن !
ئەگەر دەتانەوێت لە ژێر فشاری ئەو كەسانەدا هەموو ڕووداوەكان وەك یەك سەیر بكەن، بێگومان دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، كە ڕووداوی خاكفرۆشتن و لە دەستدانی نیوەی خاكی كوردستان لە 16 ئۆكتۆبەر، زۆر جیاوازە لە 31 ی ئابی پیرۆز، كە بڕیاریوو ئەوكاتیش هەولێر و كوردستان بە دەردی ئێستای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر ببەن.
مێژوو شاهیدە، كە مێژووی خاكفرۆشان و بێگانەپەرستی لە كەیەوە و لای كێ دەستی پێكردووە !."
مەكتەبی سیاسی یەكێتی: دەرئەنجامی ریفراندۆم بوو
دوای 3 ساڵ لە بێدەنگی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بۆ یەكەمجار باسی لە رووداوەكانی 16 ئۆكتۆبەر كرد و ئۆباڵی كارەساتەكە دەخاتە ئەستۆی زنجیرەیەك پێشبینی هەڵە و بڕیاری نەخەمڵیوی سیاسی و ستراتیجی.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە راگەیەندراوەكەیدا دەڵێت: "١٦ی ئۆكتۆبەر، دەرئەنجامی زنجیرەیەك پێشبینی هەڵە و بڕیاری نەخەمڵیووی سیاسی و ستراتیجی بوو، كه لە ریفراندۆمدا فۆرمەلە كرا و، ئەنجامەكەی بە كارەسات بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، و پاشەكشێ لە دەسكەوتە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و، دوو بەرەكی، ئاژاوە و دۆڕاندنێكی گشتیی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا."
هەروەك لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا باسیان لەوەكردووە كە "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە بەرچاوەڕونییەوە لێكەوتە و مەترسییەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆمێكی نەخەمڵیووی لەمجۆرەی لە كوردستانی عێراق، لە كات و ساتێكی ناوەختدا، دەبینی و رای گشتی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانیشی لە ئەنجامدانی هەڵەیەكی لەوجۆرە هۆشیار كردەوە. بەڵام هەندێك كەس و لایەن بێ گوێدانە ئاكامەكانی هەنگاوی لەم چەشنە، گوێیان لە ئامۆژگاریی دڵسۆزان، وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی و پەیامی ئاشكرای نێردە دیپلۆماسییەكان نەگرت، بە تەنها ملیان نا، نیوەی خاكی كوردستان و تەواوی دەسكەوتەكانی گەلی كوردیان بردە سەر هەڵدێرانێكی سەخت، و ئەگەر وریایی فەرماندە مەیدانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەبووایە، كەركوك بەرەو وێرانی، و خەڵكی كەركوك بەرەو سەرگردانییەكی هەمیشەیی دەبران".
مەكتەبی سیاسی پارتی: درۆ پەتی كورتە
لە بەرامبەر راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، رۆژێك دوای ساڵیادی 16 ئۆكتۆبەر، پارتیش بە هەمان نەهج و نەفەسی تووند، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و بە یەكێتی دەڵێت درۆ پەتی كورتە.
لە راگەیەندراوەكەی پارتیدا نوسراوە: "لەكاتێكدا كە رەوشی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت و دژواری دۆخەكەش بەشێكی پەیوەندی بە خیانەتكاری ١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ەوە هەیە، خیانەتێك كە بەرهەمی رەنجی دەیان ساڵە و خواست و بڕیاری گەلی كوردستانی بەبادا، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا، لە جیاتی داوای لێبوردن لە خەڵكی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بەگشتی و شاری كەركوك بەتایبەتی بەرامبەر ئەو خیانەتە گەورەیەی كە تاقمێكی ناكامڵی حزبەكەی لە كوردستانیان و خەباتی دەیان ساڵەی گەلەكەمانیان كرد، هەرزە گۆیانە كەوتوتە چەواشاكاری و تۆمەت بەخشینەوە و دەستبردن بۆ شێواندنی مێژووی رووداوێكی لە یادنەكراو"!
هەروەك بە وتەی خۆیان پارتی لە وەڵامی ئەو تۆمەت و چەواشەكاریانەدا دەڵێن: چەواشەكاری و درۆ پەتیان كورتە و شێواندنی مێژوو و خاكفرۆشی و كۆڵوانە سووری بەر لەشكر كاری لەمێژینەی هەندێكانە، ئەگەر تەسلیمكردنی كەركوك بەشێك بێت لە ڕێبازی پیرۆز، ئەی دەبێ ڕێبازی نا پیرۆزتان چی بێ!؟...
ئەوەی لێرەدا بەشێكی ئاماژەی پێدرا، تەنها راگەیەندراوە رەسمییەكانی هەردوو حزب بوون لەماوەی چەند كاتژمێرێكدا، جگە لە چەندین رای شەخسی بەرپرسان و كادیرانی ئەو دوو حیزبە لە روپەلی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوەش لەكاتێكدا كە بەرای چاودێران ململانێی ناتەندروستی حیزبی لە هەرێمی كوردستان گەیشتووە بە ئاستێك تەنانەت كارەساتە مێژوییەكان كە ناسۆر و برینی نەتەوەین بۆ مەرامی شەخسی و حیزبی لەلایەن گروپێكەوە دژی گروپێكی دیكە بەلاڕێدا دەبرێن، لەكاتێكدا ئەو بەلاڕێدا بردنە دەشێ مێژووی نەتەوەیەك لە داهاتوودا بشێوێنێت و ئێستا دۆخێك دروستبووە كە كەسێك لە دەرەوەی رووداوەكان ناتوانێت راست و ناڕاست لە یەكتر جودا بكاتەوە.