ڕاپۆرتی کوردستانی

03:39 - 26/09/2020

"مەلا بەختیار داخ لەدڵانە بوختان و چەواشەی كردووە بۆ پیاهەڵدان بە خۆیدا"‌

پەیسەر

شاهیدحاڵێكی ئاگادار لە رووداوەكانی پێش و دوای راپەڕینی شۆڕشی كورد، بە بەڵگە وەڵامی بوختانە مێژوییەكانی مەلا بەختیار دەداتەوە و دەڵێت بەندە لەلایەن مەلابەختیارەوە وێنەیەكی كتێبەكەم بە دیاری پێشكەش كراوەو لە پەڕەی یەكەمدا بۆی نوسیوم "ئومێدەوارم تەمومژی شێواندنی مێژووم ڕەواندبێتەوە"، بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی چاوێكم بە كتێبەكەیدا خشاند، مێژوی یەكێتی و سەركردایەتییەكەی و تەنانەت هەندێك لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی خۆشی هێندە شێواندووە، نەك ڕەواندویەتیەوە بەڵكو لە تەمومژەوە هەڵێدێڕاوە بۆ شەوە زەنگێكی دردۆنگ و تاریك. 

هەڵدێراندنی مێژوو
جەلال شێخ كەریم، بریكاری پێشووی وەزیری ناوخۆ و راوێژكاری پێشووی كۆسرەت رەسوڵ لە نوسینێكدا باس لە چەواشەكارییەكانی مەلا بەختیار دەرهەق بە مێژووی كورد و بە دیاریكراوی رەوانشادان "مام جەلال و نەوشیروان مستەفا" دەكات و دەڵێت" دووفاقی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، چەوتە ڕێگایەك بووە كەسەری زۆر لە سیاسییەكان و كایە جۆراو جۆرەكانی تری ژیانی كۆمەڵگایی خواردووە، جا پاڵەوان ئەو كەسەبووە، كە هێزو كاریزمایی هێندە لەئاستێكی بەرزدا بووە، كە بەهیچ جۆرێك، هیچ بەرژەوەندی و فشارێك نەیگەیاندۆتە ئەو ئاستە نزمە چەوتەی لە دووڕیانی دووفاقیدا هەڵە و كەموكوری ئەنجامبدات، پیاوە گەورەكانیش هەمیشە بەو پەڕی سنگفراوانییەوە دانیان بەهەڵەو كەمو كورتییەكانی رابردویاندا ناوە و مێژویان نەشێواندووە، پیاوە بچوكەكانیش لە گێڕانەوەی مێژووەكانیاندا كونەمشكیان لێدەبێتە قەیسەری و دەیان پاساو پینەوپەڕۆ دادیان نادات، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەمیشە مەزنەكان بونەتە سومبوڵی ڕاستەقینەی مێژوو، ئەوانی تریش بۆ زبڵدانی مێژوو.
كاك مەلا بەختیار لەكتێبەكەی ئەمدواییەدا بەناوی (لەبری بیرەوەری)، دەربارەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی قارەمانەكان و سەركردە بوێرەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ناهەقییەكی زۆری كردووە، كە خۆی لەبەشێكی هەرەزۆری ئەو مێژووەدا بەچاك و خراپەوە ڕۆڵ و پێگەی دیاری بووە و لەچەندین وێستگەی جیاوازی مێژوی شۆڕشی نەتەوەی كورددا لە سەرەتای حەفتاكانەوە، بەرپرسیارێتی گرنگی هەبووە، بەندە لەلایەن جەنابی كاك مەلابەختیارەوە وێنەیەكی كتێبەكەم بە دیاری پێشكەش كراوەو پێم گەشتووە و لە پەڕەی یەكەم دا بەم جۆرە پێشكەشی كردووم:

بەڕێز مامۆستا جەلال
ئومێدەوارم تەمومژی شێواندنی مێژووم ڕەواندبێتەوە
ئیمزا
مەلابەختیار
19/9/2020

 
بەڵام بەداخەوە دوای ئەوەی چاوێكم بە كتێبەكەیدا خشاند، مێژوی یەكێتی و سەركردایەتییەكەی و تەنانەت هەندێك لە هاوڕێ و هاوسەنگەرەكانی خۆشی هێندە شێواندووە، نەك ڕەواندویەتیەوە بەڵكو لە تەمومژەوە هەڵێدێڕاوە بۆ شەوە زەنگێكی دردۆنگ و تاریك. 


