ڕاپۆرتی کوردستانی

02:08 - 30/09/2020

داگیركردن و فرۆشتنی زەوی بەناوی هێزی ئەمنییەوە لە سلێمانی‌

پەیسەر

داگیركردن و پارچە پارچەكردن و فرۆشتنی زەوی لە سلێمانی بەناوی هێزی ئەمنی و كەسایەتییە ئەمنی و حزبی و سەربازییەكانەوە بەردەوامە، ئەنجومەنی پارێزگاش نەیتوانی هیچ بەرپرسێكی پارێزگاكە بانگهێشتی كۆبوونەوەی ئەنجومەن بكات هەربۆیە كۆبوونەوەكە شكستیهێنا.
هاوكات پەیسەرپرێس لیستی ئەو شوێنانە بڵاودەكاتەوە كە لە سلێمانی داگیر و پارچە پارچە كراون و بەشی زۆریان دەفرۆشرێنەوە.


چی روودەدات؟
لە چەند ساڵی رابردوودا دیاردەیەك لە هەرێمی كوردستان سەریهەڵداوە كە دەستبەسەرداگرتنی زەوی گشتی و كڕین و فرۆشتنێتی لە ناوچە كشتوكاڵی و گەشتیارییەكانەوە تا تەنانەت سەنتەری شارەكان، هەنوكەش دیاردەكە لەوە زیاتر سەریكێشاوە و زەوی گەورەی ناو شارەكان داگیر دەكرێن و پارچە پارچە دەكرێن و بە شێوەی فۆرم دەقرۆشرێنەوە.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت، لە ساڵانی ڕابردودا هەزاران دۆنم زەوی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك  بەكارهێندرا بۆ ئەوەی چەند كەسێك بكاتە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار، بەڵام ئەوەی ئەمجارەیان جیاوازە!  لەدەرەوەی یاسا بە ناوی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگەو هێزی ئەمنییەوە هەزاران پارچە زەوی بە نایاسایی فرۆشراون.
هەروەك ئەو پەرلەمانتارە ئاماژە بەوەشدەكات كە لەبەر ئەوەی ئەو زەوییانە هیچ بەڵگەیەكی یاساییان نییە و بە فۆڕمن و بەشێك لە فۆڕمەكانیش بە چەندین كەس فرۆشراون، بە دڵنیایی سەدان كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوادا دێت.

زەوییەكان لە كوێن؟
ئەگەرچی پێشتر داگیركردنی زەوی لە ناوچە گەشتیاری و كشتوكاڵییەكانی دەرەوەی شارەكان بوون و بە هەزاران هێكتار زەوی بەشێوەی دۆنم فرۆشراون و كراون بە باخی تایبەت و ڤێلای نایاسایی و تەنانەت خودی بەرپرسەكان ڤێلا و باخیان لە ناوچە گەشتیاری و كشتوكاڵییەكان هەیە، بەڵام هەنوكە دیاردەكە بە ئاستێكی مەترسیدار لەناو سەنتەری شارەكان تەشەنەی كردووە و بە ناوی هێزی ئەمنی و سەربازییەوە زەوی داگیردەكرێت و نەخشەی بۆ دادەنرێت و وەك گەڕەك پارچە پارچە جیادەكرێتەوە و دەفرۆشرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیسەر كەوتووە ئێستا تەنها لەناو سلێمانی ئەم ناوچانە داگیركراون و كڕین و فرۆشتنیان پێوەدەكرێت:-

ژمارەیەك زەوی زۆر لە گەڕەكی ئاوبارە
رێگای تاسلوجە – سلێمانی
تاسلوجە – كەنەكەوە
تەنیش و پشتی گۆڕستانی عەواڵ – بەكرەجۆ
ژمارەیەكی زۆر زەوی لە نزیك وێستگەی كارەبای بەكرەجۆ
ژمارەیەك زەوی لە بەرامبەر دەرگای سەرەكی پیشەسازی بەكرەجۆ
ژمارەیەك زەوی لە تەنیشت فرۆكەخانەی سلێمانی – بەكرەجۆ
زەوی تەرخانكراو بۆ خزمەتگوزاری و گەڕەكی بیستەكان و دەوروبەری كێڵگە پەلەوەرییەكان – كەنەكەوە
ژمارەیەكی بەرفراوان زەوی لە تانجەرۆ تا دەگاتەوە بە گەڕەكی كانی گۆمە
زەوییە كشتوكاڵییەكانی پشتی بەكرەجۆ و خەلیفاوا


