03:13 - 19/09/2020
پەلامارەكانی مەلا بەختیار لە "جیڤارا و ماوتسیتۆنگ"ەوە، تا شێخ مەحمود و قازی محەمەد
"ماوتسیتۆنگ نەزان بوو"
"ڤیدڵ كاسترۆ بێ ئەزموون بوو"
"شۆڕشەكەی چێگیڤارا هەڵەبوو"
"قازی محەمەد هەڵەی سیاسی كردووە"
"شێخ مەحمود پەیوەندی ژێربەژێری هەبووە"
"مەلا مستەفا بەرەنگاری نەكرد"
"مام جەلال عێراقچییەتی دەكرد"
"ئیبراهیم ئەحمەد سەرچاوەی كێشەبوو"
"عەلی عەسكەری هۆكاری كارەسات بوو"
"شەهید ئارام نەزان بوو"
ئەمانەی سەرەوە پوختەیەكن لە تێڕوانین و گوزارشتەكانی مەلا بەختیار، ئەو كەسەی لە راستیدا نە مەلایە و نە بەختیار و ئێستا بێكارە و بە پەراوێزخراوی لە باخێكی تەجاوزدا لە ناوچەیەكی گەشتیاری داگیركراوی سلێمانی دانیشتووە و بەحسابی خۆی بیرەوەری دەنوسێتەوە، بەڵام بە خوێندنەوەیەكی سادە لە نوسینەكانی تێدەگەیت كە ئەم پیاوە نەك تەنها سەركردەكانی كورد بەڵكو سەركردە جیهانییەكانیشی پێ سەركردە نییە و نەك كوردستان بەڵكو شۆڕشەكانی چین و كوبا و كۆریاشی پێ هەڵەیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەموان هەڵەن و تەنها ئەم راستە؟، لەكاتێكدا لەو رۆژەوەی رێی لە سیاسەت كەوتووە تا هەنوكە هیچكات ژمارەی سەرەكی ناو هاوكێشەكان نەبووە لە هیچ یەكێك لەو حیزبانەی كاری تێدا كردوون و گرێی دەرونی ئەوەیە كە هەمیشە لە ریزەكانی دواوە دانراوە و تا هەنوكە ریزی پێشەوەی هیچ یەكێك لەو حیزبانەی بەخۆیەوە نەبینیوە كە ئەمبەر و ئەوبەری تێدا كردوون.
مەلا بەختیار و شۆڕشگێڕەگانی جیهان
مەلا بەختیار كە بە سروشتی خۆی قسە لەسەر هەموو شتێك دەكات و تەنانەت وەك نوكتەش دەوترێت ئەگەر لە شتێكیش نەزانێت دوو سەعاتێك هەر قسەی لەسەر دەكات، لە دیدی ئەوەوە تەنانەت سەركردە مێژووییەكانی جیهان نەزان بوون و نەیانزانیوە بارودۆخەكان باش هەڵبسەنگێنن.
بۆ نمونە لە نوسینێكدا بە ماوتسیتۆنگی رابەری چین دەڵێت، "ماوتسیتۆنگ هەتا مردنیش تەقەی نەكرد، بەڵام سەرۆكی حیزب بوو".
لەوەش زیاتر لەكاتێكدا هەموو جیهان باس لە شۆڕش و ئازایەتی چێ گیڤارای شۆڕشگێڕی جیهان دەكات، بەڵام لە دیدی مەلا بەختیارەوە چێگیڤارا پیاوێكی بێ ئەزموون بووە و دەڵێت "چیگوارا بەهۆی كەمی ئەزمون و هەڵەی دۆخی بەرپاكردنی شۆڕش لە پۆلیڤیا، بە برینداری گیرا و شەهید كرا".
هەروەك بە جۆرێك لە گاڵتەجاڕی باس لە ڤیدڵ كاسترۆی سەرۆكی پێشووی كوبا دەكات و دەڵێت: " كاسترۆ هێندە بێ ئەزمون بوو شەوێكیان لە پرخەی خەودا گیرا".
جگە لەوەش لەكاتێكدا چێگیڤارا و ڤیدڵ كاسترۆ هاوڕێ بوون و پێكەوە شۆڕشێكی مەزنی مێژوییان بەرپاكرد، دیسانەوە مەلابەختیار بە پێخاوسی كەوتووەتە رەخنەگرتن لێیان و دەڵێت "كاسترۆ و چیگوارا هیچ ئەزمونێكی عەسكەرییان نەبوو".
مەلا بەختیار و شۆڕشەكانی جیهان
مەلا بەختیار تەنها بە لۆمەكردنی پێخاوسانەی شۆڕگێرە مێژووییەكانی جیهانەوە نەوەستاوە، بەڵكو هەندێكجار بەحسابی خۆی رەخنەی لە شۆڕشەكانی جیهان كردووە و لە خەیاڵی خۆیدا تەگبیری بۆ كردوون كە ئەگەر وایان بكردایە و وایان نەكردایە باشتربوو.
بۆ نمونە لەبارەی كوبا دەبێژێت، " كوبا: ئەگەر راپەڕین دژی پاتیستای دیكتاتۆر دوای سێ ساڵ بەرپا نەكرایە، رەنگبوو شۆڕشەكەیان لەناوچوبا"، یاخود لەبارەی چینەوە دەڵێت "چین ئەگەر بەهێزترین بزوتنەوەی جوتیاران دژی چەوساندنەوەی چینایەتی نەبوایە رەنگبوو بەرگەی هێرشەكانی حكومەتی كۆمیتانگ نەگرن، خەریكیشبوو ببەزن، بەڵام بە بڕیاری رێپێوانی گەورە، خۆیان لە پێنج هێرشی سەدان هەزار سەرباز رزگاركرد، بەمەشەوە مەترسی لەسەریان هەبوو ئەگەر لە جەنگی دووەمی جیهاندا شورەوی و بەریتانیا پشتیوانییان نەكردنایە و ژاپۆن لە چەنگدا تێكنەشكایە".
مەلا بەختیار كۆریاشی لە قسەكانی خۆی بەدەرنەكردووە و هۆكاری شكان و نەشكانیان لێكدەداتەوە و دەڵێ، "كۆریا ئەگەر جەنەراڵەكانی سوپا و پشتیوانی چین و شورەوی نەبا، هەرگیز بەرامبەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیان سەرنەدەكەوتن، بەمەشەوە لە كۆریای باشوردا شكان".
مەلا بەختیار و سەركردەكانی كورد
لە مێژووی دوور و نزیكی كوردیشدا مەلا بەختیار زمانی لە هیچ سەركردەیەك نەپاراستووە و هەمووانی بە نەزان و نەشیاو و تەنانەت خیانەتكاری تۆمەتبار كردووە لە قازی محەمەد و مەلیك مەحمود و قاسملۆوە، تا مەلا مستەفای بارزانی و ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال و شەهید ئارام.
بۆ نمونە لە كتێبی "چۆن چەپێكێك لە مێژووی كۆمەڵە" كە لە بنەمادا كتێبێكە بۆ وەڵامدانەوەی كتێبی نوسەرێكی دیكە مەلا بەختیار بە شێوازی جیاواز ئەم گوزارشتانە بەرامبەر سەركردایەتی كۆن و نوێی شۆڕشی كورد لە باشور و هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستان بەكاردەهێنێت و دەبێژێت.
شێخ مەحمودی نەمر
شێخ مەحموودی نەمریشی بە پەیوەندی ژێر بەژێر تۆمەتباركردووە و پێی وایە هەڵەی كردووەو هۆكاری سەرەكی سەرنەگرتنی شۆڕشەكان خۆی بووە، نوسییەتی، "هەڵەی شێخ مەحمودی حەفید لە شۆڕشەكەیدا ئەوەبووە كە شەڕی پارتیزانی نەكردووەو لە ژێرەوە پەیوەندی بە (ئۆزدەمیری توركیا) كردووە".
پێشەوا قازی محەمەد
مەلا بەختیار پەلاماری مێژووی تاكە سەرۆكی تاكە كۆماری كورد پێشەوا قازی محەمەدیشی داوە و دەڵێت لەپاش روخانی كۆماری كوردستان هەڵەیەكی سیاسی كردوەو خۆی داوە بەدەستەوە، لەكاتێكدا دەبوو سیاسەتێكی گونجاوتری بگرتایەتە بەر.
مەلا مستەفا بارزانی
پەلامارەكانی مەلا بەختیار بەوانەشەوە ناوەستێت و دەچێتە سەر مەلا مستەفای بارزانی . مەلا بەختیار ئاماژە بە هەڵەیەكی سیاسی مەلا مستەفای بارزانی دەدات، كە پاش رێكەوتننامەی جەزائیر بەرەنگاری نەكرد و ئاشبەتاڵی راگەیاندووە، تاوانی ئەو شكستە دەخاتە ئەستۆی ئەو وپێی وایە دەبوو بەردەوام بوایە لە شۆڕش و بە ئاشبەتاڵ ڕازیی نەبوایە رۆژگار بەشێوەیەكی دیكە دەهاتە پێشەوە.
ئیبراهیم ئەحمەد
لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا مەلا بەختیار باس لە ئیبراهیم ئەحمەد دەكات و لەگەڵ مام جەلال بە سەرچاوەی كێشەكانی دەزانێت.
هەروەك شەهید عەلی عەسكەری بە سەرچاوەی كارەساتی هەكاری دەزانێت و لە خەیاڵی خۆشیدا دوای شەهیدبوونی نەسیحەتی شەهید ئارام دەكات كە نەدەبوو لە قەرەداغ بوایە.
مام جەلال
مام جەلال بە عێراقچی ناو دەبات و گومان دەخاتە سەر ئەو شۆڕشەی كە بۆ كوردی كردووە.
هەربۆیە ئێستا دەكرێت تەنها ئەو پرسیارە لە مەلا بەختیار بكرێت كە جگە لە زۆر قسەكردن بە پێخاوسی كە وەك خانەقینییەكان بە زاراوەی شیرینی خۆیان دەڵێن،
(فرەوێژی پاپەتی) و جگە لە بوختانی مێژوویی و هەوڵدان بۆ ناشرینكردنی هەموو ئەو كەسانەی كە هەر كێلی گۆڕەكانیان ئێستاش هەزاران هێندەی ئەو قورسایی و كاریگەری و شانازییان هەیە، چی دیكە لە هەگبەكەیدا بووە لەو رۆژەوەی (ماڵەوەی لە خانەقین بەجێهێشتووە) هەتا ئەمڕۆ؟