10:29 - 06/10/2020
ڕێواز فایەق: یاسای چاكسازیی بارگرانی بۆ حكومەت دروستدەكات و هیچی پێناكرێت
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك پرسی گرنگ دەوروژێنێت و دەڵێت: یاسای چاكسازیی لەڕووی یاساییەوە زۆر خراپەو تێكەڵ و پێكەڵە، نەك هەرچاكسازیی پێنكارێت، بەڵكو دەبێتە بارگرانییەكی تریش بۆ حكومەت، هەروەها ڕایدەگەیەنێت ئەو ئاگای لەوە نەبووە كە ئاویان بۆ ئەندامانی پەرلەمان دانەناوە، هەروەها باس لەوەش دەكات پەخشی دانیشتنی پەرلەمان ڕاستەوخۆ نییە، سەرەڕای ئەوەش چارەنووسی وەزیرو بریكاری وەزیرەكان (كە بەهیچ شێوەیەك لەو پلەیەدا نەبوون) ئاشكرا دەكات و دەڵێت: پارە بۆ حكومەت ناگەڕێتەوە، بەڵكو تەنها ناونیشانەكانیان دەگۆڕێت..
دوێنێ 5 تشرینی یەكەمی 2020 دوای 10 كاتژمێر
دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان و بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیریی
دارایی ، هەندێك پێیان وابوو ئەو دانیشتنە وەڵامدارەوەی پرساندنەكەی ئەو پەرلەمانتارانەیە
كە واژۆیان لەسەر كردبوو، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرای دەكات كە دانیشتنەكەی دوێنێ
دانیشتنی پرساندن نەبوو، بەڵكو شتێكی ترەو دوو ئالیەت و دوو مادەی جیاوازە و ئەو
دانیشتنەش نابێتە جێگرەوەی پرساندنەكە.
لەو بەرنامە ڕادیۆییەدا سەرۆكی
پەرلەمان دەڵێت: ئەگەر شەش مانگ بەر لە ئێستا سەرۆكی حكومەت بهاتایەتە پەرلەمان
ئێستا ئەم قۆناغەمان تێپەڕاندبوو.
رێواز فایەق، سەرۆکی
پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نابێتە
"شوێنگرەوەی پرساندن". گوتیشی حکومەت دەبێت لە ماوەی 14 رۆژدا پەرلەمان
ئاگادار بکاتەوە کە ئامادەی کۆبوونەوە دەبن یان نا.
بە پێی وتەی سەرۆكی پەرلەمان مادەی 66 بۆ گفتوگۆ بووە
لە نێوان پەرلەمان و حكومەتدا كە مافی سەرۆكی حكومەت و وەزیرو پەرلەمانتارەمانە كە داوای بكەن، وەك ئامرازی چاودێكریكردن، بەڵام پرساندن مادەكانی
68 و 69 و ئەوانی ترەو نابێتە پاساوی ئامادەنەبوونی حكومەت.
بە گوتەی رێواز فایەق،
ئەگەر هاتوو حکومەت ئامادەنەبوو بەشداریی دانیشتنەکە -پرساندن- بکات، ئەو کات پەرلەمان
"بەشێوەیەکی غیابی" دانیشتنەکە بەڕێوەدەبات. بەڵام هێشتا حكومەت
ڕاینەگەیاندووە كە بزانرێت دێنەوە بۆ پەرلەمان یان نە.
لەنێو میدیاكان و سۆشیاڵ میدیاشدا زۆر لەسەر ئەو بڕگەیە وەستان كە سەرۆكی حكومەت دوای ئەوەی
لە ماوەی پێشوودا گوتی 27 ملیار دۆلار قەرزار بوون، بەڵام دوای چەند مانگێك لەو
ڕاگەیاندن نزیكەی ملیارێك و دوو سەد ملیار دۆلار زیادی كردووەو نزیك بووەتەوە لە 29 ملیار، ئەوەش بە پێچەوانەی ئەو
قسەیەوەیە كە خۆیان گوتوویانە بە پێی پارەی بەردەست ئەوان پارەیان دابەشكردووە، ئەگەر وایە ئەو قەرزانە لە پای چیكراون و لایەنی خاوەن قەرز كێیە؟ سەرۆكی پەرلەمان باس لەوە دەكات كە سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران هەندێك
ڕوونكردنەوەی داوە، بەڵام دواتر داوای ئەو ژمارانە دەكەین و وردبینی تێدا دەكەین...
