05:11 - 30/09/2020
ئایا ئه‌مریكا هاوشێوه‌ى ئێران سزاى عێراق ده‌دات؟
په‌تى سه‌برى ئه‌مریكا له عێراق خه‌ریكه ده‌پچڕێت، دوایین هۆشدارى واشنتن بۆ عێراق توندتره، تا ده‌گاته داخستن و هه‌ڵپه‌ساردنى نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌ى بۆ ماوه‌یه‌كى كاتیى، له‌نێو ئه‌و رێكاره كوت‌وپڕ و توندانه‌ى ئه‌مریكا له عێراق و ئاگاداركردنه‌وه‌ى به‌غدا به نیگه‌رانیى قوڵى به‌رپرسانى باڵاى كۆشكى سپى، ئه‌گه‌رى سزادانى عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، هاوشێوه‌ى ئه‌و سزایانه‌ى ئێرانیان گوشیوه، مشتومڕێكى گه‌رمى دروستكردووه.
ئایا ئه‌مریكا عێراق سزا ده‌دات؟ ئایا ئه‌مریكا له پشتیوانى دارایى و دراوى عێراقى ده‌كشێته‌وه؟ دۆخى عێراق نوقمى گێژاو و پشێوى جۆراوجۆره، ته‌نگژه‌ى ئابوورى سه‌خت هێزى له‌به‌ر وڵاته‌كه بڕیوه، له‌م نێوه‌نده‌دا دوودڵى و ترسى ئه‌وه‌ى كه دیناریش به ده‌ردى تمه‌ن بچێت و هه‌ڵاوسان عێراق بخنكێنێت، ئاسمانى دۆخه‌كه‌ى ته‌نیوه.
ئه‌گه‌رچى گۆڕانگارییه خێرا و كوتوپڕه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه، كراوه‌ن بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكى نوێ و گۆڕانكارى بنه‌ڕه‌تى له هاوكێشه‌كان، به‌ڵام پێناچێت ئه‌مریكا خواستى ئه‌وه‌ى هه‌بێت عێراق بخاته به‌ر نه‌فره‌تى سزا‌و گیرۆده‌ى قه‌یرانى زیاترى بكات، چه‌ند فاكته‌رێك واده‌كه‌ن ئه‌مریكا مه‌یلى كارێكى وه‌هاى نه‌بێت.
*جیاواز له‌و وڵاتانه‌ى كه له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ناكۆكن، لە عێراق هه‌موو داشه‌كانى نێو پرۆسه‌ى سیاسى نه‌یارى ئه‌مریكا نین، دامه‌زراوه فه‌رمییه ده‌وڵه‌تییه‌كانیش له هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه یا ساغ بوونه‌ته‌وه بۆ به‌ره‌ى ئه‌مریكا یا وه‌ك حه‌لبوسى دڵیان هه‌ر لاى به‌ره‌ى واشنتنه، واته ئه‌وه‌ى نه‌یارى ئه‌مریكا ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه فه‌رمییه‌كان نین، به‌شێك له حزبه‌كان و میلیشیاكانن، ئایا ئه‌مریكا له به‌ر ئه‌و گروپانه سزاى هه‌موو گه‌لى عێراق و دۆسته‌كانیشى ده‌دات؟
له سێ پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى، شیعه، كورد، سوننه، دوانى كۆتاییان له‌به‌رەى ئه‌مریكا، له پێكهاته‌ى یه‌كه‌میش هه‌موویان كۆك نین له‌سه‌ر دژایه‌تى ئه‌مریكا. جیاواز له وڵاتێكى وه‌ك ئێران کە كۆى سیسته‌مه‌كه نه‌یارى ئه‌مریكایه.
*هه‌ر سزادانێكى عێراق هاوشێوه‌ى ئێران، به‌ته‌واوى عێراق بۆ تاران و دۆسته‌كانى جێده‌هێڵێت و پاشه‌كشه به رۆڵى ئه‌مریكا ده‌كات، سزاكان كاریگه‌رى راسته‌وخۆ ده‌كاته سه‌ر ژیانى خه‌ڵك، به‌ڵام له رێگه‌یه‌كى دیكه‌وه میلیشیاكان ده‌بوژێنێته‌وه‌و هێڵى شیعه رادیكاڵه‌كان تۆخ ده‌كاته‌وه. ئه‌مه‌ش ئه‌و ئامانجه نییه كه ئه‌مریكا ده‌یخوازێت.
