ڕاپۆرتی کوردستانی

05:01 - 06/10/2020

قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا..كابوسى ئه‌مریكییه‌كان‌

پەیسەر

دواى رووخانى ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام و كه‌وتنى عێراق، ئه‌مریكییه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر گیرۆده‌ى قه‌ناسێكى نادیار بوون، "قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا" یاخود "جوبا" سه‌برى له‌ ئه‌مریكییه‌كان بڕیبوو دانه‌ دانه‌ سه‌رى سه‌ربازانى هاوپه‌یمانانى به‌ ئامانج ده‌گرت و هیچ هه‌لێكى له‌ كیس نه‌ده‌دا، جوبا ٦٤٥ سه‌ربازى كوشت، ملیۆنان دۆلار بۆ ئاشكراكردنى ئه‌و كه‌سه‌ خه‌رجكران بێهوده‌بوون.

سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان ناوبه‌ناو پاداشتیان بۆ هه‌ر كه‌سێك راده‌گه‌یاند، كه‌ زانیارى له‌سه‌ر جوبا ئاشكرا بكات، یاخود ده‌یكوژێت یاخود به‌ زیندوویى ده‌ستگیرى ده‌كات، بێهوده‌بوو جوبا ره‌حمى نه‌ده‌كرد، ده‌وترێت ته‌نها به‌ قه‌ناس كه‌تیبه‌یه‌كى مارێنزى له‌ به‌غدا به‌ته‌واوى له‌ناوبردووه‌. سه‌ر و گه‌ردنى سه‌ر‌بازه‌كانى ده‌پێكا.

هه‌ر سه‌ربازێكى ئه‌مریكى بكه‌وتایه‌ته‌ به‌رنیشانه‌ى قه‌ناسه‌كه‌ى جوبا رزگارى نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌رچى جوبا خۆى چاوى كز ده‌یبینى و چاویلكه‌ى پزیشكى به‌كارده‌هێنا تا سه‌ربازه‌كان به‌ ئامانج بگرێت، سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ شه‌قامه‌كانى به‌غدا بۆ ساتێكیش به‌ ئارامى رانه‌ده‌وه‌ستان له‌ ترسى قه‌ناسه‌كه‌ى جوبا.

جوبا خۆى نازناوى(ئه‌بو ساڵح)ی هه‌بوو ئه‌مریكییه‌كان ناویان نا (جوبا) وشه‌یه‌كه‌ زۆر ماناى هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌موو ماناكانى په‌یوه‌سته‌ به‌ مردنه‌وه‌، (رێگارى مردن) (یاخود سه‌ماى به‌ره‌و مردن). 

قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا كێیه‌؟
چۆن سه‌ربازه‌كانى ده‌كوشت؟


ئه‌بو ساڵح ره‌حمى نه‌ده‌كرد، خه‌ڵكى شارى نه‌خیب-ى سنورییه‌ له‌ پارێزگاى ئه‌نبار،  ساڵى ١٩٧٢  له‌دایك بووه‌، ناوه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى(عزام العنزی)یه‌، سه‌ره‌تاى گه‌نجى رووى كردووه‌ته‌ ئه‌فغانستان بۆ شه‌ڕ دژى سوپاى سۆڤیه‌ت، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌بێته‌ ئه‌فسه‌ر له‌ پاسه‌وانى كۆمارى عێراق.

دواى رووخانى رژێمى به‌عس له‌ ساڵى ٢٠٠٣ و هاتنى ئه‌مریكییه‌كان، جوبا چووه‌ نێو ریزه‌كانى گروپى (سوپاى ئیسلامى) بۆ شه‌ڕ دژى ئه‌مریكییه‌كان به‌هۆى ئه‌زموونى زۆرییه‌وه‌ له‌ به‌كارهێنانى چه‌كى قه‌ناس، ئه‌ركى راهێنانى گروپى تایبه‌تى له‌ ئه‌ستۆ گرت بۆ به‌كارهێنانى چه‌ك، پێش ئه‌وه‌ى خۆى ئۆپراسیۆنه‌كان جێبه‌جێبكات. 

