ڕاپۆرتی کوردستانی

10:50 - 20/09/2020

سەركانی: نەوشیروان مستەفا موڵكی كەس نییە و میللەتێك خاوەنیەتی‌

پەیسەر

خەلیل سەركانی پێشمەرگەی دێرین و كەسایەتی نێو بەشێك لەو مێژووەی كە مەلا بەختیار لە كتێبەكەیدا –لەبری بیرەوەری –باسی دەكات. لە چاوپێكەوتنێكدا تیشك دەخاتەسەر هەندێك لایەنی مێژوویی بزووتنەوەی چەكدراریی لە باشووری كوردستان و ڕاستكردنەوە بۆ هەندێك لەو هەڵانە دەكات كە لەم رۆژانەدا ئاڕاستەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەكرێـت، بەتایبەتی لەڕێگەی كتێب چاوپێكەوتنێكی مەلا بەختیار بەناوی –لەبری بیرەوەریی-.

سەركانی باس لەوە دەكات شێواندنی مێژووی چەكداریی ماڵ نیە لەسەر كەس و خراپەكەشی بەرتەنها یەك كەس ناكەوێـت، جاری وابووە بەهۆی هەڵەی پێشمەرگەیەكەوە شەڕی ناوخۆبووەو سەركردایەتی هەردوولاش ئاگادار نەبوون.

نیشاندانی ئەو مێژووە دوورو درێژەو نیشاندانی بەم نەوە نوێیەی ئەم سەردەمە كە هەرچی بەشداریی كردووە پیاوكوژو خراپەكارو تاوانبار بووە ڕاست نیە، یان سەرجەم هەڵەكان بخەیتە ئەستۆی یەكێك ئەوەش هەڵەیە.

خەلیل سەركانی فەرماندەی دێرینی شۆڕشی باشووری كوردستان لە درێژەی چاوپێكەوتنەكەیدا باس لەوە دەكات كە لە 50 ساڵ خەباتی مێژووی نەوشیروان مستەفادا خەڵكانی زۆر هەبوون دەیانویست كەسایەتی و مێژووی ئەو پیاوە بشێوێنن، بەڵام نەك لە كەسایەتی ئەو كەم نەبوویەوە بەڵكو پێی گەورە بوو، نەوشیروان مستەفا نە موڵكی بنەماڵەكەیەتی و نەموڵكی حیزب و كەسانێكی دیاریكراوە، ئەو میللەتێك خاوەنیەتی، بۆیە ئەوانەی كە ئێستا لەسەرۆ هاتووەنەتە دەنگ ئەوانەن كەلەدەرەوەی خێزانەكەی و گۆڕانیشەوەن.

سەركانی باس لەوەش دەكات كە چەندین وێستگەی گەورە هەن لە ژیانی نەوشیروان مستەفادا كە ئەوی كردووەتە موڵكی گشتی لەوانەش، هەستانەوەی نائومێدی پێش ڕاپەڕین، ئەو داڕێژەری ڕاپەڕین بوو، لە كۆڕەوە مەزنەكەدا،  لە نوسینەوەی دەستووردا، بەرگریی لە كورد كردووە نەك حیزبەكەی –كە ئەو كات یەكێتی بووە-.

ئەوانەی كە باس لە شەڕی ناوخۆی باشووری كوردستان دەكەن و پێیان وایە نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی هەبووە بەهەڵەدا چوون، وەك سەركانی باسی دەكات ، لە كاتی جیابوونەوەی ساڵی 1964 و باڵی مەلا مستەفاو برایم ئەحمەد –خوا لە هەردوكیان خۆش بێـت- كاك نەوشیراون سەرقاڵی رۆژنامەنووسی بووە، بەرپرسی یەك پێشمەرگەش نەبووە، بە چ حوكمێك دەكرێتە ملی ئەو پیاوە، كاتێك برایم عەزۆو برادەرەكانی شەهید دەبن كاك نەوشیروان لە نەمسابووە و نەگەڕاوەتەوە، قۆناغی سێیەمیش كوڕی حەسۆمیرخان و برایم عەزۆ دێتە پێشەوە لە ناوچەی قەڵادزێ، كاك نەوشیروان لە لەندەن بووە.

وەك خەلیل سەركانی باسی دەكات ئەو هەڵگیرسێنەر نەبووە، بەڵام ئەوەندە تاوانی هەبووبێـت و پریشكی بەركەوتبێـت لەبەر ئەوەبووە كە سەركردە بووە. بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت بیكاتە ملی كاك نەوشیراون .

فەرماندە دێرینەكەی شۆڕش دەڵێت: بەداخەوە دەست و پەنجەی كاك بەختیار ئێستاش بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێـت، بێـتە سەر هەندێك لە وێستگە دەكرێـت هەندێك لاپەڕە هەڵبدرێتەوە، خۆ لە كانی ژەنانی لای هەڵەبجە پارتیەكانی لەناو دەعوەتدا كوشت، حەمە ئاوات لەو ڕووداوەدا بریندار بوو، تا مرد بە ئازاری قاچیەوە سەری نایەوە، ئەوەندە سەر خرایە سەر جەمالی عەلی باپیر تا شێركۆی شێخ عەلی تیا كوژرا.

