02:14 - 14/10/2020
دوو مانگی مەترسیدار لە بەردەمی هەرێمی كوردستاندا
تا دێت ئامارەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان زیاتر هەڵدەكشێن و بە دیاریكراویش پارێزگای سلێمانی لە سێرەی مەترسیدایە، بەجۆرێك كە خێزان هەیە لەو پارێزگایە لەماوەی چەند رۆژێكدا تەرمی 5 ئەندامی بەهۆی كۆڤید 19 بەخاك سپاردووە.
ئامارەكان چۆنن؟
دواین ئاماری سەرانسەری وەزارەتی تەندروستی عێراق كە 24 كاتژمێری كردووەتە پێوەر تێیدا دەردەكەوێت سلێمانی پلەی یەكەمی هەموو عێراقە بۆ گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە.
ئامارەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق بەجۆرێكە كە لەو 24 كاتژمێرەی وەك سامپڵ وەرگیراوە، ژمارەی توشبوون بە پەتاكە لە سەرانسەری وڵاتدا 3.921 كەس بوون و بەم جۆرە دابەشبوون بەسەر 18 پارێزگادا.
بەغدا: 1491 تووشبوو
سلێمانی: 353 تووشبوو
هەولێر: 317 تووشبوو
واست: 278 تووشبوو
دهۆك: 230 تووشبوو
میسان: 202 تووشبوو
بەسرە: 157 تووشبوو
نەینەوا: 150 تووشبوو
كەركوك: 141 تووشبوو
سەلاحەدین: 137 تووشبوو
دیالە: 116 تووشبوو
بابل: 73 تووشبوو
نەجەف: 62 تووشبوو
دیوانیە: 49 تووشبوو
كەربەلا: 47 تووشبوو
موسەنا: 43 تووشبوو
ئەنبار: 39 تووشبوو
زیقار: 38 تووشبوو
هاوكات لە سامپڵەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا بە هەمان شێوە 4.158 كەیس وەرگیراون كە تووشی پەتاكە بوون بەڵام چاكبوونەتەوە، ئەوانیش دابەش دەبنەوە بەسەر پارێزگاكاندا بەجۆرێك:-
بەغدا: 1621 كەس
زیقار: 399 كەس
بەسرە: 387 كەس
واست: 377 كەس
دهۆك: 250 كەس
دیالە: 163 كەس
بابل: 159 كەس
كەركووك: 137 كەس
دیوانیە: 122 كەس
هەولێر: 104 كەس
نەینەوا: 81 كەس
نەجەف: 77 كەس
سلێمانی: 75 كەس
موسەنا: 62 كەس
میسان: 54 كەس
ئەنبار: 44 كەس
كەربەلا: 43 كەس
سەلاحەددین: 3 كەس
بەشێكی تری سامپڵەكانی وەزارەتی تەندروستی عێراق تایبەتە بە ئاماری گیان لەدەستدان بە پەتای كۆرۆنا كە لەم ئامارەیاندا لەماوەی 24 كاتژمێردا پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەكەمی هەموو عێراقدایە بەجۆرێك:-
سلێمانی: 12 كەس
بەغدا: 10 كەس
دهۆك: 6 كەس
هەولێر: 4 كەس
كەربەلا: 4 كەس
كەركووك: 4 كەس
بەسرە: 4 كەس
میسان: 4 كەس
بابل: 3 كەس
دیالە: 2 كەس
واست: 2 كەس
زیقار: 2 كەس
دیوانیە: 1 كەس
ئامارەكان دەریدەخەن كە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی لە دۆخێكی تەندروستی نا هەمواردایە.
