ڕاپۆرتی کوردستانی

04:45 - 05/10/2020

ئه‌و وڵاته‌ى له‌ دڵى رۆژئاوادا موسڵمانان به‌ خێرایى تێیدا گه‌شه‌ ده‌كه‌ن‌

پەیسەر

سورینام، وڵاتێكى بچوك و پڕ دین و پڕ جیاوازى، تاكه‌ وڵاته‌ له‌ دڵى رۆژئاوادا كه‌ موسڵمانان به‌ رێژه‌یه‌كى نا ئاسایى هه‌ڵده‌كشێن، به‌ڵام ناكۆكى زۆر له‌نێو كۆمه‌ڵه‌ جیاوازه‌كانى موسڵمانان، ته‌واو لاوازى كردوون ئه‌گه‌رچى زۆرینه‌ن و ناسنامه‌ى وڵاته‌كه‌یان كردووه‌ به‌ موسڵمانان.

زۆر كه‌س سه‌رسامن به‌وه‌ى وڵاتێك هه‌یه‌ به‌ناوى سورینام و وڵاتێكى ئیسلامییه‌، لاى زۆر كه‌س ئه‌وه‌ش سه‌یره‌ كه‌ به‌شێك له‌ موسڵمانانى ئه‌م وڵاته‌ پێچه‌وانه‌ى ئاڕاسته‌ى قیبله‌ نوێژ ده‌كه‌ن، بچوكترین وڵاتى موسڵمانه‌.

به‌ فه‌رمى ناوى كۆمارى سورینامه‌، وڵاتێكى سه‌ربه‌خۆیه‌ و ده‌كه‌وێته‌ باكوورى كیشوه‌رى ئه‌مریكای باشوور، له‌ رۆژئاواو باشووره‌وه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕازیل، له‌ باكووریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ریاى ئه‌تڵه‌سى هاوسنوره‌، بچوكترین وڵاتى خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌ له‌ ئه‌مریكاى باشوور له‌ڕووى رووبه‌روو ژماره‌ى دانیشتووانه‌وه‌، كه‌متر له‌ نیو ملیۆن دانیشتووى هه‌یه‌.

رووبه‌رى سورینام ١٦٣ هه‌زارو ٢٧٠ كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌یه‌ و رووبه‌ره‌كه‌ى هەمان رووبه‌رى وڵاتى تونسه‌، سورینام له‌ كۆندا موسته‌عمه‌ره‌ى هۆڵه‌ندا، ئینگلیز و فه‌ره‌نسییه‌كان بووه‌، هه‌ر سێ وڵات هه‌وڵیان ده‌دا له‌سه‌ر خۆیان ساغى بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هۆڵه‌ندا هه‌ندێك شوێنى دیكه‌ى به‌ به‌ریتانیا به‌خشى له‌ به‌رامبه‌ردا كۆنتڕۆڵى سورینامى كرد.

تا ئێستا سورینامییه‌كان به‌هۆڵه‌ندیى قسه‌ ده‌كه‌ن، تا ماوه‌یه‌كى زۆر وه‌ك و‌ڵاتى پاشكۆى هۆڵه‌ندا و له‌ژێر كۆنتڕۆڵى هۆڵه‌ندا مایه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى له‌ ڕووى رووبه‌ره‌وه‌ چوار هێنده‌ى هۆڵه‌ندا گه‌وره‌تره‌، رێژه‌ى ئه‌وروپییه‌كان له‌نێو سورینام سه‌دا دووى تێنه‌په‌ڕاندووه‌ زۆرینه‌ى هاوڵاتیانى وڵاته‌كه‌ به‌ ئه‌سڵ پاكستانى و هندستانین.

 ئه‌م وڵاته‌ بچوكه‌ كۆكراوه‌ى مرۆڤى چه‌ندین كیشوه‌رى جیاوازى تێدایه‌، ره‌شپێست و سپى پێست، ئه‌فریقى و ئه‌نده‌نوسى و هندى و چینى له‌ سورینام هه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێن، له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ هۆڵه‌ندا وه‌ك كێڵگه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته‌ كردووه‌، كرێكارانى له‌ هه‌موو لایه‌كى جیهانه‌وه‌ هێناوه‌ تا له‌وێ كار بكه‌ن. 

سورینام هه‌روه‌ها شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى دینه‌ جیاوازه‌كانه‌، ئیسلامى، هندۆسى و مه‌سیحى، هه‌روه‌ها كه‌مینه‌یه‌كى بوزیش له‌وێ ده‌ژین.