 "كتێبێك بۆ پیاهەڵدان بە خۆیدا"
جەلال شێخ كەریم رەخنەی زیاتر لە كتێبەكەی مەلا بەختیار دەگرێت و پێیوایە كە مەلا ئەو كتێبەی نوسیوە بۆ پیاهەڵدان بە خۆیدا و بە دەق دەلێت: لەو كتێبەدا هێندە مەبەستی لێدانە لە مێژووی پڕشكۆی تێكۆشەرانی (ی.ن.ك) و هەردوو سەركردە كاریزماكەی هەریەك لە (مام جەلال و كاك نەوشیروان)، هێندە پەرۆشی گێڕانەوەی سەروەری و جوامێری و قارەمانێتی ناو داستانەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان نییە!

ئەگەر یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەو جۆرە دڕندەو داپلۆسێنەر بووە كەبەردەوام سەركردەكانی ئاش لە كۆبونەوەكانیاندا بە نەفەسێكی دوشمنكارانە لێیان دەخوێندن، یاخود ڕەوانشادان (مام جەلال ‌و كاك نەوشیروان)، ئەو دوو زۆردارە بوون كە شوێنی سەرنجی باس و خواسەكانیان بوو، خۆ كاك مەلا بەختیار لە ساڵی (1993) بەهەڵەداوان ئاڵای شۆڕشی هێنایەوە ناو (ی.ن.ك) ‌و بووە بە نزیكترین كەسی ئەو دوو خوالێخۆشبووە، هەر خودی خۆشی لەكۆبونەوەكانی ئاڵای شۆڕشدا، (ی.ن.ك) بە بزوتنەوەیەكی تاوانكارانە وەسفدەكرد، دەیان جار لە كۆڕ و كۆبونەوەكاندا باسی ئەوەی دەكرد و دەیگوت یەكێتی لەبەریەك هەڵوەشاوە‌تەوە و جارێكیتر خۆیناگرێتەوە.

كاك بەختیار هەر گومانی لە مام جەلال و كاك نەوشیروان هەبوو، بەڵام جارێكیان لە ساڵی (1992)دا دەچێتە لای مام جەلال كە بارەگاكەی لە شەقڵاوە بوو، هەرچەندە برادەرانی ئاڵای شۆڕش پێیان وتبوو كە جارێ با ئەم كارە نەكەین، بەڵام بەقسەی كەسی نەكردو ئاڵای شۆڕشی گەڕانەوە ناو یەكێتی هەموو ئەو كێشە و گلەییانەی لەسەر (ی.ن.ك) هەیان بوو لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی پشتگوێ خست. 

كاك بەختیار مێژوویەكی باشی هەبوو لەسەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ وە تاكۆتایی ساڵێ (1984)، لای خەڵكی كوردستان بەگشتی و هێزی پێشمەرگە بەتایبەتی، بە كەسێكی تێكۆشەر پێناسەدەكراو بەڵام لەم كتێبەیدا، هێندە بەڕقەوە نوكی قەڵەمەكەی بەكار هێناوە، كەڕەنگە زۆر جار پەڕەكانی دڕاندبێت، هێندە برینەكانی قوڵ كردۆتەوە، كە بەڕوون و ئاشكرا دیارە نوسەر هەڵگری رق و كینەیەكی خەفەبووی لە مێژینەیەو ئەگەر بەم كتێبەی رق و كینەكەی‌ هەڵنەڕشتایە، ناوبانگی لانی كەم هەر وەك خۆی دەمایەوە. 

ئەو ڕووداوانەی كە لەكتێبێكدا بەناوی (لەبری بیرەوەری) باسیكردوون، هیچ نین.. جگە لە پیاهەڵدان بەخۆیدا و ئاشكراكردنی ناخی خۆی سەبارەت بە سەركردەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتیش دژایەتی كردنی خودی كاك نەوشیروان.

