ڕاپۆرتی کوردستانی

02:18 - 06/10/2020

"مانگی مووچەخۆر لە هەرێمی كوردستان دەبێت بە 60 رۆژ"‌

پەیسەر

بەغداد كێشەی مووچەی مووچەخۆرەكانی چارەسەر دەكات، بەڵام دیار نییە بەهۆی ئەو قەیرانەی گیرۆدەی بووە بڕی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات یان نا؟
هاوكات بەرپرسێكی هەرێمی كوردستان دان بەوەدا دەنێت كە هەرێم بەشی خۆی پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەران ئامادەكردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی بەشەكەی بەغدادە تا دەست بە دابەشكردنی بكات و بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقیش پێیوایە هەرێمی كوردستان بە 60 رۆژ جارێك دەتوانێت بەبێ‌ هاوكاری بەغداد مووچەی تەواو دابەش بكات.


بەغداد چارەسەری دەكات
مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە پارێزگای زیقار وتی، كێشەی مووچە چارەسەر دەكرێت.
كۆبوونەوەكەی كازمی رۆژی دووشەممە ئەنجامدرا و لە كۆبوونەوەكەدا وتی ئەمرۆ كێشەكە چارەسەر دەكەین، ئەوەش لەكاتێكدا كە نزیكەی 45 رۆژ بەسەر دابەشنەكردنی مووچە لە عێراقدا تێپەڕیوە و بە وتەی بەرپرسانی دارایی عێراق پێویستە پەرلەمان رەزامەندی بدات لەسەر پرۆژەی قەرزكردنی حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگەكانی 9 + 10 + 11 + 12ی ساڵی 2020ی مووچەخۆران.

قەرز لە بانكی ناوەندی
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەران ئاشكرایكرد، وەزارەتی دارایی عێراق نیازی هەیە جارێكی تر قەرز لەبانكی ناوەندی بكاتەوە.
محەمەد ساحب دەڕاجی ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەتویتێكدا دەڵێت: لەكاتی میوانداریكردنی وەزیری دارایی‌و پلاندان لە ١٠ی ئەیلول لەبارەی پابەندنەبونیان بەیاسای قەرزكردن‌و پێشكەشنەكردنی پلانی چاكسازی، بەڵێنیاندا تاكۆتایی مانگی ئەیلول پلانەكە ئامادەبكەن‌و لەناوەڕاستی تشرینی یەكەمدا جێبەجێبكرێت، بەڵام هێشتا پلانی چاكسازیان پێشكەشنەكردوە، كەچی داوای قەرزی نوێ لەبانكی ناوەندی دەكەن.
مووچەی هەرێمی كوردستان
ئەوەی روونە كە بەغداد بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی تووشی هاتووە تا هەنووكەی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە كە بەپێی رێككەوتنێكی نێوان سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاربوو تا كۆتایی ئەمساڵ مانگانە عێراق لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرەكانی خۆیدا بڕی 320 ملیار دیناریش رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.
سەمیر هەورامی ، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی دابەشكردنی مووچە بە میدیاكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە پشت بەچەند سەرچاوەیەك دەبەستێت، لەوانە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و ناوخۆ، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی هاوپەیمانان دەیدەن بەوەزارەتی پێشمەرگە و ئەو پارەیەی بەغدا ڕەوانەی دەكات.
بە وتەی هەورامی، ئەو بەشە بودجەیەی پێویستە حكومەتی هەرێم دابینی بكات بۆ دابەشكردنی مووچە دابینكراوە، بەڵام بەغدا پشكی هەرێمی ڕەوانە نەكردوە بۆ ئەوەی دەست بەدابەشكردن بكرێت.

مووچەی دوومانگ جارێك
هەنوكە یەكێك لەو پرسیارانەی لە هەرێمی كوردستان دەوروژێندرێت ئەوەیە كە ئایا هەرێمی كوردستان بەبێ‌ بەشەمووچەی بەغداد دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكات كە ئێستا مووچەخۆران چاوەڕوانی مووچەی مانگی نیسان دەكەن؟
لەوبارەیەوە فازڵ نەبی، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە دیدارێكی میدیایدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەڵێت: ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بێت بێ ئەوەی حكومەتی عیراقی پارە بنێرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بەدوو مانگ یەكجار مووچە بدات، واتە 50% مووچە مانگانە، بەڵام پێویست بەوە دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان یاسایەكی تر دەربكەن لەپەرلەمانی كوردستان، یاسای چاكسازی لەبواری داهات بێت لە بواری خەرجییەكان بووە بەڵام لەبواری داهاتەكان نییە، ئەگەر بێتو ئەو دوو چاكسازییە زۆر بە ڕێكوپێكی جێبەجێبكرێت لە كوردستان ئەو كاتە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت مانگانە بە لێبڕینێكی كەم مووچەی خەڵكی كوردستان بدات.
بە وتەی نەبی، حكومەت نایەوێت جارێ خۆی تووشی ئەو كێشەیە بكات كە 50% مووچە بدات مانگانە، حكومەت دەیەوێت هەوڵ بدات زۆرترین مووچە بدات بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بەڵام بە بۆچوونی من ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بێ ئومێدبوو لە بەغداد ئەو كاتە بەدڵنیاییەوە خۆیان چارەسەرێك دەدۆزنەوە كە مانگانە ڕێژەیەك لە مووچە بدەن باشترە بۆئەوەی خەڵك بتوانێت بژێوی خۆی دابین بكات.
لە لایەكی دیكەوە وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان بە رونی دەڵێت كە چەند بژاردەیەكیان لەبەردەست بوو، یەكێكیان ئەوە بوو كە بە 2 مانگ جارێك مووچە بدرێت، بەمەش مووچەی هەر مانگێك بە رێژەی لە 50% دەدرا هەربۆیە بە ناچاری بڕیاری كەمكردنەوەی رێژەیەك لە مووچەیان داوە.