ئەو سەركردەیە باس ساڵی 1982 وەبیر مەلا بەختیار دەهێنێـتەوەو دەڵێت: لەشەڕی ناوخۆدا لە شارباژێڕ ئەو هەموو خەڵكەمان لەیەك كوشت كاك بەختیار تۆ سەركردەمان بووی، لە راستیشدا شتێك نەبووە كاك بەختیاری تیا نەبووبێت.

كە باس لە كوشتنی شەهید ئارام  دەكات، دەڵێت ئەو جاشانەی كە كاك ئارامیان شەهید كردبوو نەیانزانیبوو ئەوە، كاتێك هەویەكەیان هێناوەتەوە بۆ سلێمانی ئەمنەكان پییان گووتووە ئەوەی ئارامە.

لەبارەی دیل كوشتنەوە سەركانی باس لەوە دەكات، ئەڵێ من لە 1984 ەوە لەگەڵیدا بووم، نەمبیستووە دیل كوشتنی باس كردبێـت، ئەسڵەن دیل كوشتنی بەلاوە تاوان وقەدەغە بووە.

لەبارەی مەلا بەختیاروئاڵای شۆڕشەوە دەڵێت مەلا بەختیار هەر لەسەرەتاوە تەكەتولی هێناوەتە ناو شۆڕش ، وەك دومەڵێك بووە لەناو دڵی یەكێـتی نیشتیمانی كوردستاندا،ژمارەیەكی زۆر پێشمەرگەو سەركردە لە داخا خۆیان تەسلیمكردەوەو بوون بەجاش و بەداخەوە ژمارەیەكیشیان كوژران. 

مەلا بەختیار دەیان و سەدان كەسی لە شۆڕش و یەكێتی ساردكردووەتەوەو تەسلیم بوونەتەوە بە بەعس، ئەوە لە كاتێكدا كە بەعس كیمیاویی بەسەردا دەكردین گوندو دێهاتەكانی دەڕوخاندین، ئەو بووە هۆی ئەوەی ئەوان دڵێان لە شۆڕش ساردبێـتەوە و بچنەوە نو بەعس وببنە جاش. ئەوان لە هەرگوندێك بارەگایەكی دادەنا كاری بۆ ئەوە دەكرد كە خەڵك سارد بكاتەوەو یەكێتی ناشیرین بكات.

سەركانی باس لەوە دەكات كە مەلا بەختیار حیقدی هەیە، بەرامبەر كۆمەڵێك كەس كە بەداخەوە وایە. بە حەیاتی سەردەمی زیندانەكەی و سەردەمی یاخسەمەری لەبیرناچێت.

خەلیل سەركانی باس لەوەش دەكات ، كەلەم چەند رۆژەدا چەند سەركردەیەكی یەكێتی دیوەو لەبارەی ڕێكەوتنی دەباشانەوە پرسیاری لێكردوون بۆچی ئەو ڕێككەوتنە باشە جێبەجێ ناكەن لەگەڵ گۆڕان، وەك سەركانی باسی دەكات پێیان گوتووە وەڵاهی هەموو خەتای مەلابەختیارەو ئەو ناهێڵێت جێبەجێ بكرێـت.

لەبارەی ئەوانەی كە لە پشتی مەلا بەختیارەوەن سەركانی دەڵێت: من نامەوێ بچمە ناو وردەكاریی، بەڵام سەركردایەتی یەكێـتی دەزانێت كاك مەلابەختیار ملیۆنە دۆلاری لە كێ وەرگرتووە.

خەلیل سەركانی باس لەوە دەكات كە مەلا بەختیار پێگەو مەكانی نەماوە، شتێكی نەماوەتەوە ئەویش ئەوەیە شەڕی سكرتێری كردو بۆی نەبوو، شەڕی سەرۆك كۆماری كردو بۆی نەبوو، ئەوەی كە ماوەتەوە و بەكەڵكی بێت یەك شوێنەو خۆشی باش دەزانێت چی دەڵێم، لەڕاستیشدا ئەوەشی كردووە بەس ئیعلانی نەكردووە.
خەلیل سەركانی لە كۆتایی دیدارە میدیاییەكەیدا دەڵێت بەداخەوە كە ئێستا ئێمە ئەم قسانە دەكەین ، دەبوو كاك بەختیار ئەم قسانەی پێنەكردینایە، ئەو بەڵگانە نەخرانایەتە ڕوو كە بە خەتی خۆی نوسیویەتی ئێمە خیانەتمان كردووە، خۆزگە هەرچی قسەی هەبوو لە گۆڕانی بگوتایە ، ئێمە قبوڵمان دەكرد، بەس بە كاك نەوشیروانی نەگوتایە.

سەرچاوە – میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان