02:03 - 21/09/2020
هەنگاوێكی چاكسازی بە نیوە ناچڵی جێبەجێ دەكرێت
حكومەتی هەرێم نەیتوانی ئاڵوگۆڕی دۆلاری نەوت لەیەك بانك وەربگرێتەوە و بیكاتە زیادكردنی ئاشكرا، پەیسەرپرێس لەم راپۆرتەدا سودەكانی وەرگرتنەوەی ئاڵوگۆڕی داهاتی نەوت لەدۆلارەوە بۆ دینار دەخاتە ڕوو.
وەزارەتی دارایی: فرۆشتنی دۆلار بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا دەبێت
رۆژی شەممە و لەكاتی پشووی فەرمیدا وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند " لەسەر راسپاردەی بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمەودوا گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار لەلایەن وەزارەتەوە بەشێوەی فرۆشتنی ئاشكرا دەبێت، بۆئەو مەبەستە گروپێكی ئەلیكترۆنی كارا كراوە كە سەرجەم بانكە یٔەهلیەكان و كۆمپانیاكان و نوسینگەكان كە مۆڵەتی فەرمیان هەیە بۆ گۆرینەوەی دراو، دەتوانن بەژداربن لەو پرۆسەی كڕینی ئاشكرایەدا بۆ گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار، ئەمەش لە پێناو نەهێشتنی قۆرخكاری و هەلی وەك یەك بۆ هەموان و زیادكردنی داهاتی گشتی"
گۆڕینەوە دۆلار داهاتی نەوت ناگرێتەوە
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لەپێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی "گۆڕینەوەی داهاتی دۆلار بۆ دینار بەشێوەی كێبركێ داهاتی نەوت ناگرێتەوەو قازانجی گەورەی بانكێكی ئەهلی بەردەوامە ماوەی چەندین ساڵە گۆڕینەوەی پارەی نەوت لە دۆلار بۆ دینار دەدرێت بەیەك بانك"
بەشیكردنەوەی نوسینی ئەو پەرلەمانتارە ، قۆرغكاری لەگۆڕینەوەی دۆلار بەدینار بەردەوام دەبێت، و حكومەتیش سودێكی ئەو تۆ ناكات بەوپێیەی زۆرینەی دۆلاری حكومەتی هەرێم لە نەوتەوە دەست دەخرێت، تائێستاش وەزارەتی دارایی و ئابوری بێدەنگە و ئەوەی ئاشكرا نەكردووە كە ئایە ئاڵوگۆڕی دۆلار بە دینار داهاتی نەوت دەگرێتەوە یان نا؟ وە ئەگەر نایگرێتەوە هۆكارەكەی چیە؟ و بەرنامەی وەزارەت چیە بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی داهاتی نەوتیش لەرێگەی زیادكردنی ئاشكراوە لە دۆلارەوە بگۆڕدرێتەوە بە دینار.
داهاتی نەوتی هەرێم لە ژێر دەستی بانكێكی ئەهلیدا
لەدوای گواستنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە بانكی حكومیەوە بۆ بانكی ئەهلی و بەدیاریكراویش بانكی كوردستان كە بەنزیك لە بەرپرسێكی باڵای هەرێم دادەنرێت، ئەو بانكە قۆرغی گۆڕینەوەی دۆلاری نەوتی هەرێمی كردبوو، نرخی دۆلار لە بازار بەهەر چەندێك بوایە، ئەوە بانكەكە بە 117 هەزار دینار 100 دۆلاری بۆ حكومەتی هەرێم دەگۆڕیەوە، بەوەش داهاتی بانكەكە تەنها لە ئاڵوگۆڕی دراو مانگانە نزیكەی 23 ملیۆن دۆلار بوو.
كابینەی نوێ و داهاتی نەوت
چەند مانگێكی كەم دوای پێكهێنانی كابینەی حكومەت داهاتی نەوتی كوردستان لە بانكی كوردستانەوە گوازرایەوە بۆ ئاڕتی بانك، لەسەرەتادا بەهەمان شێوە ئەم بانكە 100 دۆلاری بە 117 هەزار دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەگۆڕیەوە، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت " پێشتر مانگانە حكومەت 300 ملیۆن دۆلاری دەگۆڕییەوە، هەندێك مانگ قازانجی ئەم بانكانە لەڕابردودا27ملیار دینار بوە بەوپێیەی 100 دۆلاریان بە 117 هەزار دینار وەردەگرتوبە127 هەزار دیناردەیانفرۆشت) ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت " لەم دوایەدا قازنجی مانگانەی ئەو بانكانە دابەزی بۆ 9ملیاردینارهەر 100 دۆلارێكیان بە ( 120هەزاروەردەگرت و بە123هەزاردەیانفرۆشت).
حكومەت لە گەڕاندنەوەی 9 ملیار دینار شكستی هێنا
بەپێی نوسینەكەی عەلی حەمەساڵح بێت مانگانە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئەو بانكەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەگەریشبانكەكە هەر 100 دۆلارێك بە 120 هەزار وەربگرێت و بە 123 بیفرۆشێتەوە ئەوە داهاتی بانكەكە لەو ئاڵوگۆڕە مانگانە نۆ ملیارە و لە ساڵێكدا دەكاتە 108 ملیار دینار.
داهاتی ئاڕتی بانك لە نەوتی هەرێم لەوە زیاترە
سەرچاوەیەكی ئاگادار بەپەیسەرپرێسی راگەیاند داهاتی ئاڕتی بانك لەنەوتی هەرێم زۆر لەوە زیاترە، بەوپێیەی مانگانە 320 ملیار دینار لە داهاتی نەوتی هەرێم لەرێگەی ئەو بانكەوە ئاڵوگۆڕی پێكراوە و تەنها لەگۆڕینەوەی دراو بانكەكە مانگانە 9ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری دەست كەوتووە، بەبێ ئەوەی بانكەكە لەبەرامبەر هەڵگرتنی پارەی نەوتی هەرێم مانگانە نزیكەی 8 ملیۆن دۆلاری تری وەرگرتووە.
قۆرغكاری و كاریگەری لەسەر بازاڕ
بەڕای شارەزایانی ئابوری پێدانی گۆڕینەوەی دۆلاری نەوت بەتەنها یەك بانك جگە لەوەی زیان بە داهاتی گشتی دەگەیەنێت و حكومەتی هەرێم بەهۆیەوە مانگانە نزیكەی 10 ملیار دیناری لەدەست دەچێت، سەرباری ئەوەش جوڵەی دراو لە هەرێم سنوردار دەكات و رێگریش دەكات لەوەی بانكەكانی تر و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو بەئاسانی دەستیان بگات بە دۆلار كە بەدراوی قورس دادەنرێت لەجیهاندا، بە نەهێشتنی ئەم قۆرغكاریە جوڵەی دراو لەهەرێم خێراتر دەبێت و كۆمپانیا و بانكەكانی تریش سود مەند دەبن.
عێراق چۆن دۆلار بە دینار دەگۆڕێتەوە
بانكی ناوەندی عێراق رۆژانە دۆلاری نەوت دەگۆڕێتەوە بەدیناری عێراقی و بۆ ئەمەش چەندین بانكی جیاجیا و كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراو بەشداری دەكەن، و 1190 دینار بۆ هەر دۆلارێك دیاریكراوە، لەرێگەی ئەم هەنگاوەی بانكی ناوەندیەوە تا ڕایەكی باش سەقامگیری نرخی دیناری عێراقی كراوە لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكی و دراوەكانی تر و رێگری لە دابەزینی نرخی دیناری عێراقی دەكات.