خێزانێكی قوربانی
بەشێك لە میدیا ناوخۆیی و عێراقییەكان باس لە كەیسی خێزانێك دەكەن لە پارێزگای سلێمانی كە وەك هێمایەك بۆ خراپی رەوشی تەندروستی پارێزگاكە بەهۆی كۆرۆناوە باسی لێدەكەن لەكاتێكدا ئەو خێزانە لەماوەی چەند رۆژێكدا تەرمی 5 ئەندامیان بەخاك سپاردووە كە بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
چیرۆكەكە بەمجۆرەیە لوقمان حاتەم، كەسوكاری پێنج قوربانیی كۆرۆنایە و دەڵێت، "براكەم یەكی مانگ تووشبوو، 5ی مانگ مرد. ئیتر كەسوكار هاتن و تۆزێك قەرەباڵخی دروست بوو. دوای ئەو باوكم گرتی و 11ی مانگ مرد. پووریشم گرتی و 18 مانگ مرد. نەنكم گرتی و 25ی مانگ مرد. دایكیشم گرتی و لە 26ـی مانگ مرد."
دوو مانگی مەترسیدار
بە وتەی شارەزایانی تەندروستی، ئێستا هەرێمی كوردستان دوو مانگی مەترسیداری لەبەردەمە، چونكە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەواوە مەترسی هەیە ڤایرۆسی كۆرۆنا تێكەڵی پەتای وەرزی و ڤایرۆسەكانی دیكە ببێت و لەگەڵیاندا تەشەنە بكات.
د. زانا دزەیی، كە پزیشكێكی پسپۆڕە لەبارەی جیاكردنەوەی پەتای ئەنفلۆنزا و پەتای كۆرۆناوە لە هۆشدارینامە و روونكردنەوەیەكی پزیشكیدا دەنوسێت:-
چۆن پەتای وەرزیی (ھەڵامەت) و كۆڤید-١٩ (كۆرۆنا ڤایرەس) جیا دەكرێنەوە؟!
زۆر بە سادەیی:
بوونی تایەكی زۆری بەردەوام، كۆكەیەكی ووشك كە زیاتر بە ھەناسە ھەڵمژین و لە كاتی قسەكردن بێت، ھەناسەتەنگیی، ئێش و ئازارێكی زۆری ماسولكەكان، سەرئێشەیەكی تووند، نەمانی تەواوەتیی ھەستی بۆن و تامكردن، بێ ھێزییەكی زۆر، ئێڵنج و سكچوون، ئەمانە زیاتر دەلالەت دەكەن لە تووشبوون بە كۆڤید (كۆڕۆنا).
كرانەوەیەكی كەمی قورگ، لووت گیران یان ئاوكردنی لووت، نەرمە تایەكی كەم، سەرئێشەیەكی كەم، پژمین، كەم بوونەوەیەكی تا ڕاددەیەك بەسیتی ھەستی بۆن كردن، تۆزێك ھەستكردن بە ماندووێتیی، ئەمانە بەیەكەوە دەلالەتن لە تووشبوون بە ڤایرەسی ھەڵامەت.
بەڵام ئەو پزیشكە هۆشداریش دەدات و دەڵێت بەشێك لە نەخۆشانی كۆڤید-١٩ دەشێ لە سەرەتادا نیشانەكانیان وەك ھەڵامەت بێت، بۆیە ئامۆژگاریی ئەو كەسانە دەكات كە تەمەنیان ھەڵكشاوە یان نەخۆشیی درێژخایەنیان ھەیە یان بەركەوتەی نزیكی تووشبووی كۆڕۆنان، سەردانی پزیشك بكەن بۆ ئەوەی حاڵەتەكەیان بەتەواویی دەستنیشان بكرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان چی دەكات؟
دوای هەڵكشانی مەترسی تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنەی باڵای رووبەروو بوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەش چەند بڕیار و رێكارێكی نوێ دەگیرێنەبەر وەك:-
بەستنی دەمامك بەشێوەی ناچاری و وەزارەتی ناوخۆ راسپێردراوە تا بڕیارەكە جێبەجێ بكات و سزای بەكارنەهێنانی دەمامك و رێكارەكانی خۆپاراستن لە شوێنە گشتییەكان دەستنیشان بكات، هاوكات پرۆسەی خوێندن بەردەوامی پێدەدرێت بەوشێوەیەی كە پێشتر بڕیاری لێدراوە و هاتوچۆی خاڵە سنورییەكانیش رێگەپێدراو دەبێت بە مەرجی پشكنینی تەندروستی.