ڕاپۆرتی کوردستانی

02:42 - 27/09/2020

"مەلا بەختیار لە رۆژانی سەختی ئەنفال و راپەڕیندا لەكوێ‌ بوو؟"‌

پەیسەر

كاردانەوەكانی شێواندنی مێژوو دژی كتێبەكەی مەلا بەختیار بەردەوامە و ئەو كەسانەی لە شۆڕشدا رۆڵیان هەبووە پێیانوایە ئەم كتێبە پرۆژەی دووەمی مەلا بەختیارە بۆ نانەوەی پەرتەوازەیی دوای شكستی پرۆژەی یەكەمی لە شاخ و دەیەوێت بە شێواندنی مێژوو تۆڵەی خۆی بكاتەوە.
كامیل نوری یەكێكە لەو كەسانەی كە بە وردی ئاگاداری ورد و درشتی رووداوەكانی شۆڕشە و رای خۆی لەبارەی شێواندنی مێژوو لەلایەن مەلا بەختیارەوە لە چەند گۆشەیەكەوە دەردەبڕێت و ئەو پرسیارەی لێدەكات ئایا لە رۆژانی تەنگانە و ئەنفال و لە سەروبەندی راپەڕیندا مەلا لەكوێ‌ بووە و رۆڵی چی بووە؟


قسەی دوور لە راستی
ئەوەی مەلا بەختیار دەیڵێت بەتەواوی دوورە لە راستییەوە كە پێشمەرگە بەهۆی نەوشیروان مستەفاوە دووركەوتبێتەوە، لە سەروبەندی ئەنفالدا چەند تیپێكی گەورە لە ناوچەی گەرمیان بوون لەوانە "51 گەرمیان، 53 شێروانە، 59 حەمرین"، سەدان پێشمەرگەیان هەبوو تەنها كۆمەڵێكیان قوتاربوون و ئەوانی دیكە بەر ئەنفال كەوتن.
ساڵی 1990 لە كۆبوونەوەدا كاك نەوشیروان پێیوتین "برایان لە ساڵی 1975 شۆڕشی ئەیلول كۆتایی پێهات، بەڵام ئێمەش بەهۆی كارەساتی ئەنفال و كیمیاییەوە هێزی پێشمەرگە شكستی سەربازی خواردووە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە جارێكی دیكە بە خۆماندا بچینەوە و هەستینەوە.
پێویستە ئێمە هەوڵ بدەین ئەم كۆمەڵە پێشمەرگەیەی كە ماوە دەستی پێوەبگرین بۆ ئەوەی نەڕواتەوە و بۆ ئەوەی تەفروتونا نەبین.
وتیشی: "ئێمە مەفرەزەی پارتیزان تەشكیل دەكەین، داواتان لێدەكەم ئێوە مەهێڵن چەكەكانمان بكەوێتە ئەرز، چەكەكانتان هەڵگرنەوە و مەهێڵن ئەو شكستە بەسەرماندا تێبپەڕێ‌، خۆتان ئامادە بكەنەوە".
بە وتەی ئەو پێشمەرگە دێرینە، دوای ئەنفال نەوشیروان مستەفا زۆر هەوڵیداوە ئەوە بەگوێی حكومەتی عێراقیدا بدات كە خاپووركردنی گوندەكانی گەرمیان پێشمەرگەیان لەو ناوچانە دانەبڕیوە و اەو كۆبوونەوەیەی ساڵی 1990 بە پێشمەرگەكانی وتووە، ئێمە پێویستە زۆر گرنگی بە مەفرەزەی پارتیزان بدەین تا بە حكومەتی عێراق بڵێین كە دوای ئەنفالیش پێشمەرگە هەر لە گەرمیان هەیە.

رۆژانی تەنگانە لەكوێ‌ بوو؟
لەبارەی ئەوەش كە لە رۆژانی تەنگانەدا ئەوانەی ئێستا بە حسابی خۆیان مێژوو دەنوسنەوە نەیاندەوێرا تەنانەت سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەك بكەن شێخ كامیل نوری دەڵێت بۆچی ئەوانە لە سەروبەندی ئەنفالدا نەماندەبینین بێن سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەك بكەن، بێن چوار پێشمەرگە كۆبكەنەوە قسەیان بۆ بكەن و ورەیان بەرزبكەنەوە.
دەشڵێت، لەكاتی ئەنفال كە كاتێكی ئێجگار تەنگانە بوو و بێ‌ ئومێدی باڵی بەسەر زۆرینەی بەرپرسەكاندا كێشابوو، ئەوەی كە توانی ئەم هێزە كۆبكاتەوە و جارێكی دیكە تەشكیلات بكاتەوە تەنها كاك نەوشیروان مستەفا بوو، كاك نەوشیروان توانی ئەو رۆڵە ببینێ‌ و وتی ئەگەر بمرین با لەسەر خاكی خۆمان بمرین نەك بە دەستی بەستراوەوە تەسلیم بە عێراق بكرێینەوە و نەمێنین.