سنەوبەر سوتاندن بۆ داگیركردنی شوێنەكەی
"مەمسوتێنە"، ئەمە ئەو دروشمە بوو كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بواری ژینگە لەشێوەی پۆستەردا چاپیان كرد و كردیان بە قەدی بەشی زۆری دارسنەوبەرەكانی سلێمانییەوە.
هۆكاری ئەم كەمپەینە ئەوەبوو كە ژمارەیەكی زۆر دارسنەوبەر و پوش و پاوانی سروشتی لە ناوچە ستراتیژییەكانی سلێمانی سوتێنران و بەپێی دەنگۆ و زانیارییەكانیش هۆكاری سوتاندنەكانیان بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە دواتر شوێنەكانیان داگیربكرێن.
لە چەند هەفتەی رابردوودا نیوەشەوێك ئاگر بەردرایە دار سنەوبەرەكانی رێگای تاسلوجە – سلێمانی، كە زەوییەكی بەرفراوانی بازرگانی – ستراتیژی بوو شوێنەكەیی و بە وتەی ئەنجومەنی پارێزگاش ئەو زەوییانەی سنەوبەرەكانی سوتێندران 132 دۆنم زەوی بوون و دوو كۆمپانیا دەیانویست بیكەنە پرۆژەی بازرگانی.
رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەوبارەیەوە دەڵێت، رووبەری ئەو زەوییانە 132 دۆنم زەوی بوو كۆمپانیایەك وەریگرتبوو، كۆمپانیایەكی دیكەش نزیكی 50 دۆنمی وەرگرتبوو بە یاسای وەبەرهێنان بەبێ‌ ئەوەی كە شارەوانی بانگەوازی بۆ بكات، لەكاتێكدا دەبێت بەپێی یاسا بانگەوازی رەسمی بۆ بكرێت.

ئەنجومەنی پارێزگا دەستەوەستانە
ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باس لەوە دەكەن كە ئەوان دەستەوەستانن بەرامبەر گرفتی ئەو زەوییانەی كە سنەوبەرەكانیان سوتێنرا لەلایەك لەرووی یاساییەوە دەستەوەستانن و لە لایەكی دیكەشەوە نەیانتوانی بەرپرسانی پارێزگاكە بانگهێشتی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنەكەیان بكەن بۆ پرسیاركردن و لێپرسینەوە.
بە وتەی رێبوار ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەوان لە ئەنجومەن ناتوانن ئەو پرۆژانە رابگرن كە لە دەستەی وەبەرهێنان و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندییان لەسەر دراوە، بەڵكو ئەوە ئەركی پەرلەمانە و ئەو داوایەشیان بۆ لیژنەیەكی كاتی پەرلەمان بەرزكردووەتەوە كە تایبەت بە بەدواداچوونی سوتاندنی سنەوبەرەكانی سلێمانی پێكهێنراوە.

ئەنجومەن شكستیهێنا
ئەگەرچی پێشتر لەسەر داوای ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیاری كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنەكە درابوو پەیوەست بە داگیركردنی زەوی و بانگهێشتكردنی بەرپرسانی پارێزگاكە، بەڵام هیچ بەرپرسێك ئامادە نەبوو بچێتە كۆبوونەوەكە هەربۆیە بەشێكی زۆری ئەندامان دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد.
لە یاداشتێكیشدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن، ئێمە وەك بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بایكۆتی كۆبوونەوەی ژمارە (60) ئەنجومەنمان كردووە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ئەم هۆكارانەی خوارەوە:-
یەك: سوتاندنی سنەوبەرەكان زیانێكی گەورەی ژینگەیی و مادی بە پارێزگای سلێمانی گەیاندووە.
دوو: وێڕای بەدواداچوون و دروستكردنی لیژنەیەكی كاتی لە ئەنجومەنی پارێزگا، بەڵام هەتا ئێستا لایەنی بەرپرس و كەمتەرخەم لە رووداوەكە دەستنیشان نەكراوە.
سێ: لە رۆژی 20/9/2020 بە واژۆی 20 ئەندامی ئەنجومەن یاداشتمان ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەن بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی جێبەجێكردن، بەڵام كارنامەی كۆبوونەوەكە گوزارشت لە ناوەرۆكی یاداشتە واژۆكراوەكەمان ناكات.
چوار: هاوكات لەگەڵ كارنامەی كۆبوونەوەكەدا پێویست بوو سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە باڵاكانی تایبەت بەم كەیسە بانگهێشتی كۆبوونەوە نائاساییەكەی ئەنجومەن بكرایە، بە مەبەستی پرساندن و وەڵامدانەوەی ئەندامانی ئەنجومەن، بەڵام رەچاوی داواكارییەكانمان نەكراوە، هەروەها چاوەڕوانی سەرنج و وەڵامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەن نەكراوە كە ئەوە كەموكورتییەكی یاساییە.
پێنج: لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ئەم هۆكارانە، بڕیارماندا بایكۆتی كۆبوونەوەی ژمارە (60)ی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بكەین و جەخت لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی دیكەی ئەنجومەن بكەینەوە، بە ئامادەبوونی لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار تایبەت بە سوتاندنی سنەوبەرەكان، چونكە كارنامەی كۆبوونەوەكە لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵك و بەرپرسیارێتی ئەنجومەن نییە و پێمان وایە كۆبوونەوەیەكی بێ‌ ئەنجام دەبێت.