11:45 - 05/10/2020
بەغداد لە لێواری هەرەسدا
تادێت قەیرانی مووچە لە عێراق گەورەتر دەبێت و 50 رۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەدا تێپەڕی و ئەم هەفتەیەش حكومەت ناتوانێت مووچەی مووچەخۆرەكانی دابەش بكات، هاوكات داوادەكرێت مووچەخۆران و فەرمانبەران سكاڵا لەسەر حكومەت تۆمار بكەن و ئەنجومەنی وەزیرانیش دەست بۆ پارەی وەزارەتەكان دەبات بە مەبەستی پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە.
50 رۆژ
نزیكەی پەنجا رۆژ بەسەر دابەشكردنی مووچەدا لە عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هیچ بەروارێكی رەسمی دەستنیشان نەكراوە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت تا دوای رۆژی 10ی ئەم مانگە نەتوانرێت مووچە دابەشبكرێت و تەنانەت وادەكەشی دەستنیشان بكرێت، چونكە حكومەت چاوەڕوانی كۆبوونەوەی پەرلەمانە و پەرلەمانیش تا رۆژی 10 مانگ كۆنابێتەوە و دوای دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانیش چەند رۆژێك كاتی دەوێت تا پرۆژەی قەرزەكانی حكومەت بخاتە بەرباس و هەڵیبسەنگێنێت و دواتر پەسەندی بكات.
شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان وتی: "10ی ئەم مانگە پەرلەمان كۆبوونەوەكانی دەستپێدەكاتەوە و پرسی قەرز ئەگەر تاوتوێ بكرێت پێنج رۆژ بۆ هەفتەیەك دەخایەنێت".
وتیشی: "ئەگەر وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی ئەوە بێت پەرلەمان ڕێگەی پێبدات بۆ قەرزكردنی زیاتر، دابەشكردنی موچە زیاتر دوادەكەوێت و دەكەوێتە دوای ناوەڕاستی مانگ".
متمانە بە حكومەت ناكرێت
لەپاڵ ئەوەی حكومەتی عێراق و بەتایبەتتر وەزیر و وەزارەتی دارایی چەند جارێك باسیان لەوە كردووە كە ئەگەر پەرلەمان رەزامەندی بەپەلە لەسەر وەرگرتنی قەرز نەدات ئەوا ناتوانن كورتهێنانی موووچە چارەسەر بكەن، بەڵام تا ئێستا چ پەرلەمان و چ شارەزایانی رەوشەكە گوومان دەخەنە سەر قسەكانی حكومەت و پێیانوایە كە حكومەت دەتوانرێت بەبێ قەرزیش مووچە دابەش بكات.
فازڵ نەبی بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت: پێموانیە عێراق نەتوانێت موچە بدات، چونكە ساڵی 2015و 2016 من لەبەغدا بوم وەزعەكە وەكو ئێستا بوو، كەچی توانیمان موچە بدەین، ئێستا بۆمن مایەی سەرسوڕمانە، عێراقی دەوڵەمەند بەنەوتو غاز، بۆ ناتوانێت موچە بدات لەكاتی خۆیدا؟.
هاوكات غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی متمانەنەكردن بە بانگەشەی حكومەتی عێراق بۆ تووشبوونی بە قەیران دەڵێت هەر كەسێك دەبێتە وەزیری دارایی لەبری ئەوەی داهات زیاد بكات و گەندەڵی كەمبكاتەوە، پەنا بۆ قەرزكردن دەبات، ئێمە ئاگادارین پارە لەبەر دەستە بەڵام وەزیری دارایی دەیەوێت قەرز بكات.
عێراق لە لێواری مایەپوچیدا
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا هێرشی تووند دەكاتە سەر حكومەت و دەڵێت، چاوەڕوانی ئەوەبوون حكومەت و وەزارەتی دارایی یاسایی قەرزكردن جێبەجێ بكەن كە مانگی تەمموزی ئەم ساڵ دەنگی لەسەردرا و دواتر حكومەت لەماوەی 60 ڕۆژدا پلانی چاكسازیی دارایی و ئابووری پێشكەش بكات، كەچی هاتووە پڕۆژە یاسایەكی تری قەرزكردنی پیشكەش كردووە، وەك ئەوەی وەزارەتی دارایی تەنها كاری قەرزكردن بێت.
لیژنەی دارایی هۆشداری ئەوەش دەدات گەر بێتو ئەو كارە تا 6 مانگی تر بەردەوام بێت ئەوا عێراق مایەپووچ بوونی خۆی ڕادەگەیەنێت.