سەبارەت بە یاسای
چاكسازیی رێواز فایەق گوتی: دەیان تێبینیم لەسەر پرۆژە یاساكە هەیە، پێمخۆشە
حكومەت گەشتبێتە ئەو بڕوایەی كە یاساكە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، لە ڕووی
یاساییەوە تۆكمە نییە، تێكەڵ و پێكەڵی زۆری تێدایە، من ڕایدەگەیبەنم یاسای چاكسازی
هیچ پارەیەك بۆ حكومەت ناگێڕێتەوە، سەبارەت بەوانەی كە خانەنشین كراون بە وەزیرو
جێگر وەزیر، ئەوانە تەنها ناونیشانیان دەگۆرێت، ئەگیان پارەكانیان نابڕێت، ئەو
یاسایەی كە ئێستا هەیەو حكومەت دەیەوێت جێبەجێی بكات دەدەبێتە بارگرانی بۆ حكومەت نەك باری
سەرشانی سووك بكات. دەبێتە هۆی زیادكردنی خەرجی حكومەت نەك كەمی بكاتەوە.
وەك چاودێران باسی دەكەن بە پێی سیستەمی بایۆمەتری زیاتر لە 55 هەزارناوی دووبارەو وەهمی هەن و ئەگەر بەو پێیەی كە
باسی دەكەن مووچە دابەش بكرێت زیانی گەورە بەر هەردوو حیزبی باڵادەست دەكەوێت
لەبەر ئەوەی ئەوانە لەلایەن ئەوانە ئەنجام دراون. بەڵام هێشتا ئەوە ڕوون نەبووەتەوە كە ئایا لە كەیەوە بەو سیستەمە كاردەكەن؟
سەبارەت بە كێشەی
بندیوارەكان سەرۆكی پەرلەمان روونی
کردەوە، ئەوەی کە دەگوترێت بندیوار نامێنێت، وانییە، بە پێی ئەو یاسایە بەشێكی زۆریی بندیوارەکان دەگەڕێندرێنەوە سەر کار و بەو جۆرەش پێویستیان بە ئۆتۆمبێل، مێز و
شوێنەو كارەباو مەسروفیان دەوێت، بەوەش خەرجی حكومەت زیاتر دەكات.
هەندێك لە شارەزایان پێیان وایە پێدەچێت ئەو قسەیە بۆ ئەوە بێت كە لەلایەن خەڵكەوە بێدەنگی لێبكرێت و چیتر دەست بۆ ئەو دۆسیەیەش نەبرێت و بەوەش لەبەرژەوەندی خۆیان دەشكێتەوە بە تایبەتی ئەوانەی لە پشتی بندیوارەكانەوەن.
سەبارەت بە نەبوونی ئاو
لەناو هۆڵی پەرلەمان، كەبووە جێگەی سەرنجی میدیاكان و ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانی
لێكەوتەوە، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت: تا نەچوومە دەرەوە نەمزانیوە ئاویان
بۆدانەنراوە، بەڵام بۆ ستافی حكومەت قاوەو ئاویان دانابوو، بەبڕوای خۆم بۆیە دابەش
نەكراوە كە ترساون لەوەی دەبە ئاو هەڵبدەن بۆمان... من خۆم باوەڕم وایە نابێت هیچ
ئەندامێك تووڕە بكەین ئەبی نازی موعارەزە هەڵبگرین، نابێت ئیحساسی ئەوەیان بۆ
دروست ببێت ئەوان موعارەزەن. دوایش دەپرسم بزانم بۆچی ئاویان دانەناوە، ئەوانەی
ئیدارەی پەرلەمان دەكەن دەزانن ئیدارە جێگەی ئیهتیمام نیە لایی من ، دواییش دەپرسم
بزانم بۆ دایان نەناوەو پێیان دەڵێم كارێكی غەڵەتیان كردووە.
سەبارەت بە پەخشی
ڕاستەوخۆی میدیا بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمان هەندێك لە رۆژنامەنووسان پێیان وایە
ڕاستەوخۆ نیەو دوای 10 خولەك پەخش دەكرێت ، سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت : چوار دەقەو
نیو دوای كاتی ئاسایی خۆی پەخش دەكرێت و هەندێكجار بەریەككەوتن هەیە نابێت بچێتە
سەر جادە، تەنها بەریەك كەوتنی نایاسایی لادەبەین.