12:03 - 20/09/2020
ئیبراهیم جەلال: مەلا بەختیار بۆیە ئێستا ئەم قسانە دەكات تا سەنگەر بگوازێتەوە
ئیبراهیم جەلال، نوسەری كتێبی چەپكێك لە مێژووی كۆمەڵە و ئەو كەسەی كە لێكۆڵینەوەی لە مەلابەختیار كردووە لە زیندان و دەنگەكەی تۆماركردووە، چەندین نهێنی باس دەكات و تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە ئەمەی ئێستا مەلا بەختیار دەیكات یان بۆ سەنگەر گواستنەوەیەتی یان بۆ لێدانی سەنگەرێكی نوێیە.
هاوكات باس لەوە دەكات كە ئامانجی قسەكانی لە ئێستادا رەشكردنی مێژووی شۆڕش و یەكێتییە و كۆمێنتەكانی خەڵك بخوێنیتەوە تێدەگەیت كە مەلابەختیار یان دەبێت سەری خۆی هەڵبگرێت، یان تا چەند ساڵێكی تر ئەو كۆمێنتانە وەك جنۆكە بەدەوری سەریدا دەخولێنەوە.
ئیبراهیم جەلال لە دیدارێكی میدیایدا دەڵێت، كتێبی لەبری بیرەوەری، دەبوو ناوی دوا ژەهری مەلابەختیار لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوایە.
لە سەرەتای دەستپێكردنی كتێبەكەی تا كۆتایی رەشكردنی مێژووی یەكێتی و كۆمەڵە و شۆڕشی نوێیە هەتا ئەو ساتەی كە كتێبەكەی تێدا دەرچووە، لەبەردەمی نەوەیەكدا كە نە تەمەن دەرفەتی داون بەشداری شۆڕش بكەن و نە ئاگاداربوون لە رێكخستنەكانی كۆمەڵە و یەكێتی و بە مەبەست دەیەوێت رەشبینی لەناو گەنجاندا بڵاوبكاتەوە.
رەشكردنی مێژووی شۆڕش و كۆمەڵە و یەكێتی لە بەردەمی خەڵكی كوردستاندا بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی ئەو تاوانانەی كە كردبووی و سزای خۆی پێ وەرگرت كە سزاكەی زۆر كەم بوو بەرامبەر قەبارەی تاوانەكانی.
لە درێژەی قسەكانیدا ئیبراهیم جەلال دەڵێت، لە چاوپێكەوتنە تەلەفزیۆنییەكەیدا مەلا بەختیار دەڵێت كە ئەم كتێبەی لەبری بیرەوەرییەكانی نوسیوە چونكە رەنگە بكوژرێت و فریای نوسینەوەی بیرەوەرییەكانی نەكەوێت، بەڵام من پێم وایە ناكوژرێت و رەنگە تەنگەتاو بكرێت، رەنگە باری دەرونی زۆر خراپ ببێت لەمەودوا و دەیەوێت ئەمە وەك بەڵگە بە دەستیەوە بێت تا بەجێیبهێڵێت، ئیتر یان دەچێتە سەنگەرێكی ترەوە، یان سەنگەرێكی تازە بۆخۆی هەڵدەكەنێت.
هەر ئەوەندە لە هەگبەكەیدا بووە و دەستیشی نەپاراستووە، 5 كتێبی هێناوەتە ناو باسەكەیەوە كە دوانیان كتێبی كاك نەوشیروان و یەكێكیان كتێبی دیداری تەمەن و یەكێكیشیان كتێبەكەی بەندە لەگەڵ كتێبەكەی فەرەیدون عەبدولقادر، دیارە دەستی لە كەس نەپاراستووە لە كتێبەكەی كاك فەرەیدون نەبێت ئەویش چونكە خودی كاك فەرەیدون خۆی لە هەندێك شت پاراستووە لەلایەك و لەلایەكی دیكەشەوە كەسی سێیەمی یەكێتی بووە دوای مام جەلال و كاك نەوشیروان، هەربۆیە دەستی لە فەرەیدون عەبدولقادر پاراستووە، دەنا دەستی لە كەس نەپاراستووە و ئەوەی پێیبووە هەڵی رشتووە.
لەبارەی تۆمەتباركردنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕان بە عەقڵیەتی عەسكەرتاریەت، ئیبراهیم جەلال دەڵێت ئەگەر باس بێتە سەر عەقڵیەتی عەسكەرتاریەت، دەبێت لە خودی مەلا بەختیارەوە دەستپێبكرێت كاتێك لە "كانی ژەنان" لەگەڵ وەفدێكی "پارتی" دانیشت و خیانەتی لێكردن و دەعوەت بوون لەلای ئەوان بەڵام بە پیلانی تر كەوتنە تەقەكردن لێیان و كوشتنیان، ئەمەیە عەقڵیەتی عەسكەرتاریەت كە تۆ بچی بۆ مفاوەزات لەگەڵ وەفدێكدا و لەوێ پیلانی كوشتنیان بگێڕی.
یاخود وەك محەمەد حاجی مەحمود لە بەشی سێیەمی كتێبەكەیدا دەڵێت، لەگەڵ مەلا بەختیار بووین لەبەر خاتری سەیارەیەك 36 كەسی بە كوشت داوە، ئەمە عەقڵَیەتی عەسكەرتاریەتە، ئەوە جگە لەوەی كە مەلا بەختیار خۆی بەرپرسی یەكێك لە مەڵبەندەكانی یەكێتی بووە كە مەڵبەند دوای مەكتەبی سیاسی یەكێك بووە لە دەزگا دەسەڵاتدارەكانی یەكێتی و ئەگەر عەقڵیەتە عەسكەرتاریەت بوبێت كەواتە خۆی لە مەڵبەندەكەی خۆی بەو عەقڵیەتە عەسكەرتاریەتە كاری كردووە.