پێشتریش مستەفا كازمیی سەرۆكی حكومەتی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی میدیایدا بە دووری زانی عێراق دووچاری مایەپووچ بوون ببێت، بەڵام نەیشاردەوە بە ترسناكترین دۆخی دارایدا گوزەر دەكات.
دەستبردن بۆ پارەی وەزارەتەكان
هەنوكە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق هیچ ئاسۆیەك شك نابات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی موووچەخۆرەكانی، هەربۆیە یەكێك لەو بژاردانەی تاوتوێی دەكات دەستبردنە بۆ پارەی وەزارەتە جیاجیاكانی حكومەت
ئەحمەد سەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت، ئەو بڕە پارەیەی حكومەت بەنیازە لە وەزارەتەكانی بكێشێتەوە، دەگاتە 3 ترلیۆن دینار، لە بنەڕەتیشدا حكومەت پێویستی بە 7 ترلیۆنە تا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینیان و چاودێریی كۆمەڵایەتی بۆ سێ مانگی داهاتوو زامن بكات.
سەفار وتی كە داهاتی حكومەت دەگاتە چوار ترلیۆن دینار، ئەمەش مانای ئەوەیە بۆ سێ مانگی داهاتوی موچەی فەرمانبەران 3 ترلیۆن دینار كورتهێنان لە دابینكردنی موچەدا هەیە.
رەوشەكە خراپتر دەبێت
دواكەوتنی مووچە و تووشبوونی عێراق بە قەیرانی دارایی لەكاتێكدایە كە لەرووی سیاسیشەوە چاوەڕوان دەكرێت عێراق بكەوێتە قەیرانەوە بەتایبەت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هۆشداری داوە لە داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە ئەگەری بەردەوامی بۆشایی ئەمنی و بە ئامانجگرتنی ناوچەی سەوز لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە.
لەوبارەیەوە فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق مەترسی خۆی لە خراپتربوونی رەوشی دارایی عێراق نیشان دەدات و دەڵێت: ئەمریكا لە تەنگژەی ئابوری ڕزگاری كردوین، دەعمی ئەمریكا لەمەسەلەی پێدانی قەرزە، لەمەسەلەی لێكتێگەیشتنە لەگەڵ سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، هێنانی كۆمپانیایە بۆ كاركردن لەعێراق، درێژكردنەوەی مامەڵەی عێراقە لەگەڵ ئێران لەمەسەلەی غازو كارەبا، ئەوانە دەعمی گەورەن، گەر ئەمریكا بكشێتەوە، دەعمی دامەزراوە گەورەكانی دونیا بۆ عێراق نامێنێو عێراق سزا دەدرێو ئەمریكا دەكەوێتە دوژمنایەتیكردنی.
هەرێم مووچەی وەرنەگرتووە
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم مووچەی ئەم مانگەی لە بەغداد وەرنەگرتووە دەشڵێت بەرژەوەندیمان لە سەقامگیری وڵات و سەركەوتنی حكومەتی كازمیدایە.
هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعیراقیە رایگەیاندووە: تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم مووچەی ئەم مانگەی لە بەغداد وەرنەگرتووە ، پێشتریش روبەڕووی هەمان ئەو بارودۆخە داراییە بوینەتەوەو رێوشوێنی توندمان گرتوەتەبەر،مانگانە لانی كەم دەبێت سێ ملیار دۆلار تەرخان بكرێت بۆ شایستە داراییە پێویستەكان.
سكاڵاكردن لە حكومەت
هاوكات لەگەڵ توڕەیی و نارەزایی مووچەخۆران و فەرمانبەران لە دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە، داوا لە مووچەخۆران و فەرمانبەران دەكرێت بۆ وەرگرتنی مافە داراییەكانیان پەنا بەرنە بەر سكاڵاً تۆماركردن دژی حكومەتی عێراق.
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی لەوبارەیەوە دەڵێت: بەپێی دوایین یاسا كە بە ژمارە 22 لە ساڵی 2008 دەركراوە، پێویستە فەرمانبەران هەموو سەری مانگێك موچە وەربگرن و نابێت موچەكانیان دوا بكەوێت، بۆ ئەم دواكەوتنەش، فەرمانبەران دەتوانن لە دادگای كارگێڕی سكاڵا تۆمار بكەن و دەشتوانن داوای قەرەبوو بكەن بەهۆی ئەو زیانانەی كە دواكەوتنی موچە پێی گەیاندوون.