ڕاپۆرتی کوردستانی

03:12 - 23/09/2020

گۆڕان ژێربەڕەی بەڵگەنامەكانی مەلا بەختیار هەڵدەداتەو‌

پەیسەر

بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر چوار ئاست وەڵامی ئەو كتێبە دەداتەوە كە لەلایەن مەلا بەختیارەوە نوسراوە و بە بوختانی مێژویی و هەوڵێكی سیاسی دژی بزوتنەوەكەی دەبینێت، لەلایەكی دیكەشەوە بەنیازە كتێبێك لەبارەی ئاشكراكردنی بەڵگەنامەكانەوە ئامادە بكات، ئەوە جگە لەوەی بەشێكی زۆر لەو كەسانەی كە پێشتر لە ئاڵای شۆڕشدا بوون و ئاگاداری رووداوەكانن لە ئێستادا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات سەرقاڵی نوسین و ئامادەكردنی دۆكۆمێنتەكانن بۆ بڵاوكردنەوە.

لێكدانەوەی گۆڕان چییە؟
هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا خوێندنەوەی بزوتنەوەكەیانی بۆ كتێبی "لەبری بیرەوەری" مەلا بەختیار ئاشكراكرد و وتی كە ئەوان "ئەم هێرشەی مەلا بەختیار بە پرسێكی سیاسی دەبینین بەر لەوەی وەك پرسێكی مێژویی بیبینین".
وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر چەند ئاستێك لەگەڵ ئەم پرسە سیاسییەدا مامەڵە دەكات، هەروەك دانی بەوەدا نا كە ئەوان لێكدانەوەیان بۆ ئەم كتێبە لەم كاتەدا وایە كە پێش بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە نوسەرەكەی وای داناوە كە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە، بزوتنەوەی گۆڕان لەرووی سیاسییەوە لاواز بووە، لەناوخۆیدا ناكۆكی هەیە و فشارێكی زۆری خەڵكی لەسەرە و رەنگە باشترین فرسەت بێت لە گۆڕان بدرێت.

ئاستەكانی وەڵامدانەوە چۆنن؟
بە وتەی هۆشیار عومەر عەلی، رێكخەری ژووری دیبلۆماسیەتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ئێستادا بزوتنەوەكەی ئەوان لەسەر چوار ئاست كار لەسەر ئەم شێواندنی مێژووە دەكات.
یەكێكیان ئەوەیە كە ئێستا دەبینرێت فەرماندە و پێشمەرگەكانی ئەوكاتە بۆخۆیان دێن ئەو رووداوانە دەگێڕنەوە و ئەوە دواتر دەكرێت بە كتێب.
بەشێكی تریشیان ئەوەی لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفایە كە هەندێك هاوڕێی دیكە لێرە و لە دەرەوەی وڵات سەرقاڵی نوسینن و كەسی تێدایە كە پێشتر خۆی ئاڵای شۆڕش بووە.
هاوكات لە ئاستی سێیەمدا ئەو گەنجانە داكۆكی لە نەوشیروان مستەفا دەكەن كە خۆیان بە قەرزداری نەوشیروان مستەفا دەزانن و ئاستی چوارەمیش ئەوەیە كە ئەوان لەرێگەی هەندێك كەناڵی فەرمی لە سۆشیال میدیادا وەڵامیان داوەتەوە ئەوە هی گۆڕانە لە دەرەوەی ئەوە دەربڕینی خەڵك خۆیەتی و ئەوان هیچكات سیاسەت و ئەم پرسانە بە شەخسی ناكەن و لەبارەی بڵاوبوونەوەی ژمارە تەلەفۆنی هاوسەری مەلا بەختیاریش لە هەندێك پەیجی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: " بڵاوكردنەوەی ژمارەی تەلەفۆنی هاوسەری مەلا بەختیار جارێ‌ یەكەم لە پەیجێك بڵاوكراوەتەوە كە بەناوی پارتییەوەیە و ئێمە نازانین پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە یان نا، دووەم ئێمە پێمان وایە ئەسڵەن خۆی رەنگە لەم بابەتەدا دەستی هەبێت، ئەوە زۆر لە ئەخلاقی گۆڕان بەدوورە و هەرگیز لە ئێمە ناوەشێتەوە شتی وا".

بزوتنەوەی گۆڕان دژی كتێب و نوسینە؟
لەو رۆژەی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا مەلا بەختیار بانگەشەی بۆ كتێبەكەی كرد، بزوتنەوەی گۆڕان لە ئاستە جیاوازەكاندا كەوتە كاردانەوە و لە چەند رۆژی رابردووشدا بە بەیاننامەی فەرمی وەڵامی كتێبەكەیان دایەوە، ئەمەش پرسیارێكی بدوای خۆیدا هێناوە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە خۆی لەسەر بنەمای رەخنە و ئازادی رادەربڕین و رای جیاواز دروستبووە، بۆچی هێندە بە كتێبێك قەڵس و سەرقاڵ بووە، لەكاتێكدا پێشتر چەندین بابەت و نوسین لەسەر بزوتنەوەكە نوسراوە.
لەوبارەیەوە ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە دەڵێت: "بەڵگە و دۆكۆمێنتمان هەیە كە دانیشتن كراوە لە چەندین ئاستدا و یەك حزبیش نەبووە، بەڵگەمان لایە بە رۆژ و سەعاتی كۆبوونەوەكان و كەسەكانی ناو كۆبوونەوەكە، وتویانە دەبێت ئێمە نەوشیروان مستەفا وەك مەلا مستەفا بارزانی لێبكەین، بڵێین لەو رۆژەوەی گەڕاوەتەوە خوێندنەكەی بەجێهێشتووە هەتا ئەو رۆژەی مردووە بە مەرامی شەخسی و بۆ بەرژەوەندی شەخسی، بۆ دەستكەوت، بۆ كۆمپانیا ئیشی كردووە، ئەم كتێبەی مەلا بەختیار بەشێكە لەو پرۆسەیە بۆیە وەڵامەكە وا تووندە، بۆیە ئێمە بە سیاسی وەرمانگرتووە، ئەمە پیلانێكە لە رۆژی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە هەیە".
هەروەك باس لەوەش دەكات كە ئەوان دژی كتێب نین و نابن، بە دەق دەڵێن: "ئێمە دژی كتێب نین و دژیشی نابین، كاك نەوشیروان ژیانی سیاسی چەند گرنگە نوسینەكانی زۆر گرنگترن، كاك نەوشیروان لە ساڵی 1997 لەبارەی نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی دەڵێت من بە نیەتی گیانی لێبوردەیی نوسیومەتەوە نەك گیانی تۆڵە.
پێشتر چەندین كتێب نوسراوە و باسی كاك نەوشیروان كراوە، ئیمە لە كتێب ناترسین بەڵام ئەم كتێبە ئەجێندای سیاسی لە پشتە".

رەخنە بنچینەییەكانی گۆڕان لە كتێبەكەی مەلا بەختیار چین؟
هۆشیار عومەر عەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رەخنەكانی بزوتنەوەكەیان بەرامبەر كتێبەكەی مەلا بەختیار بەسەر چەند تەوەرێكدا دابەش دەكات.

رەخنەی یەكەم:-
 بە ئامانجكردنی نەوشیروان مستەفایە، ئەو شتانەی كە مەلابەختیار نوسیویەتی پەیوەست بە توندوتیژی، ئەمانە هەمووی لە قۆناغی كاك نەوشیرواندا هەبووە، بۆ نمونە ئەوەی كە باسی ئەنفال دەكرێت، كاك نەوشیروان بۆخۆی لە "خولانەوە لەناو بازنەدا" وەڵامی داوەتەوە كە ئەمە پەیوەندی بە "هۆشی نەتەوەیی"یەوە هەیە و نمونە بە جەزائیر و ڤێتنام دەهێنێتەوە، كە جەزائیر ملیۆنێك كەسیان شەهید بوو، ڤێتنام ئەو هەموو قوربانییەیان دا لە شەڕدا دژی ئەمریكا كەس نەیوت سەركردەكانیان بەرپرسیارن، ئەم قسانە بە بەردەوامی دژی نەوشیروان مستەفا هەبوون، ئەم كتێبەی مەلا بەختیار ئەو مێژووە دەشێوێنێت كە كورد بەرگری لە ژیانی خۆی كردووە، بەرگری لە ئازادی خۆی كردووە، نەچووەتە سەر هیچ خاكێك و نەوشیروان مستەفا رۆڵێكی ئێجگار گەورەی هەبووە لەمەدا دێت ئەمە دەخاتە ژێر پرسیار، هاتووە دەیەوێت كورد بكات بە جەلاد و ئەوانەی كە كوردسان چەوساندووەتەوە بكرێن بە قوربانی، ئەم شێواندنە بۆ هەموو ئەو كەسانەیە كە لە شۆڕشی شێخ مەحمودەوە هەتا شەڕی داعش قوربانییان داوە.

رەخنەی دووەم:-
هەندێك نمونەمان لەبەردەستدایە وەك بەڵگەی خۆی بۆ قسەكانی مەلا بەختیار كە ئەوەی پێشتر وتویەتی جیاوازە لەمە، بۆیە ئێمە بە جیاواز مامەڵەمان لەگەڵدا كردووە، دەنا چەندین كتێبی دیكە نوسراوە و دژی نەوشیروان مستەفاش بووە بۆ نمونە كاك پشكۆ "پشكۆ نەجمەدین" دەڵێت من كە بیرەوەرییەكانم نووسی ناردم بۆ كاك نەوشیروان، كاك نەوشیروان وەڵامی نەبوو بەڵام وتبووی حەقی خۆیەتی هەرچییەك بنوسێت چونكە ئازاردراوە.
بەڵام لە كتێبەكەی مەلا بەختیاردا یەك دوو نمونەی تێدایە تەنانەت لە دیدارە تەلەفزیۆنییەكەشیدا پرسیاری لێكرا بەڵام نەچووە سەری، یەكێك لەوانە پەیوەندی بە "شەهید ئارام"ەوە هەیە، پێشتر مەلا بەختیار لە بەرنامەیەك بەناوی "رووداو و مێژوو" باسی لەوە كردووە كە "ملازم عومەر" وەكو فەرماندەی هەرێم بچێتە قەرەداغ و "ئارام" بچێتە سەركردایەتی، بەڵام لەم كتێبەدا نوسیویەتی نەوشیروان مستەفا نەیهێشتووە ملازم عومەر بڕوات و من بۆخۆم باوەڕم وایە ئەمە بە مەرام بووە، "واتا بە مانایەكی تر نەوشیروان مستەفا سەبەبی شەهیدبوونی شەهید ئارام بووە"، كە خۆی پێشتر قسەی هەیە پێچەوانەی ئەمەیە.