لەبارەی خیانەتی مەلا بەختیار و هەوڵدان بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیش دژی شۆڕش ئیبراهیم جەلال دەڵێت، گەورەترین تاوان ئەوەیە لەكاتێكدا تۆ لە شۆڕشی بەرەنگاریدایت و دیفاع لە گەلەكەی خۆت دەكەیت بەرامبەر دیكتاتۆرترین رژێم، ئەو هاتووە لەوكاتەدا دەیەوێت هێزی پێشمەرگە شەق و پەرت بكات كە هەرخۆی باش دەزانێت بەپێی دیسپلینی حزبی هەركەسێك (خەتمائیل) بێت و لەناو دوو تەنزیمدا كاربكات ئەو كەسە خیانەتی كردووە.
لە بەشێكی دیكەشیدا دەڵێت دوو پەرپرسی باڵای نزیكی خۆی ناردە راژان، تا لیبیا و سوریا كە هاوكاری شۆڕشەكەی ئێمە بوون وا تێبگەیەنن كە ئێمە هاوكاری بەعسین تا هاوكارییەكانی شۆڕش ببڕن.
لەبارەی دیداری زیندان لەگەڵ مەلابەختیار و دانپێدانان و پاكانە نوسین و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا ئیبراهیم جەلال دەڵێت، كە چوومە زیندانەكەی پێموت پلینیۆم بڕیاریداوە گوللەباران بكرێن، هەموو جوابەكەی ئەوەبوو كە هەردوو دەستی گرت بە سەریەوە و هەستایە سەرپێ و وتی (واتا زیلان بێ باوك دەبێت)، منیش وتم بەڵێ.
لەبارەی دەقی لێكۆڵینەوە و گفتوگۆكەی زیندانیش ئیبراهیم جەلال بەمشێوەیە دەیگێڕێتەوە:-
مەلا بەختیار: تەسجیلت هێناوە؟
ئیبراهیم جەلال: بەڵێ هێناومە.
مەلا بەختیار: ئەی وەرەقە و قەڵەمت پێیە؟
ئیبراهیم جەلال: بەڵێ ئەویشم هێناوە، ئەوە وەرەقە و قەڵەم بنوسە و ئەوەش تەسجیلەكە فەرموو قسە بكە.
بە وتەی ئیبراهیم جەلال ئەوەی كە مەلابەختیار لە پاكانەكەیدا نوسیویەتی و ئێستا خەڵك بڵاوی دەكاتەوە، بە دەنگی خۆشی تۆماری كردووە، هەر بەوەشەوە نەوەستا دەستیپێكرد بەوەی كە ئیعتراق لەسەر هەموو ئەندامانی ئاش بكات رێكخستنەكانیان لە شارەكاندا، دەستیم گرت و وتم ناوی كەسمان بۆ مەنوسە پێویستمان نییە ئێمە تەنها دەمانەوێت تاوانكارییەكانی خۆتان دان پێدا بنێن كە كردوتانە.
پێشم وت بەس نەبوو نەكەوتیتە دەستی بەعس و وەك برادەرەكانی تر ببرێت بۆ بەغدا بۆ سجن، خۆ كۆمەڵە و یەكێتیت هەڵدەوەشان.
بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە و پەلاماردانی خودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لەلایەن مەلا بەختیارەوە لە ئێستاشدا ئیبراهیم جەلال دەڵێت، نزمترین ئاستی مۆراڵی ئینسان لەرووی ئینسانی و لەرووی سیاسییەوە ئەوەیە كە لەدوای مردنی قسە لەسەر خەڵك بكرێت.
بێ جورئەتترین كەسیش ئەو كەسەیە كە لەدوای مردن باسی كەسێك بكات، بەڵام ئەوەندەی من كاك نەوشیروانم ناسیبێت ئەگەر ئێستا لە ژیاندا بوایە تەنانەت یەك دێڕیشی لەسەر مەلا بەختیار نەدەنوسی چونكە حسابی هیچ بۆ نەدەكرد.
هاوكات لەو دیدارەدا كە راگەیاندنەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵیدا سازیان كردووە، ئیبراهیم جەلال پەیامێك ئاراستەی مەلا بەختیار دەكات و دەڵێت ئەگەر كەمێك رەواجی مابێت با بێدەنگ بێت و ئەم وڵاتە جێبهێڵێت و خۆی دوور بخاتەوە ئەگینا تا چەند ساڵی تریش كۆمێنتەكانی خەڵك وەك جنۆكە بەدەوری سەریدا دەسوڕێنەوە.
هەروەك داواش لە جیلی دوای راپەڕین دەكات كۆمێنتی ئەو كەسانە بخوێننەوە كە لە شۆڕشدا بەشدار بوون، تا ببینن چی بەو مێژووە رەشە دەڵێن كە دەرچووە لەم رۆژانەدا، چونكە من 5 تا 6 هەزار كۆمێنتم خوێندووەتەوە، بە عەدەدر ژماردوومە 110 كەس یان دەستخۆشییان لێكردووە یان پشتیوانییان كردووە یان بە جۆرێك لە جۆرەكان دڵنەواییان كردووە، بەڵام زیاتر لە 6 هەزار كەس یان حەقائیقیان نوسیوەتەوە، یان قسەی ناشرینیان پێوتووە یان گلەییان لێكردووە كە نەدەبوو ئەوە بكات.