هەولێر چاوی لە بەغدادە
لە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستاندا كە سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و تیمێكی وەزاری حكومەت میوانداری كرابوون، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ئۆباڵی دابەشنەكردن و گرفتی مووچە خستە ئەستۆی بەغداد و چەند جارێك ئاماژەی بەوەشدا كە بەهۆی كێشە سیاسییەكانەوە حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی هەرێم وەك پێویست نانێرێت.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان لە بەشێكی وتەكانیدا لەبەردەمی پەرلەمانتاران وتی: حكومەتی عێراق بە نەناردنی بودجەی هەرێم نەوەستا و پشكی هەرێمی كوردستانی لە 17% بۆ 12.67%ی كەمكردەوە و تا ئێستاش حكومەتی بەغدا لە 100%ی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە.
شێخ جەناب ئاماژە بەوەشدەكات، لەبەر ئەوەی مانگانە حكومەتی عێراق بە بڕی 201 ملیار دینار كەمتر لە شایستەی دیاریكراوی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق رەوانە دەكات، هۆكارێكی دیكەش دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیە و ئەو كورتهێنانەی كە درووست بووە، حكومەتی هەرێم لەتوانایدا نەبووە پڕی بكاتەوە، بۆیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانە كێشەكە بە كەمكردنەوەی مووچە چارەسەر كراوە.

حكومەتێكی قەرزدار
لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان نەك هیچ دانراوێك شك نابات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە داراییەكانی، بەڵكو ملیارەها دۆلاریش قەرزدارە و بە وتەی بەرپرسانی حكومەت، كۆی گشتی قەرزەكان 28 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە بەجۆرێك:-

كۆی قەرزەكانی (ناوخۆ + دەرەكی) 7.256.283.646 دۆلار
كۆی پابەندییە داراییەكان 8.337.989.532 دۆلار
كۆی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان 8.966.156.514 دۆلار
بابەتی هەردوو بانكی (بازرگانی عێراق و كوردستانی نێودەوڵەتی) 3.916.245.374 دۆلار
كۆی گشتی قەرزەكان 28.476.675.039 (28 ملیارد و 476 ملیۆن و 675 هەزار و 39 دۆلار)


مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان
بەپێی تۆمارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران 1.255.323 (یەك ملیۆن و دووسەد و پەنجاو پێنج هەزار و 323) مووچەخۆرن

لەو ژمارەیە
كارمەندی مەدەنی = 430.231 (چوارسەد و سی هەزار و دووسەد و سی و یەك) مووچەخۆر
سەربازی = 217.979 (دووسەد و حەفدە هەزار و نۆسەد و حەفتا و نۆ) مووچەخۆر
پۆلیس و ئاسایش = 104.699 (سەد و چوار هەزار و شەشسەد و نەوەت و نۆ) مووچەخۆر
خانەنشین = 246.269 (دووسەد و چل و شەش هەزار و دووسەد و شەست و نۆ) مووچەخۆر
دەستەبەری كۆمەڵایەتی = 159.158 (سەد و پەنجا و نۆ هەزار و سەد و پەنجا و هەشت) مووچەخۆر
شەهیدان = 96.937 (نەوت و شەش هەزار و نۆسەد و سی و حەوت) مووچەخۆر.

بەڵام بەردەوام چ لەناوخۆ گومان دەكرێت كە بەشی زۆری ئەم مووچەخۆرانە وەهمی و بندیوار بن و تەنها بەناو لە تۆمارەكانی حكومەتدا بن و چ لە عێراقیش گومان لەو قەبارە گەورەیەی مووچەخۆر دەكرێت و پێیانوایە كە ژمارەی مووچەخۆری فیعلی زۆر لەو ژمارەیە كەمترە.

بژاردەكانی بەردەستی هەرێم
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دان بەوەدا دەنێت كە ئەوان تا ئێستا پلانیان لەسەر بەشە بودجەی مانگانەی عێراق داڕشتووە.
د. جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی میدیایدا رایگەیاند: ئەوان بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق ئەو 320 ملیار دینارە بنێرێت و هەوڵ دەدەن ئەو كێشانەی هەیە بەزوویی چارەسەری بكەن.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەگەر هات و حكومەتی عێراق 320 ملیارەكەی نەنارد، حكومەتی هەرێمی كوردستان چی دەكات؟ وتەبێژی حكومەت دەڵێت: وەزارەتی داریی ئامادەكارییەكانی كردووە ئێمە دوو بۆ سێ بژاردەمان هەیە  و لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانن و لە ئایندەدا باسی بژاردەكان دەكەین.
هەرچۆنێك بێت ئێستا بژاردەكانی بەردەستی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا دێت كەمتر دەبنەوە و پێشبینییە داراییەكانی رەوشی ئابوری بەغدادیش بەو ئاراستەیەن كە نەتوانێت بەردەوام بێت لە رەوانەكردنی بەشەمووچە بۆ هەرێمی كوردستان، هەربۆیە ئەگەر بەغداد ئەو بەشە مانگانەیەی هەرێم رابگرێت ئەوا هەولێر هیچ بژاردەی نامێنێت جگە لەوەی مووچە بكات بە دوو مانگ جارێك.