جوبا چه‌كێكى قه‌ناسى عێراقى به‌كارده‌هێنا، كه‌ درانگۆنۆڤى یوگۆسلافی په‌ره‌ى پێدابوو له‌ماوه‌ى ١٠٠٠ مه‌تردا نیشانه‌ى به‌ وردى ده‌پێكاو ١٠گوله‌ى هه‌ڵده‌گرت، قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا هه‌ندێك جار له‌ مه‌ودایه‌كى دووردا سه‌ربازه‌كانى ده‌پێكا. له مه‌وداى ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ مه‌تردا هه‌ڵه‌ رووى نه‌ده‌دا له‌ نیشانه‌كانى قه‌ناسه‌كه‌. 

جوبا به‌وه‌ ناسرابوو له‌گه‌ڵ كوشتنى هه‌ر سه‌ربازێك نامه‌یه‌كى له‌ ته‌نیشت قه‌وانه‌كه‌ جێده‌هێشت و له‌سه‌رى ده‌نوسى،(قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا لێره‌وه‌ تێپه‌ڕى)، ئه‌و قه‌ناسبه‌ده‌سته‌ مه‌ترسیداره‌ توانى ٦٤٥ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رى ئه‌مریكى بكوژێت، ئه‌مریكا له‌ ریزبه‌ندى دوژمنه‌ مه‌ترسیداره‌كانیدا دیاریكردووه‌. 

ناوى جوبا به‌ نهێنى مایه‌وه‌ لاى راگه‌یاندنه‌كان، تا هه‌واڵگرى روسیا زانیارى له‌سه‌ر ئاشكرا كرد و رۆژنامه‌ى دێر شبێگلى ئه‌ڵمانى بۆ یه‌كه‌م جار زانیارییه‌كانى بڵاوكرده‌وه‌و ناوه‌كه‌ى ئاشكرا كرد. 

فیلمه‌كانى قه‌ناسه‌كه‌

جوبا تا ئێستا بووه‌ته‌ پاڵه‌وانى چه‌ند فیلمێك، كه‌ هه‌واداره‌كانى به‌رهه‌میان هێناوه‌، ساڵى ٢٠٠٥ بۆ یه‌كه‌م جار گروپى سوپاى ئیسلامى فیلمێكى دیكۆمێنته‌رى له‌سه‌ر بڵاوكرده‌وه‌، كۆتایى ٢٠٠٦ گروپى سوپاى ئیسلام فیلمێكى دیكۆمێنته‌رى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تێیدا كه‌سایه‌تى جوبا ده‌رده‌كه‌وێت و راهێنان به‌ تیمێكى گه‌وره‌ى قه‌ناس ده‌كات، له‌ دیسه‌مبه‌رى ساڵى ٢٠٠٧ فیلمى سێیه‌م له‌سه‌ر ئه‌م بكوژه‌ مه‌ترسیداره‌ بڵاوبوویه‌وه‌ به‌ ناونیشانى(جوبا قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غداد ٣) به‌ حه‌وت زمانى جیاواز ئه‌م فیلمه‌ بڵاوبوویه‌وه‌.

فیلمى به‌ڵگه‌نامیى چواره‌م، سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ نیشانه‌گرتنى سه‌ربازه‌كان، كارێكى هاوبه‌شى عه‌ره‌بى توركیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر جوباو ساڵى ٢٠١٥ له‌ توركیا په‌خشكرا.

كێ جوباى كوشت؟ 

تا ئێستا گێڕانه‌وه‌كان كۆك نین سه‌باره‌ت به‌ كوشتنى جوبا، سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتى كوشتنه‌كه‌ى، بكوژه‌كه‌ و شوێنى كوشتنه‌كه‌ى جیاوازى هه‌یه‌.

گروپى سوپاى ئیسلامى كوژرانى قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غداى راگه‌یاند، به‌گوته‌ى گروپه‌كه‌ دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌پێى گێرانه‌وه‌كه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌ تا مردنى بێ ئه‌وه‌ى بزانن كه‌ ئه‌وه‌ قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدایه‌ كه‌ به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن. به‌پێى ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ جوبا ناسنامه‌ى خۆى بۆ ئه‌مریكییه‌كان ئاشكرا نه‌كردووه‌. 

به‌پێى گێڕانه‌وه‌ى دووه‌م قه‌ناسه‌كه‌ى به‌غدا له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌نێوان گروپه‌كان به‌ ده‌ستى گروپى سه‌حوات كوژراوه‌و براكه‌شى له‌گه‌ڵ كوژراوه.