ڕاپۆرتی کوردستانی

02:37 - 13/10/2020

لەبەر ڕۆشنایی ڕێككەوتنەكەدا، شەنگال گۆڕەپانی قۆناغێكی نوێی ململانێ‌

پەیسەر

دواجار هەرێم و بەغداد لەسەر نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەری كێشەی شەنگال و گەڕانەوەی ئێزیدیەكان رێككەوتن، بەڵام ئەم رێككەوتنە بەدڵی هەندێك لە لایەنە عێراقیەكان و پەكەكە نیە، كە لەدوای كۆمەڵكوژكردنی ئێزیدیەكان لەمانگی ئابی ساڵی 2014 وە لەو ناوچەیە جێگیربووە و بۆ پارێزگاریكردن ئاسایشی دەڤەرەكەش قوربانی داوە.

 
سەرەتای رێككەوتنەكە
رۆژی 9/10/2020 وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەردانی شاری بەغدادی كرد بەمەبەستی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی شەنگال، رێككەوتنەكە بەسەرپەرشتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ عێراق واژكرا.

هەمان رۆژ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا پێشوازی لە رێككەوتنەكە كرد و رایگەیاند " ئەم ڕێككەوتنەش سەرەتایەكە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوور. دوای ئیمزاكردنی ڕێككەوتنەكە، لە گەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڕێز مستەفا كازیمی ، گفتوگۆمان دەربارەی ڕێككەوتنەكە كرد و سوپاسی تیمی هەردوولا دەكەین بۆ بەئەنجام گەیاندنی  ئەم ڕێككەوتنە گرنگە"

دەقی رێككەوتنەكە
حكومەتی هەرێم و بەغداد دەقی رێككەوتننامەی 9/10 یان بڵاوكردەوە كە بەم شێوەیەی خوارەوە:
.لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییكردنەوەی دۆخی شارۆچكەی شنگال و، بە گوێرەی بنەما دەستووری و یاساییەكان بۆ چارەسەركردنی نارەحەتیەكانی خەڵكی شنگال وەك دەستپێشخەرییەك بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و رێكخستنی چوارچێوەی كارگێڕی و ئەمنی لە شارۆچكەكە، حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەم خاڵانە رێككەوتن:

یەكەم/.بواری كارگێڕی:
- دیاریكردنی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال كە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاك بێت و بە پێی رێكارە دەستووری و یاساییە پەسەندكراوەكان.

- لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەشی هەردوولاوە دوای دیاریكردنی قایمقایم، چاو بە پێگە كارگێڕییەكانی دیكەدا دەخشێنرێتەوە كە لەو كارەدا بنەما پیشەیی و یاساییەكان رەچاودەكرێت.

دووەم/ بواری ئەمنی
- تەنیا پۆلیسی ناوچەكە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچكەكە لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێكخراوە چەكدارییەكانی دیكە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچكەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

- لە رێگەی دامەزراندنی 2500 كەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچكەكە بەهێز دەكرێت كە لەو هێزەدا گرەنتی  دادپەروەرانە دەكرێت بۆ بەشداریپێكردنی پەنابەرانی نێو كەمپەكان لە خەڵكی شارەكە.
- كۆتاییهێنان بە بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شارۆچكەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەریدا و نابێت رێكخراوەكە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێكیان لە ناوچەكەدا هەبێت.

سێیەم / بواری ئاوەدانكردنەوە
پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ناوچەكە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە ئاست و وردەكارییەكانی ئامانجەكەی دیاریدەكرێت.
4-. بە مەبەستی چاودێریكردنی ئەوەی لە تەوەری كارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیەكی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی هەردوولا پێكدەهێنرێت.
 لایەنەكانی نزیك لە پەكەكە رێككەوتنەكە رەتدەكەنەوە
بەپێی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغداد، دەبێت پەكەكە و ئەوانەی لە ئەوانەوە نزیكن لە شەنگال و دەوروبەری دووربخرێنەوە، جێبەجێكردنی ئەم خاڵەش بەپێی رێككەوتنەكە بە حەشدی شەعبی و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان سپێردراوە، لەبەرامبەردا یەكینەكانی پاراستنی شەنگال و ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری دیموكراتیكی شەنگال و ئیدارەی خۆجێی ئیزدییەكان رێككەوتنەكە رەتدەكەنەوە.
كەجەكە رێككەوتنەكە رەتدەكاتەوە
لەلایەكی ترەوە كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند " لە 3ی ئابی2014، كاتێك داعش هێرشیكرد، ئەوانەی كۆمەڵگای ئێزدیان لەناوكۆمەڵكوژیی وفەرمانداهێشتەوە، جێگەی قبوڵنییە، كەڕۆڵەكانی شەنگال كەشەنگالیان ڕزگار كرد لە دەرەوەی یاساكان و ئەو هێزەی بڕیاری لەسەردراوە، بهێڵنەوە، ئەنجومەنی خۆسەری دیموكراتی شەنگال ڕەوا و فەرمیە، ئەوانەی كە كۆمەڵگای ئێزدیان لە ناو قڕكردن هێشتەوە و ڕایانكرد، بەوانەی كە كۆمەڵگای ئێزدیان پاراستووە، دەڵێن،ئەو هێزەی دەبێت بكرێتە دەرەوە‌، ئەمەش نایاسایی، نائەخلاقی، نامرۆڤانە و بێویژدانیە، ئەوانەی بوون بە هۆكاری ئەوەی ژنانی ئیزدی لە بازاڕەكانی كۆیلایەتیدا بفرۆشرێن، نابێت لە بارەی كۆمەڵگای ئێزدی و شەنگالەوە خاوەن بڕیار بن"

مامۆستایەكی زانكۆ رەخنە لە رێككەوتنەكە دەگرێت
حاكم شێخ لەتیف ئەندامی خولی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و یاساناس و مامۆستای زانكۆ لە نوسینێكدا لەپێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رەخنەی لە رێككەوتنەكە گرتووە نوسیویەتی:

خۆخۆریی
شەنگال پارێزراوە و بەدەست كوردەوەیە، لە نێو تۆڕە كۆمەلایەیتەكاندا نیگەرانی زۆری لێكەوتەوەو بەشێكیان نوسیبوویان: كورد ڕێك دەكەوێت تەسلیم بە بەغدای بكاتەوە بە پشتگیریی توركیا و بەرەی توركمانی و بە تیرۆریستیش ناویان دەبەن.
كەركوك بەدەست پارێزگارێكی بەوەكالەتی خۆیان وتەنی خۆسەپێنی دژە كوردەوەیە و ڕۆژانە تەعریب دەكات بە هاوكاریی و پاڵپشتی تیرۆریستەكان و وجودی كوردیش لە خەتەردایە، كەچی كورد پێشبڕكێ دەكەن بۆ ڕێككەوتن و هەڵدانەوەی لاپەڕەی نوێ لەگەڵیدا"

لەسەر ئاستی عێراق رێككەوتنەكە رەخنەی لێدەگیردرێت
عەبدولڕەحیم شمەری، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر بازنەی نەینەوا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ئاگاداری رێككەوتنی هەرێم و بەغداد نین دەربارەی شەنگال و بەهیچ شێوەیەكیش قبوڵی ناكەن.

لە لایەكی دیكەوە قەیس خەز عەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی هەق رێككەوتنەكەی بە موازایەدەكی سیاسی ناوبردو پێیوایە پاداشتی هەڵبژاردنە لەسەر حسابی ئێزدییەكان بۆ لایەنێكی دیاریكراو..

خەزعەلی داوای لە هەموو هێزە نیشتیمانییەكان كردووە، ڕای خۆیان لەسەر ئەم پرسە دەربڕن و دووپاتیكردووەتەوە كە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ ڕێككەوتنەكەدا نیە.
هەروەها حەنین قەدو پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، ڕێككەوتنەكەی ڕەتكردەوە ، بە تایبەت بڵاوەپێكردنی پێشمەرگە لەناوچەكەو دەڵێت، لە رێككەوتنەكەدا لێڵییەكی گەورە هەیە و دۆخی دەشتی نەینەوا دڕكاوییە.

خۆپیشاندان دژی رێككەوتنەكە
رۆژی 11/10/2020 دوو رۆژ دوای رێككەوتنی هەرێم و بەغداد بەشێك لە دانیشتوانی شەنگال دژی رێككەوتنەكە خۆپیشاندانیان كرد، لە بەیاننامەیەكدا رێككەوتنەكەیان رەتكردەوە.

شەنگال لە نەهامەتیەوە بۆ ناسەقامگیری
رۆژی3ی ئابی ساڵی 2014رێكخراوی تیرۆرستی داعش هێرشی كردە سەر شەنگال، بەپێی ئامارەكان لەو هێرشەدا 430 هەزارهاوڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون لەوژمارەیە 140 هەزارهاوڵاتی ڕویان لەچیای شەنگالكردووەو 290 هەزارڕویان لەشارەكانی هەرێمی كورستان و توركیا كرد..
هەر لەو هێرشەدا 18800كۆمەڵكوژكران و 3000 هەزاركچ وژنومنداڵ ڕفێندراون كە تائێستاچارەنوسی بەشێكیان دیار نیە، لەو هێرشەدا 14 پەرستگا و مەزاری ئاینی پیرۆزی ئێزیدیەكان تەقێندرانەوە یان تێكدران.

رزگاركردنەوەی شەنگال
رۆژی 13 تشرینی دووەمی ساڵی 2015 شەنگال لە تیرۆرستانی داعش پاككرایەوە، و پێشمەرگە گەڕایەوە ناوچەكە بەڵام بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 وە جارێكی تر پێشمەرگە ئەو ناوچانەی جێهێشتەوە.

چارەسەری شەنگال بەپێی دەستور
بەپێی مادەی 140ی دەستوری عێراق شەنگال ناوچەی جێناكۆكە و دەبێت بەسێ قۆناغی ئاسایكردنەوە و سەرژمێری و راپرسی لەلایەن دانیشتوانەكەیەوە بڕیار لەسەر چارەنوسەكەی بدرێت.

پارتی كرێكاران لە شەنگال:
بۆردومانی ناوبەناوو بەردەوامی هێزی ئاسمانی توركیا بۆناوچەی شەنگال بە بیانووی هێزەكانی پەكەكەو ڕێكخراوەكانی نزیكی ئەوان نیگەرانی زۆرلایەنی لێكەوتووەتەوە، بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەردەوام بوونی پەكەكەی بە نایاسایی وەسفكردووەو ئۆباڵی هەموو كێشە سیاسی و ئەمنییەكانی خستۆتە ئەستۆی ئەوان، هەر بۆیە لە دەركردنی هێزەكانی پەكەكەو پەراوێزخستنی هەموو ئەوانەش كە لەپەكەكەوە نزیكن لە داهاتووی شەنگالدا جێیان نابێتەوەو دامەزراندن لەنێو ئەو هێزە ناوخۆییەدا كە بڕیارە 2500 كەس دابمەزرێنن، هەروەها بەهاوكاریی هەردوولایەنی ڕێككەوتنەكە بەدواداچوون بۆ ئەو كەسانە دەكرێت و لەو بوارەدا هەماهەنگییان دەبێت.

ئایا جێبەجێ دەكرێت؟
هەموو جارێك دەستەواژەی –عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە- لە دوای هەموو ڕێككەوتنەكان دێتە بەرباس، بەڵام ئەوەی گرنگە جێبەجێكردنیەتی، هەرچەندە بەشێك لە میدیاكانی كوردستان باسیان لەوەكرد كە ئەو ڕێككەوتنە حیزبییەو لە لایەن سەرۆكی پارتییەوە كاری بۆكراوە، بەڵام وەزیری ناوخۆی حكومەت واژۆی كردووە، ئەوەش بەو مانایە دێت كە حیزبی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە – پارتی دیموكراتی كوردستان- خوازیاری جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیەو بەو شێوەیەش گەورەترین لەمپەری بەردەمی لەو ناوچەیە لەكۆڵ دەكاتەوەو ئەو ئەجێندایەشی بە ئاشكرا باس كردووەو لە كەسیشی نەشاردووەتەوە.