مەلا بەختیار و راپەڕین
كامیل نوری ئەو پرسیارە لە مەلا بەختیار دەكات كە لە راپەڕیندا رۆڵی چی بوو و دەڵێت خۆ لە كاتی راپەڕیندا كاك مەلا بەختیار لە ناوچەی سلێمانی بوو، بەڵام هیچ رۆڵی نەبوو، ئەندازیاری راپەڕین كاك نەوشیروان بوو، لە میحوەری سلێمانی كەركوكەوە كاك ملازم عومەر سەرپەرشتی میحوەرەكەی كرد، مامۆستا جەمال بەرپرسی بەتالیۆنی 7 بوو، ئێمەش وەك پارتیزانەكان لە میحوەری سلێمانی بووین بەڵام نەمانبیست هیچ مەلایەك بەشداری بكات لەگەڵ ئێمەدا.

هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی
لەو گفتوگۆیەیدا لەگەڵ میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان، نوری شێخ كامیل باس لە هەڵگرتن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی دەكات و دەڵێت، بە پێچەوانەی ئەوەی كە مەلا بەختیار باسی دەكات، كاك نەوشیروان هەمیشە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە و وتویەتی مردنم لە بن بەردێكی وڵاتی خۆمدا پێباشترە لە خاكی هەندەران.
ئەوەشی كە مەلا بەختیار بە ئازایەتی دەزانێت كە جنێوی بە سەدام حسێن داوە خۆ لە بەغداد جنێوی پێنەداوە، ئەو لە بناری قەندیل جنێوی بە سەدام داوە لەكاتێكدا دایكی پێشمەرگەكانیش هەر جنێویان بە سەدام دەدا ئیتر ئەمە چ ئازایەتییەكە؟
هەروەك لە مەلاش دەپرسێت كاتێك كە كاك نەوشیروان لە ژیاندا بوو بۆچی نەیدەوێرا ئەمانە بڵێت، بەڵام دوای كۆچی دوایی ئینجا هاتووە دەستیكردووە بە شێواندنی مێژووە جوانەكان چونكە لەكاتێكدا كاك نەوشیروان لە ژیاندا بووە جورئەتی نەكردووە مێژووەكەی بشێوێنێت.

"مەلا بەختیار بەرپرسێكی بچووك بوو"
لەبارەی جیاوازی پلە و پێگەی نەوشیروان مستەفا و مەلا بەختیاریشدا لە شۆڕشدا ئەو پارتیزانە دەڵێت، مەلا بەختیار لەكاتێكدا قسە لەسەر كاك نەوشیروان مستەفا دەكات هەموومان دەزانین كاك نەوشیروان قیادەی شۆڕش بووە لە سەردەمی شەڕی جەبهەیی لە عێراق، كاك نەوشیروان هەم مەكتەبی سیاسی بوو هەم سەرۆكی كۆمەڵە بووە، هەم جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی بووە، بەڵام مەلا بەختیار بەرپرسێكی بچوك بووە، ئێمە تووشی هەر پێشهاتێك بوبین یەكسەر پرسیارەكانمان بردووە بۆ كاك نەوشیروان تا رێنوێنیمان بكات چی بكەین و چی نەكەین، بەڵام كەس نەچووە بۆلای مەلا بەختیار و بلێت ئێمە چی بكەین، چونكە هیچكات مەلا بەختیار بەرپرسیارێتییەكی گەورەی نەبووە و تەنها ئێستا بۆ شێواندنی مێژووی جوانی حیزب و خودی كاك نەوشیروان مستەفا قسە دەكات.

شێواندنی مێژوو پرۆژەی دووەمی مەلا بەختیارە
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەو پارتیزانە كە بەدرێژایی نزیكەی 30 ساڵ لەگەڵ نەوشیروان مستەفا هەم لە شاخ و هەم لە شار كاریكردووە بڵاوكردنەوەی ئەم بوختان و شێواندنە مێژووییانە لەلایەن مەلا بەختیارەوە بە پرۆژەی دووەمی ئەو كەسە دەزانێت دوای شكستی پرۆژەی یەكەمی كە درزكردنە شۆڕش بوو و دەڵێت: "مەلابەختیار كە لە شاخدا شكستی هێناوە ئەو كاتەشی كە گیرا سجن بووە، كە سجن بووە رایكردووە و جارێكی دیكە گیراوەتەوە لەو كاتەدا پرۆژەی یەكەمی بە شكستخواردوویی كۆتایی پێهاتووە، لە پرۆژەی دووەمدا ئەو قسانەیە كە ئێستا چۆن لەسەر كاك نەوشیروان دەیكات ئاوا لێدان لە خەڵكی تر و شێواندنی مێژووی خەڵكی ترە، چونكە ئەو پێیوایە تۆڵەكردنەوە ئەوەیە كە بتوانی مێژووەكەی بشێوێنیت، هەربۆیە حەق بوو ناونیشانی ئەم كتێبەی (شێواندنی مێژوو) بێت.