ڕاپۆرتی کوردستانی

02:14 - 23/09/2020

ئه‌و دیله‌ى سه‌دام به‌ شه‌ش هه‌زار دیل گۆڕییه‌وه‌‌

پەیسەر

له‌ ١٧ى٩ى ١٩٨٠ كاتێك هه‌ردوو وڵاتى ئێران و عێراق، شمشێریان ده‌ساوى بۆ شه‌ڕ، فڕۆكه‌یه‌كى سه‌ربازیى ئێرانى جۆرى تراز F-5 ئاسمانى عێراقى به‌زاندوو له‌ ئاسمانى به‌غداى پایته‌خت، به‌ ده‌ستى رائیدێك به‌ناوى كه‌مال عه‌بدولستار به‌رزنجى له‌ باشورى به‌غدا، فڕۆكه‌كه‌ى خرایه‌ خواره‌وه‌ فڕۆكه‌وانه‌كه‌ش قۆڵبه‌ست كرا، ئه‌وه‌ حسین عه‌لى ره‌زا له‌شكریى بوو، ئه‌و پیاوه‌ى ١٨ساڵ ئێران هه‌وڵى رزگاركردنى داو له‌ كۆتاییدا به‌رامبه‌ر ئازادكردنى شه‌ش هه‌زار دیل رزگارى كرد. 

له‌شكریى یه‌كه‌م دیلى شه‌ڕى هه‌شت ساڵه‌ى ئێران-عێراق بوو له‌لایه‌ن سوپاى عێراقه‌وه‌ ده‌ستگیركرا، سه‌دام ١٨ساڵ ئه‌م پیاوه‌ى وه‌ك به‌ڵگه‌ هێشته‌وه‌ و گوتى، ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌و با جیهان بزانێت، ئێران ده‌ستپێشخه‌ریى شه‌ڕى كردووه‌ نه‌ك عێراق، بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئاڵوگۆڕى هه‌زاران دیل له‌ماوه‌ى ١٠ ساڵدا به‌ڵام سه‌دام ئاماده‌نه‌بوو له‌شكریى بخاته‌ لیستى ئاڵوگۆڕه‌كانه‌وه‌. 

له‌ ١٩ى ٩ واته‌ دوو رۆژ دواتر، لایه‌نى ئێرانیى به‌ فه‌رمى دانى نا به‌ به‌كارهێنانى هێزى ئاسمانیى وڵاته‌كه‌ى، هاوكات بۆردومانى چه‌ند شوێنێكى عێراقیى كرد، لە ٢٢ی ٩ عێراق به‌فه‌رمى و به‌هێز وه‌ڵامى ئێرانى دایه‌وه‌ و شه‌ڕ ده‌ستپێكرد، ئه‌و شه‌ڕه‌ى له‌ عه‌لى ره‌زا له‌شكرییه‌وه‌ قڵیشایه‌وه‌، هه‌شت ساڵى ته‌واوى خایه‌ند و سه‌دان هه‌زار كه‌س تێیدا مردن. 

له‌شكریى كێیه‌؟
  

ئه‌و پیاوه‌ى ئێران ١٨ساڵ عه‌وداڵى ئازادكردنیى بوو ئه‌فسه‌رێكى چالاكى هه‌واڵگریى ئێرانى بووه‌، دواى ئازادكردنى راسته‌وخۆ خامنه‌یى پله‌كه‌ى بۆ لیوا به‌رزكرده‌وه‌و رێزى لێنا.

حسێن عه‌لى ره‌زا له‌شكرى له‌ ساڵى ١٩٥٢له‌ قه‌وزێن له‌دایك بووه‌، له‌ ساڵى ١٩٧٧ كۆلێژى سه‌ربازیى ئاسمانیى ته‌واوكردووه‌ به‌ پله‌ى ملازمى دوو له‌ كرده‌یه‌كى سه‌ربازیى ئاسمانیدا پێنج رۆژ پێش ئه‌وه‌ى شه‌ڕى ئێران-عێراق به‌فه‌رمى ده‌ستپێبكات، فڕۆكه‌كه‌ى پێكراو له‌ ئاسمانى عێراقه‌وه‌ كه‌وته‌ سه‌رزه‌وى وڵاته‌كه‌، بۆ ماوه‌ى ١٨ ساڵ له‌ زیندانه‌كانیدا مایه‌وه‌. 