*ئه‌مریكا له سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردندایه، زۆربه‌ى كات پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان رووداوێك رووده‌دات، ئیداره‌ى تره‌مپ نایه‌وێت له عێراق پێشهاتێكى خراپ رووبدات، تووشى ئیحراجیى بێته‌وه، بۆیه‌ش توندوتۆڵكردنى رێوشوێنه ئه‌منییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشدارییه‌كان له عێراق رێكارێكى گونجاوه بۆ خۆپاراستن له هه‌ر ئه‌گه‌رێك، واته داخستن و سنورداركردنى كاره‌كانى له عێراق، ماناى ئه‌وه نییه ئاماده‌كارى بكات بۆ سزادان.
*ئه‌مریكا دواى هاتنى كازمى، له سه‌ره‌تاى نه‌خشه‌ى نوێیه‌كه‌یه‌تى بۆ رێكخستنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى سیاسى عێراق و نینۆككردنى نه‌یاره‌كانى، رێى تێناچێت پشت له‌م به‌رنامه‌یه بكات و رێڕه‌وه‌كه‌ى رووه‌و سزادانى حكومه‌ت و خه‌ڵكى عێراق بگۆڕێت.
*ئه‌مریكا هاوكات له‌گه‌ڵ ململانێكانى نێو عێراق، به بایه‌خه‌وه سه‌رقاڵى ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى و سه‌رخستنى رێككه‌وتنى سه‌دده‌یه، چۆڵكردنى مه‌یدانى عێراق په‌نابردن بۆ سزادانى زیان به‌و پرۆژه‌یه ده‌گه‌یه‌نێت و خزمه‌ت به‌و به‌رنامه‌یه ناكات و به‌ره‌ى ئێران له رووبه‌رێكى فراوانترا ته‌راتێن ده‌كات و خۆى رێكده‌خاته‌وه بۆ دژایه‌تیكردنه‌ى ئه‌م پرۆژه‌یه.
*تا دواى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مریكا، ئه‌سته‌مه ئه‌و وڵاته بڕیارى چاره‌نوسساز له باره‌ى گۆڕینى ستراتیژى خۆیه‌وه بدات له عێراق، به تایبه‌ت بڕیارێكى له‌و جۆره خستنه ده‌ره‌وه‌ى وڵاتێك له بازنه‌ى هاوكار و هاوپه‌یمان و گۆڕینى به دژ، دواى هه‌ڵبژاردنیش دیارنییه ئه‌مریكا چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ستراتیژى خۆى به‌رامبه‌ر به‌ره‌ى نه‌یارى خۆى داده‌رێژێته‌وه.
*عێراق رێككه‌وتنێكى گه‌وره‌و ستراتیژى له‌گه‌ڵ چین راگرتووه له‌به‌ر دڵى ئه‌مریكا، ئه‌گه‌ر بكه‌وێته به‌ر نه‌فره‌تى سزاكانى ئه‌مریكا دوورنییه دۆسته‌كانى ئێران ئه‌م رێككه‌وتنه گەرم بكه‌نه‌وه‌و عێراق بخه‌نه نێو پشتێنه‌كه‌ى چینه‌وه، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاره‌یه كه ئه‌مریكا زۆرى دژیه‌تى.
*دۆسته‌كانى ئه‌مریكا له كه‌نداو به تایبه‌ت سعودیه، ناخوازن ئه‌مریكا ده‌ست له عێراق بشواته‌وه، سعودیه پێى وایه هه‌ر پاشه‌كشه‌یه‌كى ئه‌مریكا له عێراق، نه‌یاره‌كانى ریاز قوت ده‌كاته‌وه‌و عێراق ده‌كاته زۆنى هه‌ڕه‌شه بۆ ئاسایشى سعودیه. بوونى ئه‌مریكییه‌كان بۆ وڵاتانى كه‌نداو جێگه‌ى دڵنیاییه، هه‌ڵوێستى ئه‌وان له هاوكێشه‌ى دۆستایه‌تى و هاوپه‌یمانییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست جێى خۆى ده‌گرێت.
*سزادانى عێراق، واته ده‌رئه‌نجامێكى سه‌دا سه‌د پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى واشنتن عێراقى بۆ رووخاند به خوێنى هه‌زاران سه‌رباز و ملیاران دۆلار، ئێستاش كشانه‌وه لێیى و سزادانى ئه‌و عێراقى خۆى دروستیكرد، لوتكه‌ى شكستى ستراتیژى ئه‌مریكا و سه‌ركه‌وتنى ئێران و دۆسته‌كانیه‌تى.
*سزادانى عێراق، ره‌نگه دوایین بژارده بێت، ئه‌مریكا پێش بژارده‌ى سه‌پاندنى سزا چه‌ندین بژارده‌ى له‌به‌رده‌سته تا دۆخه‌كه هاوسه‌نگ بكاته‌وه.