ڕاپۆرتی کوردستانی

01:48 - 25/09/2020

فەرماندەیەكی پێشمەرگە: مەلا بەختیار كەرامەتی شەهیدەكانی شكاندووە‌

پەیسەر

كاردانەوەكان دژی شێواندنی مێژوو بە مەبەست لەلایەن مەلا بەختیار تادێت بەرفراوانتر دەبن، فەرماندەكانی شۆڕش پێیانوایە بوختانكردن بۆ رموزەكانی شۆڕشەكە و هەوڵدان بۆ ناشرینكردنی رابردوویان، شكاندنی كەرامەتی هەموو پێشمەرگە و شەهید و كەسوكاری شەهیدەكانە.

رۆڵی ئاژاوەگێڕی
ئەنوەر دۆڵانی، فەرماندە و پێشمەرگەی دێرین لەبارەی بڵاوكردنەوەی كتێبێك لەلایەن مەلا بەختیارەوە كە بە بوختان و شێواندنی مێژوو تۆمەتبار دەكرێت بە ئاژاوەگێڕی دەزانێت.
دۆڵانی دەڵێت، مەلا بەختیار ئێستا دەورێكی ئاژاوەگێڕی زۆر خراپ دەگێڕێت و دەیەوێت ئەهمیەتی مێژوویی كەڵەپیاوەكانی مێژوو تێكبدات.

هەوڵدان بۆ زیانگەیاندن بە شۆڕش 
ئەنوەر دۆڵانی كە یەكێكە لە ناوە دیارەكانی ناو شۆڕش و سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی هەرێمی كوردستان، مەلا بەختیار بەوە تۆمەتبار دەكات كە لەكاتێكدا شۆڕش لەژێر فشاری بەعسدا بووە، ئەویش لە ناوخۆدا هەوڵیداوە زیان بە شۆڕش بگەیەنێت و دەڵێت: "مەلا بەختیار فرسەتی لە تێكچوونی مفاوەزاتی ساڵی 1983 هێنا، دوای ئەوەی حكومەتی عێراقی بەهێزبوەوە گفتوگۆكانی لەگەڵ یەكێتی تێكدا و فشار دەستیپێكردەوە، لەو كاتەدا مەلا بەختیاریش لەلایەكی دیكەوە موئامەرەیەكی گەورەی كرد تا زەربە لە یەكێتی بدات".

بەعس و نەیارانی شۆڕش جیاوازییان نییە
دۆڵانی لە دیدارێكی میدیایدا لەگەڵ میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان، زیاتر لەبارەی ئەوە دەدوێت كە لە سەروبەندی توندبوونەوەی فشارەكاندا مەلا بەختیار ویستویەتی زیان بە شۆڕش بگەیەنێت و بە بڕوای ئەو هیچ جیاوازی لەنێوان بەعس و ئەوانەدا نەبوون كە لەو سەردەمەدا هەوڵی زیان گەیاندنیان بە شۆڕش داوە چونكە یەك ئامانجیان هەبووە و دەڵێت: "لە سەردەمی شاخ تا راپەڕینیش ئەگەر حكومەتی عێراق بۆی بكرایە ئەوا كوردستانی لەناودەبرد، لەوكاتەشدا هەركەسێك ویستبێتی لە ناوخۆوە زەربە لە شۆڕش و یەكێتی بدات لەو كاتە سەختانەدا، ئەوا وەك هاوكاری ئەوانە وان كە دەیانویست كوردستان نەمێنێت".

"چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت"
ئەنوەر دۆڵانی پێیوایە كە هەر بڕیارێك لە شۆڕشی كورددا درابێت بڕیاری هاوبەشی نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بووە و بە گوزارشتی خۆی دەڵێت: " چەپڵە بە یەك دەست لێنادرێت"، لە شۆڕشیشدا هەرچی روویدابێت بە بڕیاری هاوبەش و كاری پێكەوەیی هەردوو سەركردە نەوشیروان مستەفا و مام جەلال بووە.
دۆڵانی زیاتر لەبارەی ئەوە دەدوێت كە بڕیارەكانی شۆڕش غەرەزی شەخسییان لەپشت بووە یان بەرژەوەندی شۆڕشەكە و دەڵێت: "فەرماندەی مەفرەزەبووم، ئامر كەرت بووم، یاریدەدەری سەرتیپ و دواتریش سەرتیپ بووم كە هەمووی پێگەی بەرزی سەربازی شۆڕش بووم هیچكات گوێبیستی لە بڕیارێكی شەخسی و هۆكاری غەرەزی شەخسی لەلایەن كاك نەوشیروان و مام جەلال نەبووم.
بۆ مێژوو دەیڵێم، ئێمە فەرماندە بووین لەناو كوردستاندا بچوكترین كاری تیرۆریستیمان نەكردووە، كاری تیرۆریستی بەو مانایەی بچین خەڵك بكوژین و خەڵكی دیكە پێوەببێت، خەڵكمان بەردەست كەوتووە لەبەرئەوەی خەڵكی بێتاوانی لەگەڵدا بووە تەقەمان لێنەكردووە".

مێژوو بە مەلا بەختیار ناشێوێت
"نەك مەلا بەختیار كە لە 1983ەوە شۆڕشی بەجێهێشتووە و سجن بووە و بەربووە، پێویستە ئەوەی كە باسی كاك نەوشیروان و مام جەلال دەكات بە ئامانجی شێواندنی مێژوویان، ئەركی ئێمەیە وەك فەرماندە و پێشمەرگە دێرینەكانی چ گۆڕان و چ یەكێتی لێی بێدەنگ نەبین چونكە شێواندنی ئەو مێژووە شێواندنی مێژووی هەموومانە بە هاوڕێ‌ شەهیدەكانیشمانەوە.
وە ئەوەی ئێستا مەلا بەختیار كردوویەتی كەرامەت شكاندنی هەموو كەسوكاری شەهیدان و شكاندنی كەرامەتی هەموو پێشمەرگە دێرینەكانە"، ئەمانە بەشێكی ترن لە وتە و نیگەرانییەكانی ئەنوەر دۆڵانی یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە.

دووفاقییەت و پێچەوانەی راستی
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێیوایە كە دوفاقییەت لە بۆچوون و قسەكانی مەلا بەختیاردا بە زەقی دەردەكەوێت و دەڵێت: "مەلا بەختیار ئەگەر كاك نەوشیروان و مام جەلالی بەدڵ نەبووە و ئێستا قسەیان پێدەڵێت، كە جیابوەوە و حزبێكی دروستكرد، ئەی بۆ دوایی گەڕایەوە بۆلایان، بۆچی حزبەكەی خۆی بەڕێوەنەبرد و نەیكردە حیزبێكی گەورە لە كوردستان، بە كورتی مەلا بەختیار هاتووە هەرچی راست بووە كردویەتی بە ناڕاست و هەرچی ناڕاست بووە كردوویەتی بە ڕاست".