ئێرانییه‌كان له‌شكرییان ناونا "گه‌وره‌ى دیله‌كان"، له‌ ساڵى ١٩٨٨پرۆسه‌ى ئاڵوگۆڕى دیله‌كان ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام عێراق پارێزگارى له‌ له‌شكریى كرد، عێراق هیچ كام له‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ى سه‌لیبى ئه‌حمه‌رى په‌سه‌ند نه‌كرد بۆ ئازادكردنى، ماوه‌ى ١٠ساڵ له‌ زیندانى تاكه‌كه‌سیدا هێشتییه‌وه‌، به‌ دابڕاوى له‌ دیله‌كانى دیكه‌.  

عێراق به‌چه‌ند جۆرێك سوودى له‌ مانه‌وه‌ى له‌شكریى بینى، یه‌كه‌م، فشارى له‌سه‌ر ئێران دروستكرد تا زۆرترین دیل به‌رامبه‌ر ئازادكردنى له‌شكرى ئازاد بكات، هه‌رواش بوو به‌رامبه‌ر شه‌ش هه‌زار كه‌س ئازادى كرد، دووه‌میش ئه‌مه‌ش شاهێدییه‌كى مێژوویى بوو ئه‌وه‌ى ده‌سه‌لماند كه‌ ئێران ده‌ستپێشخه‌رى كردووه‌ بۆ شه‌ڕ عێراق پێنج رۆژ دواتر و له‌ ٢٢ى ٩ شه‌ڕى ده‌ستپێكرد.

چۆن ئازادكرا؟
 
فه‌همى  قه‌یسى، به‌رپرسى ئه‌وكاتى لیژنه‌ى ئاڵوگۆڕى دیله‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێكى كه‌ناڵى ئار تى روسى ده‌ڵێت، راسته‌ له‌شكرى به‌رامبه‌ر ئازادكردنى شه‌ش هه‌زار دیل درایه‌وه‌ له‌ ئێران.

قه‌یسى باس له‌وه‌ده‌كات، ساڵى ١٩٩٧ كۆنگره‌ى حیهانى ئیسلامى به‌ڕێوه‌چوو سه‌رۆكى شاندى عێراق ته‌ها یاسین ره‌مه‌زان بوو شاندى عێراقیش ئه‌حمه‌د خاته‌مى سه‌رپه‌رشتى ده‌كرد، خاته‌مى ده‌ستپێشخه‌رى كردووه‌و به‌ شاندى عێراقى گوتووه‌، ئاماده‌ن بۆ هه‌ماهه‌نگى و ئاسانكارى له‌ گۆڕینه‌وه‌ى دیله‌كان. له‌سه‌ر دروستكردنى پێنج لیژنه‌ رێككه‌وتن تایبه‌ت به‌ مه‌له‌فى مرۆیى.
  
شاندى ئێرانیى جارێكى دیكه‌ داواى له‌شكرییان كردووه‌،(یه‌كه‌م دیلى ئێران له‌ عێراق) لێكتێگه‌یشتن كرا له‌و كۆنگره‌ له‌ كۆتاییدا به‌رامبه‌ر شه‌ش هه‌زار كه‌س گۆڕدرایه‌وه‌، له‌كاتێكدا بڕیارى له‌ سێداره‌دانى درابوو، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تى به‌عس گه‌یشته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى له‌سێداره‌دانى له‌شكرى هیچ سوودێكى نییه‌.

ساڵى ١٩٩٨ دواى راگرتنى شه‌ڕه‌كه‌ به‌ ١٠ ساڵ له‌شكریى له‌سه‌ر سنوور گۆڕدرایه‌وه‌و تیمێكى سه‌ربازى به‌ ئاڵاى عێراقه‌وه‌، تا دوایین خاڵى سنوورى ره‌وانه‌یان كرده‌وه‌.

ئێران به‌ مه‌راسیمێكى گه‌وره‌ پێشوازى له‌ له‌شكرى كرد و گه‌وره‌ به‌رپرسانى وڵاته‌كه‌ گوڵى پێشوازییان پێشكه‌شكرد، عه‌لى خامنه‌یى پێشوازى لێكرد و راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى پله‌كه‌ى بۆ لیوا به‌رزكرده‌وه‌. 

له‌شكرى ساڵى ٢٠٠٩  له‌زێدى له‌دایكبوونى له‌ قه‌زوێن كۆچى دواییكرد، ئێران گرنگییه‌كى تایبه‌تى به‌ مه‌راسیمى مردنه‌كه‌ى دا.