تێبینییەكی تر ئەوەیە كە مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا زۆر باسی كاك حەمە ئاوات دەكات و بەڵگەكانی لەو وەرگرتووەتەوە و بەكاری هێناوە، كاك حەمە ئاوات خۆی چاوپێكەوتنی هەیە لە گۆڤاری رێگا لە ساڵی 2009، تێیدا دەڵێت ئێمە لەسەدا نەوەت و نۆمان گۆڕانین "مەبەستی ئەوانەیە پێشتر لەگەڵ مەلا بەختیار بوون"، ئێمە هەڵەبووین كە پێمانوابوو نەوشیروان مستەفا بە ئاراستەی كوردستانی بوون كۆمەڵە دەبات، ئێمە چاكسازیمان دەویست و گۆڕان خوازبووین بەڵام مەلا بەختیار بۆ پلە و پۆست وایدەكرد.
ئێستا ئەگەر سەیربكەیت زۆرێك لەو كەسانەی ئاڵای شۆڕش بوون ئێستا لەناو گۆڕاندا كاردەكەن.

رەخنەی سێیەم:-
تێبینییەكی تریش ئەوەیە پێشتر مەلا بەختیار لە چاوپێكەتنەكانیدا دەیوت من كەسی سێیەمی شاخ بووم، بەڵام لەم كتێبەیدا پاڵەوانی هەموو شتە باشەكانە، هەرچی شتی خراپ هەیە خراوەتە ئەستۆی بە پلەی یەكەم نەوشیروان مستەفا.

نوسینەوەی ئەڵتەرناتیڤی مێژوو
بە وتەی خۆیان یەكێكی دیكە لە رەخنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەرامبەر ئەم كتێبەی مەلا بەختیار ئەوەیە كە كتێبەكە هێندەی گێرانەوەیەكی خەیاڵ پڵاوانەیە و نوسینەوەی بەدیلی مێژووە، هێندە نوسینەوەی خودی مێژووەكە نییە و دەڵێن "مەلا بەختیار لە خەیاڵی خۆیدا بەدیل و ئەڵتەرناتیڤی بۆ مێژوو نووسیوە، دەڵێت ئەگەر شەهید ئارام شەهید نەبوایە ئەمە رووی دەدا و كاك نەوشیروان سكرتێر نەبوایە ئەمە رووی دەدا، واتا ئەم پیاوە مێژوویەكی نوسیوە كە رووی نەداوە و لە رەوشێكیشدا نوسیویەتی كە رەوشی شكستە بۆ ئەم پیاوە".

زیانی كتێبەكە تەنها بۆ گۆڕانە؟
رێكخەری ژوری دیبلۆماسیەتی بزوتنەوەی گۆڕان پێیوایە كە لەو كتێبەدا تەنها پەلاماری نەوشیروان مستەفا نەدراوە و تەنها بزوتنەوەی گۆڕانیش بە ئامانج نەگیراوە، بە بڕوای ئەو ئەم كتێبە لێدانە لە یەكێتی و باسی مەسعود بارزانیشی تێدا كراوە و دەڵێت: "بەشێك لە یەكێتی ئێستا بۆیە بێدەنگن پێیانخۆشە ئەم كێشەیە هەیە چونكە لەلایەك رقیان لە مەلا بەختیارە و لەلایەك لە گۆڕان و دەڵێن با شەڕەكە ئەوان بیكەن، دەنا ئەمە لێدانە لە ئەوانیش".

هاوكات باس لەو رووداوەش دەكات كە مەلابەختیار لە كتێبەكەیدا تەنها بە پیت ناوی كارەكتەرەكانی هێناوە لەبارەی بەنداوی دەربەندیخان و دەڵێت: " مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا بە ناجەریئی ناوی كاك نەوشیروان و مەسعود بارزانی دەهێنێت، بەكارهێنانی دەستەواژەی (ن م) مەبەستی نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانییە، بەوپێیەی بارزانی ئەوكاتە لە ناوخۆ بەرپرسی بەرەی كوردستانی بووە، ئەو كەسەی كە بروسكەكەی هێناوە كاتی خۆی بۆ كاك نەوشیروان، لەم ماوەیەدا دۆكۆمێنتەكان بڵاودەكاتەوە كە كاك نەوشیروان داوای لێكردووە بروسكەكە ببات بۆ مەسعود بارزانی".