ساڵى ١٩٧٥ سورینام سه‌ربه‌خۆى له‌ هۆڵه‌ندا به‌ ده‌ستهێنا، دواى ئه‌وه‌ى وڵات گۆڕا بۆ حوكمى دیموكراسى تا دواى ئه‌وه‌ى حوكمى سه‌ربازى سه‌پێندرا به‌ درێژایى هه‌شتاكان له‌لایه‌ن سه‌رۆك بترس، كه‌ سیسته‌مى ئیشتراكى په‌یڕه‌و ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى هۆڵه‌ندا هاوكارییه‌كانى بۆ سورینام راگرت، به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ وڵات رووبه‌ڕووى قه‌یرانێكى سه‌خت بوویه‌وه‌. 

زۆرینه‌ى سورینامییه‌كان ناچاربوون وڵات جێبهێڵن و روو له‌ هۆڵه‌ندا بكه‌ن، تا ئێستا سێ هه‌زار سورینامى له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژین و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ وڵاتى خۆیان، هه‌روه‌ها هه‌ڵكه‌وته‌ى دیمۆگرافى كاریگه‌ر بووه‌ له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌.

رێژه‌ى موسڵمانان له‌ سورینام له‌ سه‌دا ٢٠ وه‌ بۆ سه‌دا ٣٥  زیاد بوو چه‌ند هۆكارێكى دیكه‌ به‌شداریكردووه‌، وه‌ك زیادبوونى ژماره‌ى له‌دایكبوون  له‌ نێو موسڵمانان، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خه‌ڵكى ئه‌فریقا به‌ تایبه‌ت له‌ ئیسلامییه‌كان چوونه‌ته‌ سورینام، رێژه‌ى موسڵمان به‌جۆرێك له‌ سورینام زیادیكرد له‌ ساڵى ١٩٩٦ سورینام بووه‌ ئه‌ندامى رێكخراوى هاریكارى ئیسلامى.

سه‌ره‌ڕاى زۆرى ژماره‌ى موسڵمانان و هه‌ڵكشانى رێژه‌كه‌ له‌ سورینام، به‌ڵام ئیسلامییه‌كانى سورینام چیرۆكى جیاوازیان هه‌یه‌ جیا له‌ وڵاتانى دیكه‌ى ئیسلامى جیهان، موسڵمانان به‌سه‌ر چه‌ند مه‌زهه‌بێكدا دابه‌شبوون، زۆرینه‌یان له‌نێو خۆیان ناكۆكن، موماره‌سه‌ى هه‌ندێك تقوس و عاداتى سه‌یر ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌ڕاى هه‌وڵه‌كان بۆ یه‌كگرتنى كۆمه‌ڵگه‌ى ئیسلامى له‌ سورینام، به‌ڵام تا ئێستا له‌نێوخۆیان په‌رته‌وازه‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش تا ئێستا موسوڵمانان له‌و وڵاته‌ كه‌مترین چالاكى و ئاماده‌ییان هه‌یه‌، ئه‌گه‌رچى گه‌وره‌ترین دینى وڵاته‌. 

هه‌ڵكه‌وته‌ى وڵاته‌كه‌ له‌ دڵى وڵاتانى رۆژئاوادا، رۆڵى هه‌بووه‌ له‌وه‌ بانگخوازانى جیهان و زانایانى ئیسلامى به‌ كه‌مى روو له‌ سورینام بكه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ناكۆكى له‌سه‌ر تقوسه‌ دینییه‌كان زۆرن له‌ سورینام.

به‌م دواییانه‌ كۆمه‌ڵه‌و ده‌زگاى ئیسلامى ده‌ركه‌وتن، كه‌ دۆسێى موسڵمانان له‌ خۆده‌گرن، به‌ ئامانجى راستكردنه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى ئیسلام كاریان ده‌ستپێكرد، هه‌ندێك له‌ موسڵمانه‌كانى سورینام وه‌ك ئه‌نده‌نوسییه‌كان، به‌ ئاڕاسته‌ى رۆژئاوا نوێژ ده‌كه‌ن، به‌و تێگه‌یشتنه‌ى كه‌عبه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى رۆژئاواى ئه‌نده‌نوسیایه‌، كاتێك كۆچیان كردووه‌ بۆ سو‌رینام تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌ ئاڕاسته‌ى رۆژئاوا نوێژ ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچى له‌ سورینام قیبله‌ى موسوڵمانان به‌ ئاڕاسته‌ى رۆژهه‌ڵاتى وڵاته‌. 

دین ته‌نها ئاڵنگارى نییه‌ بۆ سورینام، قه‌یرانى ئابوورى دیارترین ئاڵنگارى وڵاته‌كه‌یه‌، كۆچى پێچه‌وانه‌ له‌ وڵاته‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، له‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ى جیهان ئاوڕ له‌ سورینام بداته‌وه‌.