ڕاپۆرتی کوردستانی

12:41 - 03/10/2020

"بە مەبەستی وەرگرتنی قەرز، عێراق مووچە دوادەخات"‌

پەیسەر

دوای نزیكەی دوو هەفتە لە دواكەوتنی مووچە، حكومەتی عێراق كورتهێنانی مووچەی مووچەخۆرەكانی پڕدەكاتەوە و لەم هەفتەیەدا لەماوەی یەك رۆژدا تەواوی مووچەی مووچەخۆران دابەش دەكات.
هاوكات بەشەمووچەی مانگانەش بۆ لقی هەولێری بانكی ناوەندی رەوانە دەكات و هەرێمی كوردستانیش دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات، بەڵام گومانێك بەرامبەر دەسەڵاتدارانی بەغداد سەریهەڵداوە، كە ئایا حكومەت هەژارە و ناتوانێت پێشوەختە مووچەی مووچەخۆرەكانی گرەنتی بكات، یان بۆ جۆرێك لە دروستكردنی فشاری شەقام بۆ وەرگرتنی قەرز، مووچە وەك كارتێك یاری پێدەكات.


كورتهێنانی مووچە
رۆژی 28 مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوێكی بە پەلەی ئاراستەی ئەمیندارێتی حكومەت كرد و تێیدا تكای كرد پەلەبكرێت لە رەوانەكردنی پرۆژەی قەرزكردن لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان و رەزامەندی پەرلەمانتاران بە مەبەستی وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگەكانی 9 + 10 + 11 + 12ی ساڵی 2020.
ئەوەش لەكاتێكدا كە مووچەخۆرانی حكومەتی عێراق چاوەڕوانی مووچە بوون و هەتا كاتی دابەشكردنی مووچەش وەزارەتی دارایی هەوڵینەدابوو كە قەرز دەستەبەر بكات هەربۆیە گومان لەو خەمساردییە دەكرێت.

گومان لە حكومەت
بە بڕوای بەشێك لە پەرلەمانتاران و چالاكانی مەدەنی، حكومەتی ناوەندی بە مەبەست مووچەی مووچەخۆرانی دواخست، ئامانجیشی لە دواخستنەكە توڕەكردنی مووچەخۆران بوو بە ئامانجی لۆبیكردن بۆ پرۆژەی وەرگرتنی قەرز و ویستی لەو رێگەیەوە پەرلەمان بخاتە دۆخێكەوە كە لەژێر فشاری شەقامدا بەبێ‌ هیچ تاوتوێكردن و پرسیارێك رەزامەندی پەلە نیشان بدەن لەسەر پرۆژەی وەرگرتنی پەرز لەلایەن حكومەتەوە چ قەرزی ناوخۆیی و چ قەرزی دەرەكی.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئێستا حكومەت بۆ دابەشكردنی موچە پارەی تەواوی لە بەردەستە، بەڵام "دواخستنی بۆ دو هۆكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان گوشارخستنە سەر پەرلەمان لە رێگەی شەقامەوە بۆ پەسەندكردنی یاسای قەرز و دوەمیشیان، هۆشدارییەكە لەوەی كە ئەگەر بەمجۆرە هێرش بكرێتە سەر باڵیۆزخانە و هێزە بیانییەكان، ئابوریی عێراق خراپ دەبێت."
ئەحمەد رەشید ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق لە مانگی ئەیلولدا 601 ملیار دینار داهاتی هەبوە، هەروەها لە سێ مانگی رابردوشدا داهاتی نەوتی 11 ترلیۆن دینار بوە و 15 ترلیۆنیشی قەرزكردوە هەربۆیە دەیتوانی لەكاتی خۆیدا مووچە بدات.

گەورە قەرزدار
هاوكات بەپێی ریزبەندییەكی جیهانی، عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە كە زۆرترین قەرزی لە بانكی جیهانی وەرگرتووە و لە پلەی شەشەمی گەورە قەرزارەكاندایە.
گۆڤاری فۆربیس ڕیزبەندییەكی نوێی 10 وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكووری ئەفریقای بڵاوكردەوە، كە زۆرترین قەرزیان لە لایەن دامەزراوەی بانكی جیهانییەوە بۆ ئەمساڵ وەرگرتووە.
بەپێی لیستەكە، میسر بە 23.4 ملیار دۆلار لەبانكی نێودەوڵەتی‌و بانكەكانی(IBRD) و (IDA)ی سەر بەبانكی نێودەوڵەتی لەپلەی یەكەمدایە.
لەپلەی دووەمیشدا وڵاتی مەغریب دێت، كە 19.3 ملیار دۆلار قەرزارەو دوای ئەویش تونس بە 10.8 ملیار دۆلارو دواتریش ئەردەن دێت بە 7.5 ملیار دۆلار قەرزو لەپاشان جەزائیر دێت بە 5.8 ملیار دۆلار.
پلەی شەشەمیش بۆ عێراق بووە بە 5.6 ملیار قەرز بۆ ئەمساڵ‌و لەدوای عێراقیش وڵاتانی لوبنان بە 2.9 ملیار د‌ولارو سودان بە 1.5 ملیار د‌ولار و سوریا بە 628.3 ملیۆن دۆلارو پاشانیش عەمان دێت بە 157 ملیۆن دۆلار.

ئەم مانگەش چارەسەر دەكرێت
ئێستا حكومەتی عێراق زیاتر لە 10 رۆژ لە دابەشكردنی مووچە دواكەوتووە، گریمانەكانیش وان كە لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، دواكەوتنی موچەی عێراق بەهۆی كورتهێنانەوە بووە و ئێستا چارەسەركراوە.
بە وتەی سەفار، ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشكردنی موچە دەكات و "بە دڵنیاییەوە 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستانیش دەنێرێت.

داوای پارە لە هاوڵاتیان
هاوكات بانكی رافیدەین داوا لە هاوڵاتیانی عێراق دەكات پارە دانراوەكانیان لە ماڵەوە هەڵنەگرن و لە بانك دایبنێن تا ئەو پارەیە جوڵە بكات.
لقی بەغدادی بانكی رافیدەین لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هاوڵاتیان كرد پارەكانیان بەرن لە بانك دایبنێن و ئامادەن هەرچی زیاترە ئەكاونتی بانكی بۆ هاوڵاتیان بكەنەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی بانكی رافیدەین لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، لە بەرامبەر وەرگرتنی سوود، بانك بەردەوامە لە كردنەوەی هەژمارەكانی ژمێرەی بانكی.
هەروەها بانكەكە داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری دەربارەی رێنماییە تایبەتییەكان ، سەردانی لقەكانیان بكەن و پارەكانیان لەبەرامبەر وەرگرتنی سود لە بانك دابنێن.