بوختان و قسەی هەڵبەستراو
بە بروای جەلال شێخ كەریم كە پێش راپەرین پێشمەرگە بووە و دوای راپەرینیش بەردەوام لە پێگەی ئەمنیدا بووە تا خانەنشینبوونی و زانیاری وردی لەبەردەستدایە، مەلا بەختیار بەم كتێبە دەریخست كە بە داخ لەدڵانە و بێ‌ بارانە شرۆڤەی مێژووەكەی كردووە و دەڵێت: بەداخەوە زۆرێك بوختان و قسەی هەڵبەستراوی بۆ ئەو تێكۆشەرانە هەڵبەستووە كە سەردەمانێك پێكەوە خەباتیان كردووە، گێڕانەوەی ڕووداوەكان لە كتێبی (لەبری بیرەوەری) دا، دەری خست نوسەر خۆپەرستانەو داخ لەدڵانە و بێبارانە شرۆڤەی مێژووكەی كردووە.

رەخنە لە سەركردایەتی نوێی یەكێتی
سەبارەت بە سەركردایەتی ئێستای یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، كەس ناڵێت هەموویان پرۆفیشناڵن لە سیاسەتكردندا و تێكۆشەری كۆنن و قاڵبووی خەبات و شارەزای ململانێی سیاسیین، لە ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، خۆ لەحزبێكی وا گەورەدا، زانا و بێتواناشی هەر تێدادەبێت، ئەم حزبە سیاسییە گەورەیە وێستگەكانی مێژویدا بێ كەم و كوڕی نەبووە لە ڕابرودا، بەڵام نوسەر لە كتێبەیدا نەك تەڕو وشكی پێكەوە سوتاندووە، بەڵكو ڕووداوە چەوتەكانی خۆشی بەسەر سەركردە و هاوڕێكانی خۆیدا ساغكردۆتەوە و هێندە تەركیزی كردۆتە سەر شێواندنی مێژویی یەكێتی و هاوڕێكانی هەر لەسەرەتای شۆڕشی نوێوە تاكو دوای كۆچی دوایی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە، هێندە ڕاستی رووداوەكانی نەخستۆتە پێش چاوی خوێنەر، بۆیە زەرورە ئەو نەوەیەی كە ئێستا گەرەكیەتی لە ڕاستی و درووستی مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و سەركردەكانی بكۆڵێتەوە، دەبێت بەرلەوەی كتێبەكەی كاك مەلا بەختیار بخوێنێتەوە، ریسێرچێك بەمێژووی پاك و جوان و شۆڕشگێرانەی یەكێتیی و سەركردە تێكۆشەر و نەبەردەكانیدا بكات، دواتر بەراوردكارییەك بۆ گێڕانەوەكانی ئەم كتێبە نوێیەی كاك مەلا بەختیار بكات، ئەو كات ڕوون دەبێتەوە كە هۆكاری ئە چەواشەكارییە زەقەی نووسەر، بریتییە لە شیواندنی ئەو مێژووە جوانەی یەكێتیی هەر لەدەستپێكی شۆڕشی نوێوە هەتاكو ئێستا، نوسەر بەڕوونی خاوەندارێتی ئێستای سەركردایەتی یەكێتیی بەشیاو نازانێت و خستونییەتە ژێر گومانەوە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە، ئایا ئەو سەركردایەتییەی ئێستای یەكێتیی، لەبەرامبەر ئەو هەموو تۆمەت و بوختان و ناهەقییەی ناوكتێبكە، بۆ هیچ هەڵوێستێكی جددی و ڕوونی نییە؟

خۆ بە پاڵەوان كردن
بە تێگەیشتنی بریكاری پێشووی وەزیری ناوخۆ، نوسەر لەكتێبەكەیدا، خۆی كردۆتە پاڵەوانی بەشی هەرە زۆری سەروەرییەكانی كۆمەڵەی ڕەنجدەران و (ی.ن.ك) بەتایبەتی لەسەرەتای هەڵگیرسانی شۆڕشەوە تاكو ناوەڕاستی هەشتاكان، لەپاڵیشیدا خیانەت وهەڵە و كەم و كووڕییەكانی خستۆتە پاڵ ڕەوانشادان (مام جەلال و كاك نەوشیروان).