ڕاپۆرتی کوردستانی

02:31 - 13/10/2020

حكومەتی هەرێمی كوردستان نغرۆی قەرز دەبێت‌

پەیسەر

حكومەتی هەرێمی كوردستان نغرۆی قەرز دەبێت، قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی لەلایەك، مووچە و شایستەی دارایی فەرمانبەران لەلایەكی دیكە و بانكی بازرگانی عێراق و بانكی كوردستانیش لەولاوە.
ئەوەش لەكاتێكدا ئێستا بڕیاریداوە مووچەی چەند مانگێكی فەرمانبەران و مووچەخۆران بلۆك بكات و تا هەنوكەش نادیارە چارەنووسی مووچەی بلۆككراوی ئەم كابینەیەی حكومەت و چارەنووسی مووچە لێبڕدراوەكان و پاشەكەوتكراوەكان و چارەكە مووچە و نەدانی مووچەی كابینەكانی رابردوو چییان بەسەردێت.

 
بۆ روونكردنەوەی هۆكاری بلۆككردنی مووچەی چەند منگێك و رێكخستنەوەی خشتەی مووچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد، وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە و بەپێی پرێس كۆنفرانسێكی لیژنەكەش وەزیری دارایی لە كۆبوونەوەكەدا وتویەتی ئەگەر حكومەتی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێكبكەوێت ئەوا مووچە قەرز و پاشەكەوتكراوەكانیش دەداتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدا وەزیری دارایی دوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، هیچ روونكردنەوە و لێدوانێكی میدیایی نەدا.

قەرزەكانی حكومەت تا ئێستا چەند بوون؟
لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هیچ دانراوێك شك نابات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكانی، بەڵكو ملیارەها دۆلاریش قەرزدارە و بە وتەی بەرپرسانی حكومەت، كۆی گشتی قەرزەكان 28 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە بەجۆرێك:-

كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار
كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار
كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار
بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار
كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار)


قەرزەكان زیاتر بەرزدەبنەوە
بەپێی داتاكان كۆی گشتی مووچەی پێنج مانگی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم كە وەزارەتی دارایی و ئابووری بڕیاریداوە دابەشنەكرێت دەكاتە چوار ملیار دینار، ئەگەر وەك بەرپرسانی حكومەت دەڵێن كۆی گشتی قەرز و پابەندبوونە داراییەكانی سەر حكومەت 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار بێت ئەوا بەم مووچە بلۆككراوانەوە كۆی گشتی قەرزەكانی سەر حكومەت دەگاتە32 ملیار  و 476 دۆلار.

مووچەخۆرەكانی حكومەت چەندن؟
بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.


ساڵنامەی قەرزەكانی حكومەت 
دوای بڕیاری فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ و راگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی رابردوو، لە ناوەراستی ساڵی 2015ەوە حكومەتی هەرێم توانای دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی نەما و لەوكاتەوە تا هەنوكە نەك نەیتوانیوە مووچەی تەواو دابین بكات، بەڵكو بەشێكی زۆری مانگەكان هەر نەیتوانیوە نیوە مووچە و چارەكە مووچەش دابین بكات بەجۆرێك:-

ساڵی 2015، حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی (9+10+11+12) فەرمانبەرانی نەداوە.
ساڵی 2016، حكومەتی هەرێم 12 (چارەكە مووچەی دابەشكردووە)
ساڵی 2017، حكومەتی هەرێم 11 (چارەكە مووچەی دابەشكردووە) و مانگێكی دابەش نەكردووە.
ساڵی 2018، حكومەتی هەرێم 11 (مووچەی بە پاشەكەوت دابەشكردووە) و مانگێكیشی دابەش نەكردووە.
ساڵی 2020، حكومەتی هەرێم 2 مووچەی بە (لێبڕین) دابەشكردووە.


بە شێوەیەكی گشتی لە 38 مانگدا لە مانگی 9 ساڵی 2015 تا مانگی 10 ساڵی 2020:-
مووچەی نەدراو لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 12 مووچە
چارەكە مووچە لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 23 مووچە
مووچەی پاشەكەوتكراو لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 11 مووچە
مووچەی لێبڕدراو لە هەرێمی كوردستان گەیشتە 3 مووچە (بە مووچەی ئەم مانگەشەوە)


قەرزی كابینەی پێشوو
ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە مووچەی ساڵی 2020 تەنها مووچەی مانگەكانی 1+2+3ی دابەشكردووە و لەو سێ‌ مووچەیە دوانیانی بە لێبڕینی لەسەدا 21 بووە، بڕیاریداوە مووچەی مانگەكانی (4+5+6+7+8) بلۆك بكات و لە مووچەی مانگی ئەیلولەوە بە لێبڕینەوە دابەش بكات كە هەنوكە نزیكەی 2 مانگ بەسەر وادەی دابەشكردنەكەیدا تێپەڕیوە.
بەڵام لە روونكردنەوەیەكدا حكومەت رەتیدەكاتەوە تەنها دوو مووچەی دابێت و دەڵێت كە مووچەی كابینەی پێشووی دابەشكردووە نەك مووچەی كابینەكەی خۆی دواكەوتووە:-
خشتەكە بەمجۆرە بوو:-
مووچەی مانگی 1/2019 لە مانگی 4/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 2/2019 لە مانگی 5/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 3/2019 لە مانگی 9/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 4/2019 لە مانگی 7/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 5/2019 لە مانگی 8/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 6/2019 لە مانگی 9/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 7/2019 لە مانگی 10/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 8/2019 لە مانگی 11/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 9/2019 لە مانگی 12/2019 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 10/2019 لە مانگی 1/2020 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 11/2019 لە مانگی 2/2020 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 12/2019 لە مانگی 3/2020 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 1/2020 لە مانگی 5/2020 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 2/2020 لە مانگی 7/2020 دابەشكراوە
مووچەی مانگی 3/2020 لە مانگی 8/2020 دابەشكراوە


بەپێی داتاكان دەردەكەوێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان نغرۆی قەرزی ناوخۆیی و دەركی و بانكی و مووچەخۆران بووە و هەموو ئومێدیشی تەنها رێككەوتنە لەگەڵ بەغداد كە هیچ ئاسۆیەكی روونی نییە.